روسیا لەباكووری گۆی زەوییەوە گەمارۆی ئەمەریكا دەدات

جیهان

13/04/2019‌ 2108 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
گۆڤارێكی ئەمەریكی، كە گرنگی بە بواری سەربازی دەدات باسی لەوە كردووە سوپای ئەمەریكا هیچ بنكەیەكی سەربازی، یان كەشتی، یان فرۆكەی نییە بتوانێت لەو پلەی گەرمییە زۆر نزمە كاربكات، كە سوپای روسیا تێیدا چالاكە.

بەگوێرەی گۆڤاری The National Interest” ی ئەمەریكی ئێستا كیشوەری باكووری گۆی زەوی بووەتە ناوچەیەك جێگای گرنگیپێدانی هەموو دەوڵەتە پێشكەتووەكان ، ئەوە لەكاتێكدا واشنتۆن تائێستاش هیچ ئامادەییەكی نییە بەرگری لەبەرژەوەندییەكانی خۆی لەو ناوچەیەكە بكات.

هەر بەگوێرەی راپۆرتەكە، سوپای ئەمەریكا هیچ بنكەیەكی سەربازی یان كەشتی یان فرۆكەیەكی نییە بتوانێت لەو پلەی گەرمییە نزمە كار بكات‌و جەختیكردووەتەوە، تەنیا یەك بەفرشكێنی لەوێ هەیە، كە تەمەنی ٤٢ ساڵە و زۆریش لە رەوشێكی باشدا نییە ، بەڵام واشنتۆن نكۆڵی لەوە دەكات .

گۆڤارەكە باس لەوەش دەكات ، كە روسیا بەشێوەیەكی كردارەكی و زۆر بەهێزەوە بەرگری لە بەرژەوەندییەكانی خۆی لەوێ دەكات، تەنانەت لەم دواییەدا سوپای رووسیا نوێترین ژێردەریایی و فرۆكە و تانكی هەیە كە لەگەڵ كەشوهەوای ئەو ناوچەیە گونجاون .

هەروەك ئاماژە بەوە دەكات، كە سوپای روسیا ٤٠ بەفرشكێنی لەو ناوچەیە هەیە ، ئەوە سەرباری ئەوەی سوپای روسیا پلانی ئەوەی هەیە كەشتی جەنگی ئەوتۆ بنیاد بنێت، كە لەو ژینگە ساردەدا بە مووشەكی باڵدار پڕچەك بكرێت.

بەپێی گۆڤارەكە ئەوە وادەكات پێگەی روسیا لەو كیشوەرە بەهێز ببێت و یارمەتی چالاكییە بازرگانییەكانیشی دەدات كە لەوێ لەگەشەكردندایە ، لەكاتێكدا وڵاتانی تر هێشتا لە گرنگی ئەو ناوچەیە تێنەگەیشتوون كە تاچەند ناوچەیەكی دەوڵەمەندیشە.

رۆژی چوارشەممەش ڤلادیمێر پۆتینی سەرۆكی روسیا سەبارەت بە كیشوەری باكوور لەگەڵ ئەندامانی ئەنجوومەنی ئاسایشی روسیا كۆبووەوە ، كە تێیدا باس لە ستراتیژیەتێكی نوێ كرا بۆ پێسخستن و پەرەپێدانی ناوچەی كیشوەری باكوور تا ساڵی ٢٠٣٥ كە خۆی دەبینێتەوە لە چالاكیی نیشتیمانی و بەرنامەی حكوومی و  پلانی وەبەرهێنانی كۆمپانیاكانی بواری ژێرخانی ئابووری  و بەرنامەی پێشخستنی ناوچەكان و شارەكانی كیشوەری باكووری گۆی زەوی .

ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی