مەكگۆڕك هەوڵەكانی بۆ رازیكردنی كورد بەدواخستنی ریفراندۆم چڕدەكاتەوە

کوردستان

15/09/2017‌ 1831 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
برێت مەكگۆڕك نوێنەری سەرۆكی ئەمریكا لەهاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش هەوڵەكانی بۆ رازیكردنی كورد بەدواخستنی ریفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان چڕكردووەتەوە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی لەسەرچاوەیەكی ئاگادارەوە دراوە بەشارپرێس، برێت مەكگۆڕك رۆژی پێنج شەممە دوای كۆبوونەوەی لەگەڵ مەسعود بارزانی لەهەوڵەكانی بەردەوام بووە، بۆ ئەوەی سەركردایەتی سیاسی كورد رازی بكات بەدواخستنی ریفراندۆم.

هەر بەپێی زانیاری سەرچاوەكە، كە لەبەر هەستیاری بابەتەكە داوای كرد ناوی بڵاونەكرێتەوە، لەپەیوەندییەكاندا مەكگۆڕك جەختیكردووەتەوە، كە دەبێت سەركردایەتی سیاسی كورد رازی بن بەدواخستنی ریفراندۆمی هەرێم.

چەند رۆژێكە مەكگۆڕك هاتووەتە هەرێمی كوردستان، ئەوەش بۆ پرسی دواخستنی ریفراندۆمی هەرێم، كە بڕیارە 25 ئەم مانگە ئەنجامبدرێت، بۆ ئەوەش جێگرەوەیەكی رادەستی مەسعود بارزانی كردووە، كە پێشتر بۆ دواخستنی ریفراندۆم داوای كردبوو.

مەسعود بارزانی رۆژی پێنج شممە لەگەڵ نوێنەری سەرۆكی ئەمریكاو بەریتانیا‌و ئەڵمانیا‌و فەرەنساو نەتەوەیەكگرتووەكان لەشاری دهۆك كۆبوونەوەی ئەنجامدا، كە تێیدا پرسی دواخستنی ریفراندۆم گفتوگۆی لەبارەوە كراوە.

لەدوای كۆبوونەوەكەش راگەیەنراوێك بڵاوكرایەوەو تێیدا هاتبوو، دانیشتنەكە لەسەنتەری سەرپەرشتی ئۆپەراسیۆنی دژی داعش بەڕێوەچوو، كە لەسەرەتای شەڕی دژی داعش تەنیا پێنج كیلۆمەتر لەتیرۆریستانی داعشەوە دوور بوو. 

هەر لەراگەیەنراوەكەدا هاتووە، لەو دانیشتنەدا نوێنەرانی هاوپەیمانان باسیان لەكۆمەڵێك تەوەر كرد، لەوانەیش بابەتی ڕیفراندۆم، كە بڕیاروایە لە ٢٥ـی٩ـی٢٠١٧ بەڕێوە بچێت.

هەروەها لەراگەیەنراوەكەدا ئەوەش هاتووە، لەكۆبوونەوەكەدا شاندی میوان بەدیلێكیان لەجێگای بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆم لە ٢٥ـی٩، خستەڕوو،  لەبەرانبەردا بارزانی ئەو بەدیلەی وەرگرتوەو و پێشوازیی لەگفتوگۆی بونیادنەرانە كرد، بەڵام سەبارەت بەڕیفراندۆم‌و بەدیلی پێشنیاركراو ڕایگەیاند "ئەوە بە تەنیا بڕیاری ئەو نییەو ئەو بابەتە لەگەڵ سەركردایەتی سیاسیی كوردستان باس دەكەن‌و لەماوەیەكی نزیكدا هەڵوێستیان لەو بارەیەوە ڕادەگەیەنن".

مەسعود بارزانی‌و لایەنە سیاسییەكان لەحەوتی حوزەیرانی رابردوو بڕیاری ئەنجامدانی ریفراندۆم لە 25/9/2017دا، كە ئەمە كاردانەوەی بەدواوە هات‌و زۆربەی كاردانەكانیش دژایەتی پرۆسەكە دەكەن‌و دەیانەوێت بەرێوەنەچێت.

هـ ـ ح