سێبەری جەنگێكی گەورە لەناوچەكە
فڕۆكە هەڵگرێكی ئەتۆمی ئەمریكی بەرەو كەنداو بەڕێوەیە

جیهان

29/04/2019‌ 6244 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
كەناڵی ئاسمانی حەدەس لە بەرنامەی (حەدەس الیوم) دا، تاوتوێی پرسی هاتنی هێزەی سەربرای دیكەی ئەریكای كرد بۆ ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست‌و بڵاویكردەوە، كە چەند كەشتییەكی جەنگی ئەمریكی بەپێشەنگی فڕۆكەهەڵگری ئەتۆمی (جۆن سی ستێنس) ، لەماوەی چەند ڕۆژەی داهاتوودا دەگەنە‌ كەنداوی عەرەبی. 

بە گویرەی ڕاپۆرتە رۆژنامەوانییەكانیش ئەركی ئەو كەشتییانە وەڵامدانەوەی هەر كارێكی دوژمنكارانەی ئێرانە لە ناوچەكە.

هەر بەگوێرەی ڕاپۆرتێكی كەناڵەكە،‌ ڕۆژنامەی "وڵستریت جۆڕناڵ" ی ئەمریكی لەسەر زاری بەرپرسێكی وەزارەتی بەرگری ئەمریكاوە ڕایگەیاندووە كە گەیشتنی ئەو هێزەی ئەمریكا بۆ ناوچەكە ئامانجی برەودانە بە بڵاوەپێكردنی هێزەكانی ئەمریكا لە ئاوەكانی كەنداو وەك ستراتیژییەك بۆ مامەڵەكردن دژ بە گریمانەی هەر كارێكی دوژمنكارانەی ئێران لە ناوچەكە.

فڕۆكە بارهەڵگرە ئەتۆمییەكە بۆ ماوەی 2 مانگ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست جێگیر دەبێت و بەردەوامیش لە ئاوەكانی كەنداودا لە جوڵەدا دەبێت. ‌چاودێران پێیان وایە ئەم جوڵەیەی ئەمریكا باڵادەستییەكی ئەرێنی بۆ واشنتۆن دەستەبەر دەكات لە سەنگەرگرتنی هێزەكانی لە ئاوەكانی كەنداودا ئەگەر ئێران ڕێوشوێنە دوژمنكارییەكانی خۆی پیادە بكات لە ناوچەكەدا.

ئەو جوڵە سەربازییەی ئەمریكا لە كاتێكدا هات كە بەرپرسێكی پاسەوانی شۆرشی ئێرانی ڕایگەیاندبوو كە گوایە ووڵاتەكەی تەكنەلۆجیای موشەكە بالیستییەكانی دەستكەوتووە، ئەكەش سنورێك بۆ جوڵەی فڕۆكە هەڵگرەكانی ئەمریكا لە كەنداودا دادەنێت و واشنتۆنیش ناچار بە پاشەكشە دەكات.

هەر لەو پرۆگرامەدا دكتۆر مستەفا عانی بەڕێوەبەری سەنتەری كەنداو بۆ توێژینەوەكان لەو بارەوە گووتی: "ئەو هێزه ئەمریكییەی ڕەوانە كراوە هەر تەنها فڕۆكە هەڵگرنین، بەڵكو كۆمەڵەیەكی شەڕكەرە، واتا سوپایەكی تێر و تەواوە، هاتووە جەنگێك بەڕێوەبەرێت، واتە كردەیەكی سەرازی تێر و تەواو، 17 پارچە جەنگی دەریایی لەخۆ دەگرێت، هێزی پیادەی دەریایی و ڕادار و موشەك لەخۆ دەگرێت".

مستەفا عانی وتیشی: "بێگومان دوای سەپاندنی سزاكان بەسەر ئێراندا، لە دوای هەڕەشەكانی ئێرانیش و تاقیكردنەوەی دوا موشەكی ئێرانی لەم دواییانەدا، واپێدەچێت سەركردایەتی ئەمریكا هەستی بەوە كردبیت كە پێویستییەك هەیە كە پەیامیك بۆ ئێران بنێرێت بەوەی ئەو هێزانە لەبەر دەرگای ئێران وەستاون و ئاماباشن بۆ هەر كردەیەكی سەربازی".

شرۆڤەكاری ناوبراو هەروەها وتیشی: ئەو هێزانە بۆ دەمكوتكردنن، پەیامێكە بۆ تاران كە هێزەكانی ئەمریكا باڵادەستییەكی بەرچاویان هەیە بەسەر هێزە ئێرانییەكانەوە، ئەو هێزانە لە دەرەوەی ئاوە هەرێمییەكانی ئێران سەنگەر دەگرن، ئەو هێزانە لە لایەن هێزی سەر ووشكانیشەوە كە لە كەنداو شوینەكانی سەنگەریان گرتووە پاڵپشتی دەكرێن.

عانی ئاماژەی بەوەشدا، ئەگەر ئەو هێزانە لە كردەی دەمكوتكردن (ردع) شكستیانهێنا، توانستی ئەوەیان هەیە بكەونەكار، واتە دەتوانن ئەركی گەورە ئەنجام بدەن، ئێمە باس لە 130 فرۆكە دەكەین ، لە كاتیكدا ئێران تەنها 60 فڕۆكەی هەن كە توانستی فڕینیان نییە لە بەرامبەر ئەو هێزانەدا".

سەبارەت بە كردەی دەمكوتكردنیش عانی وتی: "ئێران دەتوانێت نەوت بەرهەمبهێنێت و بیگوازێتەوە و بیشیفرۆشێت، گرفت لەمەدا نییە، دەمكوتكردنەكە بۆ ئەو لایەنانەیە كە كڕیاری نەوتی ئێرانین، چونكە سزا تازەكان دژی ئەو لایەنانەن كە نەوتی ئێران دەكڕن نەوەك خودی ئێران".

ناوبراو ئەوەشی وت: ئێران دەیەوێت پەیامیك ئاراستەی سعودیە و كوێت و ئیماڕات بكات، سەبارەت بە ڕوسیا و چین وتی: "چین و تەنانەت ڕوسیاش پەلەقاژەیەك دەكەن و پشێوییەك دروست دەكەن، بەڵام لە كۆتایدا باڵادەستی ئەمریكا بەسەر سیستەمی نێودەوڵەتی و بە تایبەتیش بەسەر سیستەمی دارایی نێودەوڵەتییەوە، وا دەكات هەموو لایەك بە بریارەكەی ئەمریكاوە پابەندبن.ڕوسیا و چین وەك دەوڵەت پابەند نابن، بەڵام كریارە ڕاستەقینەكانی نەوت كۆمپانیاكانن كە سەر بە دەوڵەتن و بە شێوەیەكی ئەهلی بەڕێوەدەچن ڕایانگەیاندووەكە پابەندی ئەو بڕیارەن. بۆیە بە لای منەوە هاشوهوشی دەوڵەت و بەرپرسەكانیان گرنگ نین، چونكە لە كۆتایدا كۆمپانیاكان كڕیاری نەوتن، بە گویرەی زانیاریەكانمان هەموو بانك و كومپانیاكانی چین و ڕوسیا پابەندی خۆیان بە بریارەكانی ئەمریكاوە ڕاگەیاندووه".

سەبارەت بە ئەگەری ڕووبەڕووبوونەوەی واشنتۆن و ئێرانیش عانی گووتی: "ڕووبەڕووبوونەوە بە دوو شێوە دەبێت؛ یان لایەنێك لە لایەنەكان دەست بە ئەنجامدانی كردەیەكی سەربازی دەكات دژ بە لایەنەكەی دیكە بەوەی رووداوێك بخوڵقێنێت، ڕووداوەكەش هەڵكشێ و پەرەبستێنێت، پەرەسەندنەكەش ڕووبەڕووبوونەوەی لێبكەوێتەوە. یاخود بە رێكەوت ڕووبدات وەك ئەوەی بەلەمێكی پاسەوانی شۆرشی ئێرانی لە فڕۆكە هەڵگرەكەی ئەمریكا یان هەر چارچەیەكی دەریایی دیكەی ئەمریكا نزیك بێتەوە، ئەمشە تەقەی لێبكەوێتەوە ، بەمەش ئەو ڕووداوە بچوكە گەورەتربێت و جەنگی لێبكەوێتەوه".

لە كۆتایشدا مستەفا عانی وتی: "پێم وایە ئێران هیچ بەرژەوەندییەكی لەوەدا نییە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئەمریكادا ڕووبدات، بۆیە لەم پرسەدا ئێران ورویای ئەوە دەبێت هیچ ڕووبەڕووبوونەوەیەك ڕوونەدات نەوەك ئەمریكا".

وەرگێران: لوقمان حاجی قادر

بەپەلە