بەرپرسی مەكتەبی رێكستنی یەكێتی روونكردنەوەیەك لەسەر ریفراندۆم بڵاودەكاتەوە

کوردستان

25/09/2017‌ 1613 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
رفعەت عبدوڵڵا حەمەڕەش لێپرسراوی مەكتەبی ڕێكخستنی یەكێتی نیشتمانی كوردستان پەیامێكی لەسەر ڕیفراندۆم بڵاوكردەوە، كە تێدا سەرنجی خۆی لەسەر پڕۆسەی ڕیفراندۆم‌و هەنگاوەكانی داهاتوو بۆ دروستكردنی دەوڵەتی كوردستان خستووەتەڕوو.

رفعەت عبدوڵڵا حەمەڕەش لەڕوونكردنەوەكەدا رایگەیاند "بڕوام وانییە لەكوردستاندا تەنیا یەك هاووڵاتی هەبێت خەونی هەرەمەزنی بریتی نەبێت لەدروستبوونی دەوڵەتی كوردستان، مێژووی شۆڕشەكانمان، گلان‌و هەستانەوەكان، داستا‌و خوێنی شەهیدەكانمان، سەرلەبەریان بۆ ئازادی‌و بەدیهاتنی كیانی سەربەخۆیی كوردستان بووە، ئێمە مانانیش، كە هەموو تەمەنی خۆمان بەو پەڕی شانازییەوە لەناو ڕێبازەكەی مام جەلال‌و حیزبی شەهیداندا بۆ بەدیهاتنی ئەم خەونە مەزنە بووە".

بەرپرسی رێكخستنەكانی یەكێتی راشیگەیاندووە، بەڵام "هەمیشە بڕوامان وابووە، كە دروست بوونی دەوڵەت خوێندنەوەو لێكدانەوەی هەمەلایەنەی ناوخۆیی‌و دەرەكی وردو دروستی پێویست بووە، ئێستاش بڕیاری ئەنجامدانی ڕیفراندۆم دراوە سەرباری ئەوەی پێمان وابووە كە دەبوو باشتر سود لەهەوڵە نێودەوڵەتییەكان وەربگرین‌و هاوشانی یەكڕیزی ناوخۆی‌و نیشتمانیمان پڕۆسەیەكی وامەزن پێویستی بەشەرعییەتی نێودەوڵەتیش هەیە".

هەروەها جەختیكردووەتەوە، "ناكرێت قسەی دۆست‌و هەڕەشەی نەیارانی زلهێز لەسەر ریفراندۆم بەهەند وەرنەگیرێت‌و پەرۆشی من بۆ پاراستنی دەسكەوتەكانی ڕاپەڕین‌و خەرمانی خەباتی خەڵكی كوردستان بووە".

رفعەت عبدوڵڵا حەمەڕەش ئەوەشی راگەیاند "ئێستاش، كە بڕیاری ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لەكوردستان دراوە سەرباری تێبینی‌و سەرنجەكانم لە سەر كۆیی پڕۆسەكە، بەڵام پێویستە هەموومان ڕوبكەینە سەر سنوقەكانی دەنگ دان‌و دەنگی بەڵێی خۆمان بۆ ئەم پرسە بخەینە گەڕو هەوڵی سەرخستنی بدەین و ڕوحی بەرزی شەهیدەكانمان بەئاسمانی كوردستاندا شاد و كەس و كاریشیان ئاسودەو سەرفراز بكەین".

ئەمە لەكاتێكدایە، بڕیارە ئەمڕۆ دوو شەممە 25 ئەیلول پرۆسەی ریفراندۆمی هەرێم بەڕێوەدەچێت، كە پرۆسەكە كاردانەوەی جۆراوجۆری بەدواوە هاتووەو پرۆسەكەش بەردەوامە.

هـ ـ ح