لاهور شێخ جەنگی راگەیەنراوێك لەسەر دۆخی هەرێم‌و كەركوك بڵاودەكاتەوە

کوردستان

24/09/2017‌ 6667 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
نوسینگەی راگەیاندنی لاهور شێخ جەنگی، بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستن‌و زانیاری (زانیاری) هەرێمی كوردستان، راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە، كە راگەیەنراوەكە تایبەتە بەدۆخی هەرێمی كوردستان‌و شاری كەركوك.

لەراگەیەنراوەكەی نووسینگەی راگەیاندنی لاهور شێخ هاتووە، كە "جەنگی بەداخەوە ئەو سەربەخۆییەی سەدان ساڵە خەڵكی كوردستان قوربانی بۆ دەدەن، خەریكە بچووك دەكرێتەوە وەك كایەیەك بۆ پاراستنی پارتی دیموكراتی كوردستان‌و لەم چوارچێوەیەشدا، بەناوی بەرگری لەریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی، هەموو جۆرە هێرش‌و تۆمەتێك، روبەڕووی كۆمەڵانی خەڵك‌و پارتە سیاسییەكان‌و بەم دواییەش روبەڕوی یەكێتیی نشتمانیی كوردستان كراوەتەوە..".

هەروەها لەڕوونكردنەوەكەدا هاتووە "لەم دوا پەلامارەیاندا، كە بەمەبەست رێكخراوە بۆ ونكردنی راستی رووداوەكان، تەواوی یەكێتی‌و ئەندامانی ئەنجوومەنی سەركردایەتی، كادرانی پێشكەوتوو و تەنانەت كوڕی یەكەمی سكرتێری گشتی (ی.ن.ك)، هەروەها بەڕێوەبەری ئاژانس، ئەندامی ئەنجوموەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستانیشە، لەلایەن میدیاكانی پارتییەوە كراونەتە‌ ئامانجی ..".

نووسینگەكە ئەوەشی راگەیاندووە، ئەو هەواڵانە لەرێگەی میدیاكانی سەر بەپارتی بڵاودەكرێتەوە، كە كە ئامانج لێی ئەوەیە "یەكێتی‌و خەڵكی كەركوك‌و ناوچە كوردستانییەكان بۆ دۆخی شەڕی ناوخۆ رابكێشرێن بەو هیوایەی، باڵانسی هێز لەبەرەژەوەندی پارتی بگۆڕدرێت‌و هیچ هێزێكی سیاسی‌و خاوەن ئیرادە نەمێنێت، كە رێ لە سەركێشییە تاكە كەسی‌و بەرژەوەندیخوازە‌كانی مەسرورو مەسعود بارزانی بگرێت".

هەروەها رایگەیاندووە "بەهۆی زیادبوونی مەترسییەكان لەسەر كوردستانیبوونی كەركوك، لاهور شێخ جەنگی بەهەموو توانای دەزگای دژە تیرۆری تێكۆشەرەوە، رووی كردووەتە شاری كەركوك لەپێناو ئەوەی رێ بگرێت لە هەر دەست‌و پیلانێكی چەپەڵ گەر‌ بیانەوێت بەدروستكردنی ئاژاوەو دوبەرەكی‌و رەوانەكردنی تیرۆریستان بۆ ناوشاری كەركوك".

رۆژی 25ی ئەم مانگە ریفراندۆمی هەرێم ئەنجامدەدرێت، بەو هۆیەوە چەند رۆژێكە دۆخی هەرێم‌و شاری كەركوك بەرەو ئاڵۆزی چووەو دۆخەكەش بەو شێوەیە بەردەوامی هەیە، كە بەردەوام هۆشداری لەبارەیەوە دەدرێت.

هـ ـ ح