بۆچی ئاهەنگ بەبۆنەی رۆژی جیهانی قەرەجەوە ئەگێڕدرێت؟

جیهان

09/04/2019‌ 2238 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
رۆژی 8ی نیسان بە "رۆژی جیهانی قەرەج" دەناسرێت و بەو بونەیەوە ئاهەنگ بۆ رۆشنبیرییەتی قەرەجەكان دەگێردرێت، كە تێیدا تیشك دەخرێتە سەر چەوسانەوەو جیاكاری رەگەزی، كە رووبەرووی ئەو گەلە دەبێتەوە.

گەلی قەرەج، یان رۆما بە گەورەترین كەمینەی ئیتنی ئەژمار دەكرێت لە كیشوەری ئەوروپادا، بە شێوەیەكی زۆر توندیش تووشی چەوسانەوەو كەنارگیری كۆمەڵایەتی هاتوون، لەهەمان كاتدا رۆژی جیهانی قەرەج تیشك دەخاتە سەر رۆشبیرییەكەیان و مێژوو و زمان و دیدگاكانیان، لە هەمان كاتدا ئەوروپیەكان زانیاری كەمیان لە بارەیانەوە هەیە، لەگەڵ ئەوەی رەگەزێكی دیموگرافی گرنگن و هاوكارن لە كەمكردنەوەی مەودای نێوان كۆمەڵگە جیاوازەكان.

هەڵمەتی ناساندنی هاوچەرخ بۆ رۆشنبیرێتی قەرەج لە ژێر پسپۆریەكانی یاسایی ئەوروپیدا پۆلێن دەكرێت، بۆ پاراستنی هەمەچەشنی و فرەجۆری رۆشنبیری و زمانەوانی لە ئەوروپا، جگە لە پاراستنی زمانی كەمینە ئیتنیەكان لەلایەكی ترەوە، بە گوێرەی ئەو رێككەوتننامانەی لە نێوان ئەندامەكانی یەكێتی ئەوروپادا كراوە.

ژمارەی گەلی قەرەج بە زیاتر لە 12 ملیۆن كەس مەزەندە دەكرێ، لە هەموو سوچێكی ئەم دونیایەدا بڵاوبونەتەوە، 6 ملیۆنیان لە ولاتانی یەكێتی ئەوروپادا دەژین، بە زۆریش كەوتونە نێو ولاتی بولگاریا و نزیكەی 9.9% ی دانیشتوانەكەی پێك دەهێنێ.

لە پاش بولگاریا ، سلۆفاكیا دێت بە رێژەی 9% ی دانیشتوانەكەی، پاشان رۆمانیا بە رێژەی 8.6%، هەرچی ئەڵمانیایە رێژەكەی دەگاتە 0.1% و ئیتاڵیاش 0.2%.

سەرەرای ئەوەش لە ژێر گۆكردنی وشەی (رۆما) ژمارەیەك لە قەرەجەكان پۆلێن دەكرێن، لە نمونەی –سینتی- و –رۆمیتچیە - و –كیل-، ئەمانەش لەچەند بەشێكی گۆی زەویدا بڵاوبونەتەوە.

زۆربەی مێژوونووسان لەسەر ئەو راستیە كۆكن كە هیندستان ئەسڵی جوگرافی گەلی قەرەجن، لەوێوە بەرەو شوێنەكانی تری زەوی لە ماوەی سەدەی دەیەمی زایینیدا دەستیان بە كۆچ و رەو كردوە، لە پاش ئەوەی مێژوونووسەكان بەدواداچونیان بۆ زمانەكەیان –رۆمانی- كرد كە پەیوەندی بە زمانەكانی هیندیی كۆنەوە هەیە، كە لە هەمان كاتدا ئەسڵی ژمارەیەكی زۆری زمانە هاوچەرخەكانی ئەوروپایە.

مێژووی قەرەج بەوە بەناوبانگە كە پڕە لە رووداوی خوێناوی و تراژیدی، لە نێوان راگواستن و دەركردن و كوشتندا، لە بەناوبانگترینیان سوتاندنی قەرەجەكانە لەلایەن نازیەكانەوە لە جەنگی جیهانی دووەمدا.

گەلی قەرەج تاكو ئێستاش لە وڵاتانی یەكێتی ئەوروپادا دەناڵێنن بە دەست چەوسانەوەو بە كەم تەماشاكردنیان، ئەمە جگە لەوەی توشی هەژاری و نەزانی و بەرزبونەوەی رێژەی بێكاری هاتونەتەوە، ئەمەش وای لێكردوون لە زۆر شت بێ بەش بن و لەو دانیشتوانانە دەچن كە هەژارترین وڵاتن لە جیهاندا.

وەرگێڕان: حلمی رەسول رەزا
سەرچاوە: ماڵپەڕی فەرمی یەكێتی ئەوروپا