شادەماری گواستنەوەی نەوتی جیهان
بەژمارە.. گەرووی هورمز چ كاریگەرییەكی لەسەر ئابووری جیهان هەیە

جیهان

16/05/2019‌ 1142 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
هەركاتێك ئێران گوشاری بخرێتەسەر  یەكسەر هەڕەشەی داخستنی گەرووی هورمز دەكات ، ئەو رێرەوە ئاوییەی بە شادەماری گواستنەوەی نەوتی جیهان دادەنرێت .

دوای هێرشكردنە سەر دوو وێستگەی نەوتی سعودی و چەند كارێكی تێكدەرانە بۆسەر چەند كەشتییەكی گواستنەوەی نەوتی ئیماراتی ، جارێكی تر ناوی ئێران نووساوەتەوە بەئەو ڕێرەوە ئاوییەوە ، ئەو هێرشانەن گومانی دەستهەبوونی ئێران تێییاندا دەوروژێنن ، بەتایبەت پێشتر سوپای پاسدارانی ئێران هەڕەشەی ئەوەی كردبوو ئەگەر بێت و رێگری لە ئێران بكرێت نەوتەكەی هەناردە بكات ، ئەوە ئێرانیش رێنادات نەوت لەو ڕێرەوە ئاوییەوە بڕواتە بازاڕەكانی جیهان .

گرنگی گەرووی هورمز لەچیدایە؟
گەرووی هورمز ئێران و سوڵتاننشینی عوممان لەیەكتر جیادەكاتەوە و هەردوو كەنداوی فارسی بە كەنداوی عوممان و دەریای عەرەبەوە دەبەستێتەوە ، هەروەك لەوێشەوە هەناردەی نەوتی وڵاتانی ناوچەكەش هەناردەی بازاڕەكانی جیهان دەكرێت ، كە ژمارەكان دەڵێن كە رۆژانە ٢٠ بۆ٠ ٣٠ كەشتی گواستنەوەی نەوت لەوێوە نەوت دەگوازنەوە.

گەرووی هورمز ، كە پانییەكەی٥٠ كیلۆمەترە و قووڵییەكەی ٦٠ مەترە ، یەكێكە لە كۆنترین رێرەوە ئاوییەكانی جیهان .

ئەو رێرەوە ٨٠% ی نەوتی هەناردەكراوی بۆ وڵاتانی ئاسیا پێدا تێپەردەبێت ، هەروەك ٣٠%بۆ ٤٠% هەموو نەوتی گواستراوەی دەریایی جیهانی پێدا دەروات .

بەپێی ئامارەكانی ئیدارەی زانیارییەكانی وزەی ئەمەریكی لە ساڵی ٢٠١٦ رۆژانە ١٨،٥ ملیۆن بەرمیل نەوت لەو رێرەوەوە هەناردەی دەرەوە كراوە.

هەروەك لەساڵی ٢٠١٧ رۆژانە ١٧،٢ ملیۆن بەرمیل نەوتی خاو  لەڕێگای گەرووی هورمزەوە نێردراوەتە بازارەكانی جیهان ، وە لەساڵی ٢٠١٨ دا نزیكەی ١٧،٤ ملیۆن بەرمیل نەوتی خاو رەوانەی بازارەكانی جیهان كراوە.

ئایا هەڕەشەكانی ئێران جددین ؟
چەند رۆژیك پێش ئێستا بەرپرسێكی باڵای سوپای پاسدارانی ئێران گوتی "ئەگەر بێت و رێگریمان لێبكرێت لەگەرووی هورمزەوە نەوت هەناردە بكەین ئەوا ئەو رێرەوە دادەخەین ".

چاودێرانیش پێیان وایە كە بۆ ئێران قورسە بەڵێن و هەڕەشەكانی بكاتە كردار ، بەڵكو دەڵێن رەنگە ئێران ئەوەی پێیدەكرێت ئەوەیە كە رەوشە سیاسی و ئەمنییەكە تا ئەوپەڕی بەرەو قەیران بەرێت  .

دەشگوترێت تاران ناتوانێت بەرگەی ئاكامەكانی ئەو كارانە بگرێت كە هەڕەشە بۆسەر كەشتییە جەنگی و بازرگانییەكان لە كەنداوی فارسی درووست دەكەن .

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی