هەرێم بەرەو پێكهێنانی یەكەم حكومەتی‌ عەلمانی‌ دەچێت

کوردستان

29/12/2018‌ 5423 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: نیقاش
ئاماژەكان بەرەو ئەوەن حكومەتی‌ ئەمجارەی‌ هەرێم بۆیەكەمجار بەدەر بێت لەهێزە ئیسلامییەكان‌و بەرگێكی‌ عەلمانی‌ هەبێت هەرچەندە پاڵنەرەكانی‌ دوورخستنەوەیان سیاسین نەك ئایدۆلۆژی‌.

سەردانی‌ یەك لەدوای‌ یەكی‌ شاندی دانوستانكاری‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان بۆ لای‌ یەكێتی‌ نیشتمانی‌ كوردستان‌و بزووتنەوەی‌ گۆڕان وەك دوو هێزی‌ نا ئیسلامی‌ بەمەبەستی‌ بەشداریكردن لەحكومەتداو لا نەكردنەوە لەكۆمەڵی‌ ئیسلامی‌ وەك چوارەم هێز لەرووی‌ ژمارەی‌ كورسییەوە دەریخست، كە خۆشەویستی‌ ئەو حزبە ئیسلامییە بۆ چوونە ناو حكومەتە تائێستا تاك لایەنەیە.

پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان وەك خاوەنی‌ زۆرینەی‌ 45 كورسی پەرلەمان نایەوێت ئەزمونی‌ حكومەتی‌ بنكە فراوانی‌ رابردوو دووبارە بكاتەوە كە بزوتنەوەی‌ گۆڕانی‌ لێ كرایە دەرەوەو دواتریش یەكگرتوو كۆمەڵی‌ ئیسلامی‌ كەشتی‌ كابینەكەیان بەجێهێشت كە بەهۆی‌ قەیرانی‌ دارایی‌و كێشەی‌ سیاسیەوە خەریك بوو كون دەبوو.

فازل بەشارەتی‌ ئەندامی‌ سەركردایەتی‌ پارتی‌ بە"نیقاش"ی وت "ئەزمونی‌ كابینەی‌ هەشت دووبارە ناكەینەوەو حزبەكان بەپێی‌ قەبارەی‌ خۆیان بەشداییان پێدەكرێت، هێزە ئیسلامییەكانیش لەهەڵبژاردندا شكستیان خواردو رێژەی‌ كورسی‌و دەنگیان كەمیكرد، بەو پێیەش بەشێوەیەكی‌ سروشتی‌ بازنەی‌ بەشداریكردن لەحكومەتدا ناگاتە هێزە ئیسلامییەكان".

تائێستا بە رەسمی‌ پارتی‌ ئەوەی‌ بە كۆمەڵی‌ ئیسلامی‌ كوردستان نەوتووە كە لەگەڵ ئەوەنین بەشداری‌ لەحكومەت بكەن، بەڵام پێدەچێت مەرجەكان بۆ بەشداریكردنیان گەورەتر بێت لەویستیان بۆ بەشداریكردن لەحكومەتدا.

پاڵنەرەكانی‌ بەشداریپێنەكردنی‌ ئیسلامییەكان لەحكومەتدا وەك دەردەكەوێت ئایدۆلۆژی‌ نین، بەڵكو سیاسین بەوپێیەی‌ پارتی‌ لەشێوازی‌ مامەڵەی‌ كۆمەڵ لەحكومەتی‌ رابردوودا نیگەرانە.

مشتومڕی‌ گەرمی‌ نێوان پارتی‌‌و گۆڕان‌و یەكێتی‌ لەسەر پێكهێنانی‌ حكومەت‌و یەكلایی نەبوونەوەی‌ هێڵە سەرەكیەكانی‌ ئەوپرسە وایكردووە بەرپرسانی ئەو حزبانەش بەئەستەم قسە لەسەر رێڕەوی‌ دانوستانەكان بكەن لەترسی ئەوەی‌ لێدوانێك هاوكێشەی‌ گفتوگۆكان هەڵبگەڕێنێتەوەو ریسەكە بكاتەوە بەخوری.

بەرپرسێكی‌ باڵای‌ كۆمەڵی‌ ئیسلامی‌ كە لەبەر ئەو هۆكارە نەیوست ناوی‌ بڵاوبكرێتەوە تەنها ئەوەندەی‌ بە"نیقاش" وت "ویستێك لەپارتیدا بەدی‌ دەكەین كە نەیەوێت كۆمەڵی‌ ئیسلامی‌ بەشداری‌ حكومەتی‌ داهاتوو بكات، بەڵام بەفەرمی‌ ئەوەیان پێنەوتوین".

لەیەكەم كابینەی‌ حكومەتی‌ هەرێمی‌ كوردستاندا لەساڵی‌ 1992دا بزوتنەوەی‌ ئیسلامی‌ كە تاكە هێزی‌ ئیسلامی‌ ئەو كاتەبوو نەیتوانی‌ بەشداری‌ حكومەت بكات بەهۆی‌ تێنەپەڕاندنی‌ رێژەی‌ یاسایی 7%ی‌ دەنگەكان كە ئەوكات پێوەر بوو بۆ ئەوەی‌ پێ بخەنە پەرلەمان‌و دواتریش حكومەتەوە.

لەساڵی‌ 2005  لەكابینەی‌ پێنجەمی‌ حكومەتی‌ هەرێمدا یەكگرتوو كۆمەڵی‌ ئیسلامی‌ بەشداری‌ یەكەمین حكومەتی‌ یەكگرتووی‌ دوای‌ شەڕی‌ ناوخۆیان كرد.

لەساڵی‌ 2009دا كابینەی‌ شەشەم‌و حەوتەم تەنها لایەنێكی‌ ئیسلامی‌ لەخۆ گرت كە بزوتنەوەی‌ ئیسلامی‌ كوردستان بوو،  بەڵام لە كابینەی‌ هەشتەمدا هاوكێشەكە پێچەوانە بووەوەو  یەكگرتوو كۆمەڵ بەشدارییان كردو بزوتنەوەی‌ ئیسلامی‌ چووە دەرەوەی‌ هاوكێشەی‌ حكومەت‌و بووە ئۆپۆزسیۆن .

بۆ ئەم خوولە هەرزوو یەكگرتووی‌ ئیسلامی‌‌و بزوتنەوەی‌ ئیسلامی‌ كە لیستی‌ بەرەو ئیسڵاحیان هەبوو ئۆپۆزسیۆن بوونی‌ خۆیان راگەیاندو بەشداریی‌ حكومەتیان رەتكردەوە.

لەباری‌ سەرگرتنی‌ سیناریۆی‌ حكومەتی‌ داهاتوو بەبێ كۆمەڵی‌ ئیسلامی‌ كە تاكە دانوستانكاری‌ لایەنە ئیسلامیەكانە بۆ بەشداری‌ لەحكومەت، ئەم حكومەتە دەبێتە یەكەم كابینەی‌ بێ ئیسلامییەكان كە بەپێی‌ پێكهاتەكانی‌ لەروكەشدا حكومەتێكی‌ عەلمانی‌ دەبێت.

ئەوەی‌ هێشتا لەسەر پەتی‌ ململانێكە ماوەتەوە كۆمەڵی‌ ئیسلامییە كە هێشتا پەیامە نهێنیەكانی‌ پارتی‌ پێنەگەیشتووە لەبارەی‌ ویستیان بۆ بەشدارنەبوون لەو حكومەتەدا.

بیلال سلێمان ئەندامی‌ سەركردایەتی‌ كۆمەڵی‌ ئیسلامی‌  بوونی‌ كۆمەڵی‌ ئیسلامی‌ بەئۆپۆزسیۆن لەكابینەی‌ داهاتووی‌ حكومەتدا بەئەگەرێكی‌ چاوەڕوانكراو دەزانێت ئەگەر داواكارییەكانی‌ جێبەجێنەكرێت.

بیلال سلێمان بە"نیقاش"ی وت "حكومەتێك بەبێ ئیسلامییەكان ناهاوسەنگی‌ لێدەكەوێتەوە هەرچەند حكومەتی‌ هەرێم پێشتریش عەلمانی‌ بووەو سەرەڕای‌ بەشداری‌ ئیسلامییەكان تیایدا دەسەڵاتیان نەبووە".

مەرجی‌ پارتی‌ بۆ بەشداری‌ كۆمەڵ بەجێنەهێشتنێتی‌ لەنیوەی‌ رێگاو خۆ یەكلایی كردنەوەیەتی‌ بۆ بەرەی‌ حكومەت نەك نیوەی‌ ئۆپۆزسیۆن بێت، كۆمەڵیش جگە لە داواكردنی‌ چەند پۆستێك داواكاری‌ سەبارەت بەشێوازی‌ بەڕێوەبردنی‌ حكومەتی‌ داهاتوو هەیە.

پێدەچێت هەویری‌ پێكهێنانی‌ حكومەتی‌ نوێ ئاو زۆر بكێشێت سەرەڕای‌ بچوك بوونەوەی‌ بازنەی‌ لایەنە بەشداربووەكانی‌.

ئەزمونێكی‌ جیاواز چاوەڕیێ‌ كابینەی‌ نوێی‌ حكومەت دەكات كە بۆ یەكەمجار لەدوای‌ ساڵی‌ 2009ەوە ئۆپۆزسیۆن بەخۆیەوە دەبینێت كە هێزە ئیسلامییەكان تیایدا پشكی‌ شێریان بەردەكەوێت.

لەباری‌ بەشدارینەكردنی‌ كۆمەڵی‌ ئیسلامی‌‌و چوونە بەرەی‌ ئۆپۆزسیۆنەوە گۆڕەپانی‌ ململانێكە بەسەر دووبەرەی‌ ئۆپۆزسیۆنی‌ زۆرینە ئیسلامی‌‌و حكومەتێكی‌ عەلمانیدا دابەش دەبێت.

رەنگە مەترسی لایەنە دەسەڵاتدارەكانی‌ هەرێمی‌ كوردستان لەم سیناریۆیە بەتەنها ئۆپۆزسیۆنبوونی‌ هێزە ئیسلامییەكان نەبێت، بەڵكو زیندووكردنەوەی‌ پڕۆژەیەكی‌ كۆن بێت كە كۆمەڵگای‌ سیاسی بەسەر دووبەرەی‌ ئایدۆلۆجیدا دابەشبكاتەوە كە ئەویش پڕۆژەی‌ بەرەی‌ ئیسلامییە.

لەماوەی‌ دووساڵی‌ رابردوودا هەریەك لەكۆمەڵ‌و یەكگرتوو بزوتنەوەی‌ ئیسلامی‌ چەندین كۆبوونەوەیان بۆ دروستكردنی‌ بەرەی‌ ئیسلامی‌ ئەنجامداو رێكارەكانیشیان نوسیەوە، بەڵام لە پرسی لیستی‌ هاوبەشدا گەیشتنە بنبەست.

ئەگەر كۆمەڵی‌ ئیسلامی‌ بۆ جارێكی‌ تر بچێتەوە بەرەی‌ ئۆپۆزسیۆن رەنگە كەشتی‌ بەرەی‌ ئیسلامییەكان بەرەو ئاڕاستەیەكی‌ تر بڕوات.

قاسم گەڵاڵی‌ بەرپرس مەڵبەندی‌ 14 ی‌ یەكگرتووی‌ ئیسلامی‌ كوردستان بە"نیقاش"ی‌ وت "بوونی‌ كۆمەڵی‌ ئیسلامی‌ بەئۆپۆزسیۆن دەرفەتێكی‌ باشتر دەبێت بۆ هەنگاوەكانی‌ گەرمكردنەوەی‌ بیرۆكەی‌ كاری‌ هاوبەشی ئیسلامییەكان".

بەڵاو رێگری‌ لەگەرمكردنەوەی‌ بەرەی‌ ئیسلامی‌ لەباری‌ كاركردنی هێزە ئیسلامییەكان لەبەرەی‌ ئۆپۆزسیۆندا كەمتر نییە لەهاندەرەكانی‌ نزیك بوونەوەیان.

محەمەد بازیانی‌ سەرۆكی‌ سەنتەری‌ هودا بۆ لێكۆڵینەوەی‌ سیاسی بەدوری‌ دەزانێت هێزە ئیسلامییەكان ئەگەر ببنە ئۆپۆزسیۆن بیرۆكەی‌ بەرەی‌ ئیسلامی‌ بچێتە پێشەوە، چونكە بەوتەی‌ ئەو "كێشەكە ململانێی‌ فیكرییە لەنێوان كۆمەڵ‌و یەكگرتووی‌ ئیسلامیدا كە كامیان دەبن بەپێشڕەوی‌ ئەو بەرەیە".

بازیانی‌ بە"نیقاش"ی وت"پڕۆژەی‌ بەرەی‌ ئیسلامی‌ ناچالاكەو حیزبیە نەك فیكری‌، كێشەكە لەوەدانییە كە ئۆپۆزسیۆن بن یان دەسەڵات كێشەكە لەوەدایە كە ئیستیعابی رەوتە ئسلامییەكانی‌ تر ناكەن‌و بەعەقڵیەتی‌ حزبیشەوە لەو بەرەیە دەڕوانن‌و ئەو نزیكبونەوەیەشیان ناچاریەو سەرناگرێت".

بەپەلە