گۆڕان داوای كۆبوونەوەی سێ قۆڵی دەكات
پێش واژووكردنی رێككەوتنی پارتی‌و یەكێتی ئەنجامدەدرێت

کوردستان

29/04/2019‌ 2713 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
"ئەگەری بەهێز ئەوەیە كۆبوونەوەی سێ قۆڵی پێش واژووكردنی رێككەوتننامەی نێوان پارتی و یەكێتی بكەوێت"، ئەوەش بەپێی راپۆرتێكی هەفتەنامەی رووداو.

هەر بەپێی راپۆرتەكە، كە ئەمڕۆ دوو شەممە بڵاوبووەتەوە، سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان، كارتی بانگهێشتنامەی پەرلەمانتارانی بۆ كۆبوونەوەی پەرلەمان چاپكردووە، بەڵام بەهۆی ناڕوونی واژووەكردنی ئەو دوو رێككەوتننامەیەی لە دەرەوەی پەرلەمان كراون، نازانن چ رۆژێك وەك وادەی ئەو كۆبوونەوەیە لەسەر كارتەكە دیاریبكەن، كە لەو بارەوە بەرپرسێكی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێت: "پارتی هەموو هەوڵێك دەدات ئەم هەفتەیە رێككەوتنەكە واژووبكرێت و پەرلەمان كۆببێتەوە".

هەر بەپێی راپۆرتەكە، پەرلەمانی كوردستان، كۆتایی بە هەموو ئامادەكارییەكانی هەمواركردنەوەی یاسای سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان هێناوە بۆ كاراكردنەوەی سەرۆكایەتییەكە، تەنیا یەك دانیشتنی پەرلەمان ماوە بۆ ئەوەی دەنگ لەسەر هەمواركردنەوەكە بدرێت‌و پارتی چاوەڕێیە یاساكە پەسەند بكرێ‌ت بۆ ئەوەی بەربژێری خۆی بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بنێرێتە پەرلەمان، بەڵام ئەو پرۆسەیە چاوەڕوانی دوو واژوویە، كە هەریەكە لەنێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆكی پارتی و كۆسرەت رەسوڵ عەلی، جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی دەیخەنە سەر رێككەوتننامەی كۆتایی نێوان ئەو دوو حیزبە بۆ پێكهێنانی كابینەی حكومەت.

پارتی‌و یەكێتی كەی رێككەوتننامەی نێوانیان واژۆ دەكەن؟ ئەمە ئەو پرسیارەیە، كە ماوەی دوو هەفتەیە لێكدانەوەی جیاوازی بۆ دەكرێت و هێشتا بە تەواوی روون نەبووەتەوە بۆچی بەردەوام وادەی رێوڕەسمی واژووكردنە دوادەكەوێ.

ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، كە نەیویست ناوی بڵاوبكرێتەوە وتی: ئەوان هۆكاری ئەو دواكەوتنە نین و ساز و ئامادەن هەركاتێك لەلایەن پارتییەوە ئاگاداربكرێنەوە بۆ واژووەكردنەكە، "ئێمەش تێناگەین بۆچی دوادەكەوێ، یان ئەوەتا پارتی لە نێوخۆی بەربژێرەكانی ساخ نەكردووەتەوە یان ئەوەتا گرفتی ئەوەی هەیە بزووتنەوەی گۆڕان زۆر زیاتر لە پشكی خۆی پۆستی بەركەوتووە. ئێمەش زیاتر لە بەركەوتەی خۆمان پۆستمان وەرگرتووە، ئێستا پارتی ئەوەندەی پۆست بۆ نەماوەتەوە".

ئەو ئەندامەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی هەروەها وتیشی: "پارتی بەهۆی پەلەكردنی لەگەڵ گۆڕان كە پۆستی زۆری پێدان، ناچار بوو لەگەڵ ئێمەش رێكبكەوێ و بە داواكارییەكانمان رازی بێت، پێدەچێت كەمی پۆستەكانی خۆی گرفتی ئەوەی بۆ دروستكردبێت كە بەربژێرەكانی ئامادە بكات، هەرچۆن بێت پرسی دواكەوتنی واژۆكردنەكە لای ئێمە نەماوە".

بەڵام ئەندامێكی دیكەی سەركردایەتی ئەو حیزبە دەڵێت: "پارتی بەهۆی دڵڕاگرتنی گۆڕانەوە كاتەكەی درێژ كردەوە، چونكە بەهۆی ئەوەی جێگرێكی دیكە بۆ سەرۆكی هەرێم زیاد كرابوو، دەبوو دەرفەت بداتە گۆڕان تاوەكو گفتوگۆی زۆرتری نێوخۆیی خۆیان بكەن و لەوە زۆرتر رووبەڕووی رەخنەی نێوخۆیی نەبنەوە".

هەروەها وتیشی: "پرسی جێگرەكان بڕاوەتەوە و ئێمە جێگری سەرۆكی هەرێم بۆ كاروباری سەربازیمان وەرگرتووە و گۆڕانیش بە وەرگرتنی جێگری سەرۆكی هەرێم بۆ كاروباری ئیداری و سیاسی قایل بووە، بۆیە چاوەڕوانین لەم هەفتەیەدا هەنگاوە كردەییەكان بۆ پێكهێنانی حكومەت دەستپێبكەن".

بەڵام راوێژكارێكی مەكتەبی سیاسی پارتی رەتیدەكاتەوە حیزبەكەی گرفتی لەو رووەوە هەبێت "ئەوەی لەم پرۆسەیەدا كێشەی نەبێت و بێ كێشە بێت، پارتییە". 

عارف روشدی دەڵێت: خەڵك مافی خۆیەتی بێزار بووبێت لە چاوەڕوانی، دەبوو ئێستا حكومەتی نوێ كاری خۆی بكردایە، بەڵام پارتی نایەوێ لایەنەكان بە كێشەوە بێنە ناو حكومەتەوە :"هەر بۆیە دەرفەتی زۆری داوە بە هەموو لایەك تاوەكو كێشەكانیان چارەسەر بكەن و كەس بە گلەییەوە نەیەتە ناو حكومەتەوە، چونكە هەندێك لایەن بە كێشەی وەرگرتنی پۆستی زیاتر كاتی زۆریان كوشت".

پەرلەمانتارێكی بزووتنەوەی گۆڕان، لە لیژنەی یاسایی پەرلەمانی كوردستان دەڵێت: بڕیار وابوو رۆژی چوارشەممەی پێشوو پەرلەمانی كوردستان كۆبوونەوەی سێیەم بۆ گفتوگۆكردن لەسەر كاراكردنەوە و هەمواری یاسای سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان بكات، هەموو ئامادەكارییەكیش كرابوو "بەڵام دیارە شتەكان لەسەرووی دەسەڵاتی فراكسیۆنەكانەوەیە و خودی كاك نێچیرڤان بارزانی، لەگەڵ ئەوەبوو هەندێك دوای بخەین". 

جەلال محەممەد دەشڵێت: "پڕۆژە یاسای هەمواركردنەوەی یاسای سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان و هەڵبژاردنی، لەماوەی ئەو دوو هەفتەیەدا بەشێوەیەك ئامادەكراوە پارتی و یەكێتی و گۆڕان تێبینیان لەسەری نەماوە، بۆیە هەر كاتێك پەرلەمان كۆبووەوە، گفتوگۆ لەسەر پرۆژە یاساكە ناكرێت و یەكسەر دەخرێتە دەنگدانەوە. لیژنەی یاسایی لە كۆبوونەوەكەدا رەشنووسەكە دەخوێنێتەوە و دواتر دەخرێتە دەنگدانەوە".

قۆناغەكانی گفتوگۆی نێوان سێ لایەنە پێكهێنەرەكەی كابینەی نوێ‌، هەڵكشان و داكشانی زۆری بەخۆیەوە بینی. پارتی دیموكراتی كوردستان، لە مانگی تشرینی دووەمی رابردووەوە دەستی بە دانوستاندن كرد لەگەڵ لایەنە براوەكانی هەڵبژاردن و لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان زووتر پێكهات. بەڵام لەگەڵ یەكێتی نیشتمانی كوردستان چەند جارێك لە بنبەست نزیكبوونەوە.

بەڵام زیادكردنی جێگرێكی دیكە بۆ سەر‌ۆكی هەرێمی كوردستان، یەكێتی هێنایە ژێر باری رێككەوتن و قایل بوون بە بەشداری لە كۆبوونەوەكانی پەرلەمان. ئەو جێگرەی، بزووتنەوەی گۆڕانی هەنگاوێك بردە دواوە لەگەڵ پارتی. بەپێی زانیارییەكان گۆڕان چوار داخوازی خستبووە بەردەم پارتی لە بەرامبەر رازیبوون بە زیادكردنی جێگری دووەم بۆ سەرۆكی هەرێمی كوردستان كە ئەوانیش: یەكەم: وەرگرتنی وەزارەتی پێشمەرگە. دووەم: زیادكردنی دەستەیەك بۆ پشكەكانی بزووتنەوەی گۆڕان. سێیەم: دەسەڵاتدان بە یاریدەدەری سەرۆكی حكومەت بۆ چاكسازی. چوارەم:  یەكخستنی یەكەكانی حەفتا و هەشتای پێشمەرگە لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگە لە ماوەیەكی دیاریكراودا.

ئەندامێكی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان كە نەیویست ناوی ئاشكرا بكرێت، دەڵێت: "دواهەمین پێشهات ئەوەیە كە پارتی رازی بووە بە داواكاریی چوارەم بۆ ئەوەی یەكەكانی حەفتا و هەشتا بە زوویی تێكەڵ بكرێن لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگە". 

ئەو ئەندامەی جڤاتی نیشتمانی گۆڕان وتیشی: "پارتی بەوە رازی بووە، بۆیە ئێمە پێمان باشە و ئەگەری بەهێز ئەوەیە كۆبوونەوەی سێ قۆڵی پێش واژۆكردنی رێككەوتننامەی نێوان پارتی و یەكێتی بكەوێت".

هاوكات فەرید ئەسەسەرد، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی سەبارەت بە كۆبوونەوەی سێ قۆڵی دەڵێت: "ئەگەر كۆبوونەوەی سێ قۆڵی بۆ ئەوەبێت باسی پۆستەكانی تێدابكرێت و باس لەوە بكرێ لە بەرامبەر ئەوە بەوە رازی دەبین، ئەوە ناكرێت، چونكە ئێمە لەگەڵ پارتی رێككەوتنمان كردووە و گۆڕانیش لەگەڵ پارتی رێككەوتنی كردووە و باشترە لەگەڵ پارتی كۆببنەوە"، بەڵام گوتیشی: "ئەگەر كۆبوونەوەكە بۆ دانانی بەرنامەی حكومەت بێت بۆ چاكسازی، ئەوا پێمان خراپ نییە".

بەرپرسێكی یەكێتی دەڵێت لاریان نییە لە یەكگرتنەوەی هێزەكانی 70 و 80ی پێشمەرگە. مستەفا چاوڕەش، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی كە داوای لە یەكێتی كردووە بیكەن بە وەزیری پێشمەرگە، دەڵێت: "ئێمە خۆمان بە ئاڵاهەڵگری ئەو مەسەلەیە دەزانین و هیوادارین كە حكومەت پێكهات، بەزوویی كاری لەسەر بكرێ و ئەو هێزانە بكرێنە هێزی خەڵك، ئێمە لای خۆمانەوە كێشەمان نییە. كاتی خۆشی هەر ئێمە و پارتی بووین ئەو لیوایانەمان یەكخست".

هـ ـ ح