عوسمانی حاجی مەحمود بۆ شارپرێس: دەستم لەخانەی راپەڕاندن‌و كاری حیزبایەتی كێشاوەتەوە، بەڵام بۆ ئەم هەڵبژاردنە پشتیوانی گۆڕان دەكەم

کوردستان

23/07/2018‌ 33936 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
عوسمانی حاجی مەحمود، سەركردەی دیاری بزووتنەوەی گۆڕان‌و ئەندامی خانەی راپەڕاندن رایگەیاند دەستی لەئەندامی خانەی راپەڕاندن كێشاوەتەوە، بەڵام بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان پشتگیری گۆڕان دەكات.

عوسمانی حاجی مەحمود لەچاوپێكەوتنێكی تایبەت-دا لەگەڵ شارپرێس راشیگەیاند "بەڕێز كاك نەشیراون مستەقا، سەركردە و رەمزێكی گەورەی تێكۆشان و خەباتی گەلی كوردە، سیاسەتمەدار و ڕۆشنبیر و مێژوونووس و نووسەر و تێكۆشەرێكی مەزنی سادەو خۆنەویست بوو، لەپێگەیەكی بەهێز و كاریگەرەوە هەموو ژیانی لەپێناوی سەرفرازی گەلەكەیدا تەرخان كردووە، ئەركی ئەخلاقی هەموومانە ئەو راستییانە دەربارەی بەڕێزیان لە یادنەكەین و مێژووی خەبات و پڕۆژە سیاسییەكەی  زیندو بهێڵرێتەوە".

شارپرێس: لەم ماوەیەدا، لە چەند شوێنێك هەواڵی وازهێنانی ئێوە لە بزووتنەوەی گۆڕان بڵاوبووەتەوە، راستی ئەم هەواڵە چییە و چۆنە؟

عوسمانی حاجی مەحمود: هەواڵەكە تا ئەو جێگەیە راستە، كە بەندە وازم لەخانەی ڕاپەراندنی بزووتنەوەی گۆڕان هێناوە.

شارپرێس: ئایا هۆكاری واز‌هێنانتان هەر ئەو گرفتانە بوو، كە پێشتر باس دەكران یان شتی دیكە بوون؟

عوسمانی حاجی مەحمود: باسكردنی وردەكارییەكان بەپێویست نازانم، بەڵام هۆكارەكەم لە كۆبوونەوەی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان لە ڕۆژی 10-3-2018 دا بەوردی باس كردووە، هەروەها لە نامەی دەست لەكاركێشانەوەشم كە ئاڕاستەی بەڕێز ڕێكخەری گشتی و بەڕێزان ئەندامانی جڤاتی نیشتمانم كردووە ئاماژەم بە بەشێك لە هۆكارەكان كردووە.

شارپرێس: كەواتە تا ئێستا لەبزووتنەوەی گۆڕاندا ماویت؟

عوسمانی حاجی مەحمود: دەست لەكاركێشانەوەم لەئەندامێتی خانەی ڕاپەڕاندن پێشكەش كردووە، وازم لەئەركی لێپرسراویەتی و حیزبی هێناوە.

شارپرێس: ئەم هەنگاوەتان ناكاتە ئەوەی پشتگیری لەهێزێكی سیاسی دیكە بكەیت؟

عوسمانی حاجی مەحمود: لەم هەڵبژاردنەی داهاتووی پەرلەمانی كوردستاندا پشتیوانی لەبزووتنەوەی گۆڕان دەكەم.

شارپرێس: لەم ماوەیەدا، زۆر وتاری جیاواز دەنزوسرێت لەسەر بزووتنەوەی گۆڕان، لە رێگەی فەیسبووكی نەناسراوەوە باس لەكێشەكان دەكرێت و هێرشی توند دەكرێتە سەر سیاسەتی گۆڕان و رەمزەكانی، یاخود بە پێچەوانەوە، رای ئێوە چییە لەو بارەیەوە؟

عوسمانی حاجی مەحمود: لە راستیدا هیچ هێزێكی سیاسی و سەركردە و لێپرسراو و ئۆرگانەكانی لە سەرووی رەخنەوە نین‌، زۆر ئاساییە رەخنە لە سیاسەت و شێوەی بەڕێوەبردنی بزووتنەوەی گۆران بگیردرێت وە لە هەمانكاتدا مامەڵەیەكی دروست لەگەڵ ڕەخنەكان بكرێت. بێگومان رەخنە پێویستە لە پێناوی چاككردنی هەڵەكان بێت و بە زمانێكی مەدەنی و شارستانی بگیرێت.. هەندێك لەو نو‌سینانەی كە لەم ماوەیەدا بڵاوبووەتەوە، ئەوانە زیاتر هێرشن نەك رەخنە، ئینجا بۆ پشتگیری گۆڕان بێت یان رەخنە گرتن بێت، بۆ ئەوەی رەخنە و نوسینەكان و ڕوونكردنەوەو‌ وەڵامەكان كاریگەریان هەبێت، پێویستە دووربێت لە تۆمەت و زمانی زبر و پەلاماردانی برینداركەر، كە بەداخەوە بەشێك لەوانەی بڵاوكراونەتەوە بەو شێوەیە بوون.    

شارپرێس: هەندێك لەو نووسینانە ناڕاستەوخۆ، هێرشن بۆ سەر كاك نەوشیراون ئێوە لەوبایەوە چی دەڵێن؟

عوسمانی حاجی مەحمود: بەڕێز كاك نەشیراون، سەركردە و رەمزێكی گەورەی تێكۆشان و خەباتی گەلی كوردە، سیاسەتمەدار و ڕۆشنبیر و مێژوونوس و نوسەر و تێكۆشەرێكی مەزنی سادەو خۆنەویست بوو، لە پێگەیەكی بەهێز و كاریگەرەوە هەموو ژیانی لە پێناوی سەرفرازی گەلەكەیدا تەرخان كردووە، لە هەمان كاتیشدا، لێپرسراو و هاورێی زۆربەمان بوە، لەبەرئەوە، ئەركی ئەخلاقی هەموومانە ئەو راستیانە دەربارەی بەڕێزیان لە یادنەكەین و مێژووی خەبات و پڕۆژە سیاسییەكەی  زیندو بهێڵرێتەوە. وەك چۆن هەر هێرشێك بۆ سەر بەڕێزیان بە ناڕەوا دەبینم، هەروەها بەكارهێنانی ناوی ئەویش لە لایەن هەندێك كەسەوە كە خۆیان داوەتە پاڵ ناوی ئەو و هێرش دەكەنە سەر كەس و لایەنی تر بە هەمان شێوە بە ناڕەوا دەبینم.