كۆتایی یارییەكە.. ئەردۆغان هەم روسیا هەم ئەمریكا لەدەست دەدات

جیهان

13/01/2019‌ 3351 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس/ وەرگێران: لوقمان حاجی قادر
سەرباری ئەوەی دۆناڵد ترامپی سەرۆكی ئەمریكا، لەئەنجامی پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆك كۆماری توركیا لەمانگی رابردوو، كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكای لەسوریا ڕاگەیاند، كەچی لەلێدوانە پێچەوانەكانی بەردەوامبوو.

ترامپ لەلێدوانێكی لە 20ی مانگی رابردوو وتی: جەنگی  دژی داعش تەواو بووە، كاتی ئەوەش‌ هاتووە سەربازەكانی بگەڕێنەوە نیشتمان، لە 3 ی ئەم مانگەش ڕایگەیاند، دوای ماوەیەك هێزەكانی ئەمریكا لە سوریا دەكشێنەوە و ماوەكەشی دیارنەكرد.

لەبەرانبەردا ئەردۆغانیش، لەلێدوانێك دووپاتی ئەوەی كردەوە، كە لە هەر ئان و ساتێكدا ئەگەر ئەوە هەیە توركیا كردەیەكی سەربازی بەدەستوبرد لە ڕۆژهەڵاتی فوڕات ئەنجام بدات، كە هێزەكانی ئەمریكای لێیەو لەگەڵ شەرڤانانی یەكینەكانی پاراستنی گەل یەپەگە شەڕی داعش دەكەن.

دوای ئەو لێدوانانەی دۆناڵد ترامپیش، پڕۆسەی گواستنەوەی كەلوپەلێكی زۆری سەربازی بەرەو سنوری سوریا دەستیپێكرد، كە ئەوە ئەردۆغانی زیاتر تووڕە كردو چەندین لێدوانی لەدژ دا.

پرسیارەكەش لێرەدا ئەوەیە ئایا توركیا پێش كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا دەتوانێت كردەیەكی سەربازی لە ڕۆژهەڵاتی فوڕات ئەنجام بدات؟ لەو بارەوە هەر یەك لە "كەریم هاس" ی مامۆستای زانكۆی مۆسكۆ و "فاروق لۆغۆ ئۆگڵۆ"ی باڵوێزی پێشووی توركیا لە واشنتۆن بۆچوونی خۆیان سەبارەت بە هاوكێشە هەرێمی و لێكەوتە گریمانەكراوە چاوەڕوانكراوەكان  بۆ پێگەی "ئەحوال توركیا" دەربڕی.

فاروق لۆغۆ ئۆگڵۆ سەبارەت بەوەڵامدانەوەی پرسیاری‌ كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە ماوەی 4 مانگدا، ئایا ئەمریكا لە سوریا دەكشێتەوە، ئەو ماوەیەش بەچەند مەزەندە دەكرێت، كە هێزەكانی ئەمریكا بكشێنەوە دەڵێت: "ترامپ وتی: پڕۆسەی كشانەوەی هێزەكانیان مانگێك دەخایەنێت، ئینجا وتەكەی خۆی هەمواركردەوە بەوەی خشتەیەكی كاتی بۆ كشانەوەكە دیارینەكراوەو پڕۆسەكشە ماوەیەكی زۆر دەخایەنێت. لەو ساتەی ترمپ بڕیاڕی كشانەوەی داوە، لە هەمان ئان و ساتیشدا‌ بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ ئەردۆگان كردووە و هەر دەشبێت باسی وودەكاری ئەو بڕیارەیان كردبێت".

ئەگەر سەیری ئەو هێزە زەبەلاحە سەربازییە بكەن، كە ئەردۆغان لەسەر سنوری باشووری وڵاتەكەی لەگەڵ سوریادا كۆیكردونەتەوە، ئەوەمان دێتەخەیاڵ، كە توركیا ئەوەندە چاوەڕوان ناكات و هێرشیش دەكاتە سەر ڕۆژهەڵاتی فورات. بەڵام دەبێت تێبینی 3 خاڵ بكەین:
یەكەم: بڕیارەكەی ترامپ بە كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە سوریا واتای ئەوە نییە كە دەست لە سوریا هە‌ڵدەگرێت و گۆڕەپانەكەش بە تەواوی بۆ توركیا چۆڵدەكات.
دووەم:  ئەو بڕیارە گڵۆپی سەوزی بۆ توركەكان هەڵنەكردووە كە كردەی سەربازی لە ڕۆژهەڵاتی فورات ئەنجام بدەن.
سێیەم: بڕیارەكە‌ واتای ئەوە نییە واشنتۆن پشتیوانی خۆی بۆ یەكینەكانی پاراستنی گەل كۆتایی پێدێنێت، خودی تڕەمپیش لە جریوەیەكی تازەی تویتەرەكەیدا دەڵێت كە ئەو پشتیوانییە بەردەوام دەبێت. بۆیە پێم وایە توركیا دوای ئەو لێدوانانەی ئەمریكا و ئەو گفتوگۆیانەش كە پێش چەند ڕۆژێك  شاندێكی توركی لەگەڵ بەرپرسە ڕووسەكان ئەنجامی داوە،  ئەنقەری ناچار كردووە دەست بكات‌ بە پێداچوونەوەی ئەو پڕۆسە سەربازییەی گەرەكی بوو لە ڕۆژهەڵاتی فوڕات ئەنجامی بدات.

ئەو هەروەها دەڵێت: "پێم وایە لایەنی توركی لە مۆسكۆ ئەوەی بۆ لایەنی ڕوسی دووپاتكردۆتەوە كە هێرشەكە ئەنجام دەدات، دەكرێت داوای یارمەتی و هاوكاری لە ڕوسیاش كردبێت بەوەی ڕێگە بە ئەنقەرە بدەن بواری ئاسمانی سوریا بۆ ئەو هێرشانە بەكاربهێنێت، بەڵام ڕوسیا بەو داوایە ڕازی نەبووە. چونكە لاڤرۆڤی وەزیری دەرەوەیان دوای ئەو گفتوگۆیانە لە چەند لێدوانێكدا باسی لە هەماهەنگی نێوان هێزەكانی ڕوسیا و توركیا" كردووە، ئەمەش واتای ئەوەیە ڕەتیكردۆتەوە تاكلایەنانە توركیا ئەو هێرشە ئەنجام بدات".

هەروەها كەریم هاس پێیوایە ترامپ بڕیاری كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكای بە ڕاوێژ لەگەڵ بریاڕسازانی نزیك لە خۆی داوە‌ و كۆدەنگی بڕیارسازانی دامەزراوە ئەمنییەكانی دیكەی ئەمریكای لەگەڵ نەبووە. هەر ئەمەش بووە هۆی دەست لەكاركێشانەوەی جیمس ماتیاسی وەزیری بەرگری و برێت مەكگۆڕك نێردەی تایبەت ، سەرسامیشی لە كۆشكی سپی و وەزارەتی دەرەوە دروستكرد، گەورە بەرپرسانی گۆنگرێسیش وەك "لیندسی گراهام" ناڕەزاییان دەربڕی. 

كەریم هاس دەشڵێت: وا چاوەڕوان دەكرێت كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا زۆر لەوە زیاتر بخایەنێت كە تڕەمپ دەیەوێت،  ڕەنگه ‌بگاتە  ناوەڕاستی ساڵی 2019.‌ كشانەوەكە گشتگیر ناێت و هەموو سەرباز و بنكەی سەربازی و ئەندامانی هەواڵگری مەركەزی و ڕاوێژكار و فەرمانبەرەكانی دیكە ناگرێتەوە.

هاس پێیوایە بە گوێرەی زۆرینەی گریمانەكان، ئەمریكا بەجۆرێك لە جۆرەكان بوونی خۆی لە سوریا دەپارێزێت، ئەمەش بۆ پشتیوانكردن لە هێزەكانی سوریای دیموكراتی هاوپەیمانی تا ئەو كاتەی ڕواڵەتەكانی پڕۆسەی سیاسی لە سو‌ریا بە ڕوون و ئاشكرایی دەردەكەن، هەروەها لە پێناو جڵەوگیریكردنی هەر ململانێیەك كە ڕەنگە لە داهاتوودا لە نێوان توركیا و یەكینەكانی پاراستنی گەل یان ڕژێمی سوریا یان لایەنی دیكەی كارای وەك ڕوسیا ڕووبدات، ئامانجێكی دیكەش بەرگرتنە لە هەژموون و كۆششە فراوانخوازییەكانی ئێران لە سو‌ریا.

ئەو وای دەبینێت، ئیدارەی ئەمریكا بەم تەرزە سیاسەتكردنه،‌ خۆی لە بەرپرسیاریەتی ململانێكانی ئایندەی ناوچەكە دەپارێزێت، مۆسكۆش تووشی گێرمەوكێشە دەكات لەگەڵ توركیا. خۆ ئەگەر ئەمریكا بڕیاری كشانەوەی نەدابایە، ڕوسیا بە هێرشی سوپای توركیا بۆ سەر ڕۆژهەڵاتی فوڕات ڕازی دەبوو ، ئەمەش‌ بۆ ئەوەی كێشەكانی نێوان واشنتۆن ئەنقەرە قوڵتر بكاتەوە، ئەمریكاش بە بڕیاری كشانەوەی لە سوریا، تۆپەكەی هەڵداوەتە گۆڕەپانی دیمەشقەوە‌ بەوەی ڕووبەڕووی چارەسەركردنی پرسی كوردی كردۆتەوە لە ناوچەكه كە سەدەیەكە بەردەوامە‌.

سەبارەت بەوەی كە ئاخۆ ئەردۆغان دەتوانی هەڕەشەكەی جێبەجێ بكات بە هێرشكردنە سەر ڕۆژهەڵاتی فوڕات، ئایا دەكرێت ئەنقەرە پێش كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا ئەو هێرشە ئەنجام بدات؟ فاروق لوغ ئۆگڵو دەڵێت: 

وەڵامێكی كۆنكرێتی بۆ ئەو پرسە نییە، بەڵام نیشانەی ئەوە هەن كە ئەو هەنگاوە گریمانەبۆكراوە بەوەی توركیا هێزەكانی لەسەر سنور سوریا كۆكردۆتەوە. بە كشانەوەشی لە سوریا تڕەمپ گڵۆپی سەوزی بۆ ئەردۆگان هەڵنەكردوە، تەنها ئەوەیە تڕەمپ هیچ بەرژەوەندییەك لەوەدا نابینێت كە  هاوشانی یەكینەكانی پاراستنی گەل ڕووبەڕووی سوپای توركیا ببێتەوە لە سوریا.

ئەوەش هەڵەیە پێمان وابێت ڕوسیا بە باشە تەماشی كردە سەربازییە چاوەڕوانكراوەكەی توركیا دەكات بۆ سەر رۆژهەڵاتی فوڕات، چونكە ئەو خاكە خاكی سوریایە و یەكینەكانی پاراستنی گەلیش لەگەڵ سوریا لە هاریكاری و هەماهەنگیدان. دەكرێت دوای ڕێككەوتنێك ئەو ناوچەیە بۆ سوپای سوریا جێبهێڵدرێت. ئێرانیش لای خۆیەوە پێی خۆش نییە توركیا ببێتە هێزێكی كارا لە ڕۆژهەڵاتی سوریا.

كەریم هاس لەو بارە‌وە دەڵێت: كردەی سەربازی ڕۆژهەڵاتی فوڕات لە دەرئەنجامی دانوستانی نێوان دیمەشق و یەكینەكانی پاراستنی گەل لە لایەك و نێوان واشنتۆن و مۆسكۆش لە لایەكی دیكەوە دیاری دەكرێت. ئەگەر دیمەشق و یەكینەكان ئاشت ببنەوە، ئەوا ڕێككەوتنیش لە نێوان مۆسكۆ و واشنتۆن دێتەئاراوە. لێرەشدا ئەنقەرە هیچی پێ ناكرێت لە رۆژهەڵاتی فوڕات، چونكە ملبەملەی ئەو هێزە گەورانەی پێناكرێت.

لە لایەكی دیكەوە ئەگەر نە دیمەشق و یەكینەكانی پاراستنی گەل و نە واشنتۆن و مۆسكۆش نەگەیشتنە ڕێككەوتنێك سەبارەت بەو هێزەی منبج كۆنتڕۆڵ دەكات، ئەوكاتیش ئەنقەرە هیچێ ناكرێت مەگەر لە یەك كاتدا بۆ ڕوسیا و ئەمریكای دا‌شكێنێت. ئەم هەنگاوەش ئەنقەرە تووشی كارەساتی گەورە دەكات، لەوانەش: 
یەكەم: دەبێت ئەنقەرە بەڵێن بە واشنتۆن بدات كە ناچێتە جەنگێكی دوژمنكارانەوە دژ بە هاوپەیمانە كوردەكانی. لە هەمان كاتیشدا مۆسكۆ بەوە ڕازی نابێت توركیا تەنها بە ڕەزامەندی ئەمریكا ئەو كردە سەربازییە ئەنجام بدات.
دووەم : چ دوور نییە ڕوسیا گڵۆپی سەوز بۆ توركیا هەڵكات و هەندێك شوێنی بچوكی پێ ببەخشێت یان ناوچەی دابڕاوی سەر سنوری بۆ دەستەبەركات، ئەمەش بۆ ئەوەی لە لایەك هێزەكانی توركیا وەك داردەستێك بۆ فشارخستنەسەر یەكینەكانی پاراستنی گەل بەكاربێنێت، لە لایەكی دیكەشەوە و پێش هەڵبژاردنە شارەوانییەكانی مانگی‌ مارس سەركەوتنێكی ڕەمزی سەربازیش بە ئەردۆگان ببەخشێت، ئەمەش بۆ ئەوەی ئەنقەرە هەست بەوە بكات كە قەرزداری مۆسكۆیە. پێشم وایە مۆسكۆ بەوە ڕازی نابێت منبج بكەوێتە ژێر دەسەڵاتی سوپای توركیاوە. خۆ ئەگەر توركیا كردەیەكی سەربازی لە ڕۆژهەڵاتی فوڕاتیش ئەنجام بدات، دواتر مۆسكۆ لە ڕێگەی فشارەكانیەوە ناچار بە پاشەكشەی دەكات، نەك هەر لە منبج بەڵكو لە شاری ئیدلب و هێڵی "عەفرین- عەزیز – جەڕابلس" یش. ئەوكاتیش ڕای گشتی توركی دەپرسێت كە بۆچی ڕژێمەكەی ئەردۆگان وەك هاوبەشێكی نهێنی ڕژێمەكەی ئەسەد مامەڵە دەكات و هەموو هەنگاوەكانیشی لە بەرژەوەندی  دیمەشق  دەشكێنەوە.

لە لایەكی دیكەشەوه، ‌مادام واشنتۆن بوونی سەربازی خۆی لە سوریا دەپارێزێت، بۆیە دەكرێت ‌ڕوسیا بیەوێت سوپای ئەمریكا و سوپای توركیا بەگژیەكداكات، ئەمەش‌ ئاماژەیەكە كە ئەوەی‌ ئەنقەرە لە كردە سەربازییە چاوەڕوانكراوەكەی ڕۆژهەڵاتی فوڕات دەیەوێت بەدەستی بێنێت، بە تەواوی جیاوازە لەوەی مۆسكۆ دەیەوێت بەدەستی بێنێت.

لەولاشەوە واشنتۆن ئامانجیەتی جۆرێك لە دەرز و كەلێن بخاتە پەیوەندییەكانی نێوان توركیا و ڕوسیاوە، ئەمەش دووبارە جیاوازی ئامانجەكانی هەر یەك لە ئەنقەرە و واشنتۆن دەخاتەڕوو لە كردە سەربازییە چاوەڕوانكراوەكەی ڕۆژهە‌ڵاتی فوڕاتدا.

بێ سێ و دوو، دەبێت توركیا ئەوەی لەبەرچاو بێت كە پشتیوانی ئەمریكا بۆ یەكینەكانی پاراستنی گەل، گفتوگۆی ڕوسیا و كوردەكان، پرسی ئۆتۆنۆمی بۆ كوردەكان لە لایەن رژێمی سوریاوە، گفتوگۆكانی ئێستای واشنتۆن و مۆسكۆ، گریمانەی تۆڵەكردنەوەی دیمەشق لە ئەنقەرە بەو پاساوەی كە توركیا "هێزێكی داگیركەر" ە لە سوریا، تۆمەتباركردنیشی بە بوونی پەیوەندی لەگەڵ هێزە توندڕەووه جیهادییە‌كانی ئیدلب، سەرباری ئەمانەش هەوڵ و كۆششی ئێران لە كاردایە بۆ وەدەرنانی توركیا لە هاوكێشەی سوریا..

هەموو ئەو هاوكێشە هەستیارانە لەوانەیە ئەو دەرئەنجامانەی لێبكەونەوە كە بە دڵی توركیا نەبن. بۆیە وای دەبینم كە كردەیەكی سەربازی لەم دۆخە سیاسی و ئابوورییەی ئێستادا لە لایەن ئەنقەرەوە  لە ڕۆژهەڵاتی فوڕات مەترسییەكانی زۆر گەورەدەبن بۆسەر توركیا، زۆریش زیاتر لەوەی چاوەڕوانكراوە.

لە سایەی ئەم دیمەنەشدا، ڕڕون و ئاشكرایە كە دامەزراندنی كوردستانێكی سەربەخۆی دانیشتوان كەم، بێ سەرهەڵدانی پشێوی و شێواوی و پاشاگەردانییەك لە ناوچەكە مەیسەر نابێت، لەوەش دەترسم كە كردە سەربازییه چاوەڕوانكراوە‌كەی ڕۆژهەڵاتی فوڕات، ناوچەكە‌ بگەیەنێتە ئەو دەرئەنجامەی پێشتر دیزاین كراوە.