وڵاتێك بۆ دەوڵەمەندبوون.. هەفتانە لەچین دوو كەس دەبن بە ملیاردێر

جیهان

20/11/2018‌ 1704 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: ئەردەڵان عەبدوڵڵا
بەپێی راپۆرتێكی بانكی «یو بی ئێس»ی سویسرا و كۆمپانیای «برایس ۆتەر هاوس كوپەرز» بێت، ساڵی 2017 لە ین هەموو هەفتەیەك دوو كەس بوونەتە ملیاردێر، بەمەش چین زۆرترین ژمارەی ملیاردێرەكانی جیهان پێكدەهێنێت. 

هەر بەپێی ئەو راپۆرتە، لەئێستادا چین بووەتە باشترین شوێن بۆ دەوڵەمەندەكانی جیهان، بۆ ئەوەی پارەكانیان تێدا سەرمایەگوزاری بكەن، چونكە دەرفەتی دەوڵەمەند بوون و قازانجكردنی زۆری تێدایە.

لەراپۆرتەكەدا باس لەوەش كراوە، ژمارەی ئەو كەسانەی، كە لە ساڵی 2017 سامانیان سەرو ملیاردێك دۆلار بووە، دەگاتە 373 كەس، كۆی گشتی سامانی ئەمانەش دەگاتە 1.12 ترلیۆن دۆلار .

چین، كە پێشتر پێڕەوی لەسیستەمێكی كۆمۆنیستی دەكرد، رێگە‌ی بەدروستبوونی چینی دەوڵەمەند نەدەدا، بەڵام لەپاش پێڕەویكردنی سیاسەتی كرانەوەو سەرمایەگوزاری ژمارەی دەوڵەمەند و ملیاردێرەكانی چین زۆر بووە، چین لەچاو وڵاتانی تری رۆژئاوا، هەتا ساڵانێكی زۆر، لەریزی دواوە بوو، تا ساڵی 2016 ، ژمارەی ملیاردلێرەكانی چین، تەنیا 16 كەس بووە، بەڵام لەماوەی ئەم دوو ساڵەدا، چووەتە ریزی یەكەمی وڵاتانی جیهانەوە.

جۆزێف ستادلەر سەرۆكی لیژنەی تایبەت بەسەرمایەدارانی جیهان لەبانكی « یو بی ئێس» بە كەناڵی بی بی سی بەریتانیای راگەیاندووە "لە ماوەی چەند ساڵی پێشوودا ، ملیاردێرە چینییەكان، كۆمەڵێك كۆمپانیای سەركەوتوویان لەجیهان دروستكردووە، كە ئەمەش وایكردووە ئاستی ژیانیان باشتر بێت و دەوڵەمەندتر بن".

ئەو لە درێژەی لێدوانەكەیدا راشیگەیاند: "ئەمە تەنیا سەرەتایەكە، چونكە ژمارەیەكی زۆری چینی هەن، كە داهێنەری گەورەن لەبواری تەكنەلۆژیی و بەرهەمەكانیشان زۆرباشن".

هەروەها رایگەیاند "جگە لە تواناكانی خۆیان، حكومەتیش پشتگیری باشیان دەكات و هەلیان بۆ دەرەخسێنێت، نەك تەنیا بۆ دروستكردنی كۆمپانیاكان ، بەڵكو بۆ گۆڕینی ئاستی ژیانیان و هەنگاونان بەرەو باشتركردنی رەوشی ئابووریان و دەوڵەمەندبوونیان".

لەراپۆرتەكە باس لەوەش كراوە، كە لە 97% ملیاردێرەكانی چین، لە رێگەی شەرعییەوە دوڵەمەند بوون، واتە بە هۆی بازرگانی قاچاخ و نا شەرعی دەوڵەمەند نەبوون، وەكو لە زۆرێك لە دەوڵەتانی تازە پێگەیشتوو، كە ئەوانەی بوونەتە ملیاردلێر، لە بواری تەكنەلۆژیا و سوپەرماركێتدا كاردەكەن.

لەئێستادا بەهۆی باشبوونی رەوشی ئابووریی و وەبەرهێنان لە چین، وایكردووە زۆربەی پیاوە دەوڵەمەندەكانی جیهان، بەرەو چین بڕۆن و لەوێندەر سەرمایەگوازری بكەن، چونكە باشترین شوێنە بۆ بەدەستهێنانی قازانجی دارایی و دەوڵەمەندە بوون.