عومەر حەسەن بەشیر لە "رزگاركەر"ەوە بۆ لەسەركاردان

جیهان

12/04/2019‌ 1249 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
عومەر بەشیر لەساڵی ١٩٤٤ لەگوندێكی بچووك لەدایك بووە، كە پێیدەوترێت "حوش بانقا"و سەر بەهۆزی "ئەلبەدیرییە ئەلدەهشەمییە"و لەباكوور و رۆژئاوای سودان نیشتەجێن .

بەشیر یەكێك بووە لە فەرماندەكانی سوپا و بەرپرس بووە لەپرۆسەكانی باشوور دژی یاخیبوونی كۆچكردوو "جۆن قرنق"، لەساڵی ١٩٨٩ كودەتایەكی سەربازی بەسەر حكومەتی سەرۆك وەزیران سادق ئەلمەهدیدا كرد و پۆستی سەرۆكی ئەنجوومەنی سەركردایەتی "شۆڕشی رزگاری نیشتمانی" سەرۆك وەزیران ، سەرۆك كۆماری بەیەكەوە وەرگرت.

لەوكاتەوە سودان هیچ هەڵبژاردنێكی سەرۆكایەتی بەڕێوە نەبرد تاوەكو ساڵی ٢٠١٠ ، كە تێیدا بەشیر سەركەوت ، ئەوەش دوای ئەوەی ئۆپۆزیسیۆن بەتۆمەتی ئەوەی هەڵبژاردنەكان پاك نین  لێیكشایەوە.

ساڵی ٢٠٠٥ بەشیر ڕێكەوتننامەی نیفاشای لەگەڵ كۆچكردوو جۆن قرنق سەرۆكی جوڵانەوەی میللی بۆ ئازادی سودان واژۆ كرد ، بەوەش شەڕی ئەهلی ٢١ ساڵەی سودان كۆتایی هات و درووست بوونی كۆماری باشووری سودانی لێكەوتەوە. 

بەتۆمەتی تێوەگلان لە تاوانی دژی مرۆڤایەتی لە دارفوور ، لە ساڵی ٢٠٠٩ وە لەلایەن دادگای نێودەوڵەتی تاوانەكانەوە فەرمانی دەستگیركردنی هەیە ، بەڵام  ئەو لەڕێگای چەندین سەردانی فەرمی بۆ وڵاتانی عەرەبی و ئەفریقی تەحەددای ئەو بڕیارەی كرد.

لەبەرانبەردا بەشیر ئەو تۆمەتانەی لەلایەن داواكاری داگای نێودەوڵەتی تاوانەكان دادوەری ئەرجەنتینی لویس مۆرینۆ ئۆكامبۆ ئاراستەی كرابوون رەتكردەوە ، كە لەچەندین بۆنەدا باسی لەوە كردبوو كە بەڵگەی حاشاهەڵنەگری لایە لەسەر تێوەگلانی بەشیر لە تاوانەكای جەنگ 

ئەو خۆپیشاندان و نارەزایەتیانەی بوونە هۆی لەسەركارلادانی بەشیر  تاكە خۆپیشاندان نەبوون كە دژی بەشیر بەڕێوەچوون ، بەڵكو لە سێپتەمبەری ساڵی ٢٠١٣ بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی و ماددە خۆراكییەكان و خراپی رەوشی بژیوی خەڵك ، خۆپیشاندانی میللی بەرفراوان دژ بە دەسەڵاتەكەی بەڕێوەچوون .

وەك هەوڵێك بۆ دامركاندنەوەی خۆپیشاندانەكان ، بەشیر بەڵێنی ئەوەی بە گەلی سوداندا كە لە هەڵبژاردنەكانی ساڵی ٢٠١٥ دا خۆی ناپاڵێویتەوە ، بەڵام بەڵێنەكەی نەبردە سەر .

گرنگترین وێستگەكانی ژیانی عومەر بەشیر
- 1973 : بەشیر  بەشداری شەری نێوان عەرەب ئیسرائیلی كردووە لە ئۆكتۆبەری ١٩٧٣.
-30 یونیو 1989 : بەهۆی كودەتای سەربازییەوە ، بەشیر  دەستی بەسەر دەسەڵاتدا گرت و حكوومەتی هەڵبژێردراوی سادق ئەلمەهدی لەسەر كار لادا.
- 2003 : بەشیر هەڵمەتێكی سەربازی بۆسەر هەڵگەڕاوەكانی دارفور لە رۆژئاوای سودان بەڕێوەبرد، كە بەپێی داتاكانی نەتەوە یەكگرتووەكان  ئەنجامی ئەو شەڕ و ململانێیە ٣٠٠ هەزار كوژراو بووە .
- 2005 :. دوای ٢١ ساڵ ڕێكەوتننامەی ئاشتی لەگەڵ هەڵگەڕاوەكانی باشووری سودان مۆر كرد .
- 2009 :  دادگای نێودەوڵەتیی تاوانەكان بەتۆمەتی " تاوانی جەنگ" و  " تاوانی دژی مرۆڤایەتی ' لە دارفور ، وە لە ٢٠١٠ بەتۆمەتی " كۆمەڵكوژی " یاداشتنامەی دەستگیركردنی دەرحەق بە عومەر بەشیر دەركرد .
- 2010 : لە یەكەم هەڵبژاردنی فرەلایەندا بەشیر بە سەرۆك هەڵبژێردرا ، ئەوەش دوای ئەوەی ئۆپۆزیسیۆن بەتۆمەتی بوونی ساختەكاری هەڵبژاردنەكەی بایكۆت كرد، لە ٢٠١٥ ش دووبارە هەڵبژێردرایەوە.
- 2011 :  باشووری سودان سەربەخۆیی خۆی لە سودان راگەیاند ، بەوەش خەرتووم سێیەكی یەدەگی نەوتی لەدەستدا .
- 2013 :  خۆپیشاندان و نارەزایەتی دژ بە بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی ، كەبەپێی سەرچاوە فەرمییەكان دەیان كەس كوژران ، بەپێی زانیارییەكانی رێكخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی ٢٠٠ كەس كوژراون .
- 11 نیسان 2019 : سوپا بەشیری لەم پۆستەكەی دوورخستەوە ، ئەوەش دوای ئەوەی لە كانوونی یەكەمی ٢٠١٨ وە خۆپیشاندان و نارەزایەتی میللی دژی بەرزبوونەوەی نرخی نان دەستیان پێكرد ، كە دواتر گۆران بۆ سەرهەڵدان دژی رژێمەكەی عومەر بەشیر.

وەرگێران: ئاكۆ عەبدوڵلا ئاڵی