سەرەتای سازش.. ئێران ئامادەی گفتوگۆیە لەگەڵ ئەمریكا

جیهان

19/05/2019‌ 3489 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
دڵەڕاوكێ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی داگرتووە، تەپڵی جەنگ لە لایەن ئەمریكا و لایەنی دیكەی نادیارەوە لێدەدرێت، هێرش كراوەتەسەر بارهەڵگر و لولەبۆرییە نەوتییەكانی سعودیە و ئیماڕات، هەردوو دەوڵەتیش تاران تۆمەتبار دەكەن.

ئەمریكا بەردەوامە لە ناردنی هێزە سەربازییەكانی بۆ ناوچەكە، بە تایبەتیش كە دەوڵەتانی كەنداو بە داواكەی واشنتۆن‌ ڕازیبوون بە دووبارە بڵاوەپێكردنی هێزەكانیان لە ناوچەكە، هەندێك ئەمە بە پێنوێنی (مۆشر) بەرپابوونی جەنگێكی نزیك دەزانن لە نێوان واشنتۆن و تاراندا.

دوێنی سەرەداوی پێشدەستییەكی ئاشتی و كرانەوە بە ڕووی یەكتردا دەركەوت بە ئەنجامدانی دانوستان لە نێوان هەردوولادا، ئەمەش كاتێك ((حیشمەت ئەڵا فەلاحەت)) ی سەرۆكی لیژنەی ئاسایشی نەتەوەیی و سیاسەتی دەرەكی لە پەرلەمانی ئێرانی داوای دەستپێكردنی دانوستانی كرد لە نێوان تاران و واشنتۆن لە قەتەر یان عێراق. داواكە هێشتا لە واقعدا پراكتیزە نەبووە، بەڵام جۆرێكە لە هێوركردنەوەی دۆخەكە، هاوكات باس لەوەش دەكرێت  كە لە ئێستادا، سەرۆكی ئەمریكا ئارەزووی جەنگ ناكات لەگەڵ ئێران.

جەنگی شەڕەقسە 
لەو كاتەی شەڕەقسە و هەڕەشەلێككردنی هەردوولا بەردەوامە، ئەمریكا هێز ڕەوانەی ناوچەكە دەكات و بەرپرسە ئێرانییەكانیش هەڕەشە دەكەن؛ موسەوی سەركردەی گشتی سوپای ئێرانی ووتی ئەمریكا هەر هەنگاوێكی دوژمنكارانە باوێژێت، بەشێوەیەك ووڵامی دەدەینەوە پەشیمان بێتەوە. محەمەد ساڵحی سەركردەی پاسەوانی شۆڕشی ئێرانیش هەڕەشەی ئەوەی كرد كە موشەكه ئێرانییەكان تەنانەت لە مەودایەكی نزیكیشدا دەتوانن كەشتییە جەنگییە ئەمریكییەكانی ناوچەكە بپێكن و ئەمریكاش توانستی هەڵگیرساندنی جەنگێكی تازەی نییە.

فشار هەیە نەك جەنگ 
هەندێك چاودێر پێیان وایە ئەو هەڵكشانەی ڕووداوەكانی نێوان هەردوولا تەنها شانۆگەرییەكە و ئەكتەرە فرەڕەگەزەكان نمایشی تێدا دەكەن، ئەمەش ڕای ڕەحیل غوڕابییەی چاودیری سیاسی ئوردونییە كە ڕۆژنامەی نیویۆڕك تایمز قسەكانی گواستۆنەوە ، غوڕاببیە دەشڵێت ئەم هاشوهوشە تەنها بۆ فشارخستنەسەر ئێرانە و بەس.

هەر بە گوێرەی ڕۆژنامەی نیویۆڕك تایمز، جۆزێف فەهیمی ڕەخنەگری سینەمایی میسریش دەڵێت ئەمە یەكەمجار نییە تڕەمپ هەڕەشە دەكات، ئەگەر هەرەشەكانی 3 ساڵی ڕابردووی ڕاست و دروستبان، ئیستا شەڕ لەگەڵ چین و كۆریای باكور و مەكسیك هەڵگیرسابوو.

ڕۆژنامەی تایمی ئەمریكی لەسەر زاری هەندێك بەرپرسی پنتاگۆنەوە ڕایگەیاندووە كە پلانێكی ڕاستەقینەی جەنگ نییە دژ بە ئێران.
 
هەندێك لە ڕەووتە سیاسییەكانی ناو ئێرانیش بەر‌پابوونی جەنگ بەدوور دەزانن، موجتەبی زوو نور – ی ئەندامی ئەنجومەنی شورای ئێرانی پێی وایە هیچ پێنوێنێك نییە بۆ هەلگیرسانی جەنگ لە ناوچەكە.

دنەدانی سعودیە و ئیماڕات و ئیسڕائیل
بیرۆكەی هیرشكردنە سەر ئێران تەنها جێگەی ڕەزامەندی 3 دەوڵەتە، ئەوانیش هەریەك لە سعودیە و ئیماڕات و ئیسڕائیلن، هەروەك واشنتۆن پۆست لە ڕاپۆرتێكی دوێنێدا نووسیوویەتی.

واشنتۆن پۆست ئاماژەی بەوەش كردووە كە ئەو 3 دەوڵەتە لەگەڵ هاتنەسەركاری تڕەمپ لێی نزیك بوونەوە، هەندێك لە لێدوانە سعودییەكانیش ئارەزووكردنی ڕاستەقینەن بۆ بەرپاكردنی جەنگ، وەك لێدوانەكانی خالید بن سەلمانی وەزیری بەرگری سعودیە كە هێرشەكانی ئەم دوایەی سەر دامەزراوە نەتییەكانی سعودیەی دایەپاڵ ئێران.

ڕۆژنامەی عەرەب نیوزی سعودی كە بە زمانی ئینگلیزی دەردەچێت، پێی وایە لە بەرامبەر هێرشەكانی ئەم دوایەی تاران بۆسەر دامەزراوە نەوتییەكانی سعودیە،  دەبێت واشنتۆن هێرش بكاتە سەری ئێران،. ڕۆژنامەكە زمانحاڵی حكومەتی سعودیەیە، داوای ئەوەشی كردوە بە توندی هێرش بكرێتەسەر ئێران.

چوونە دانوستانەوە
هەندێك سەرچاوە ئاماژە بە بوونی نێوانگیرییەكی سویسری دەكەن لە نێوان هەردوولادا، ئەمەش یەكانگیرە لەگەڵ قسەكانی گەورە بەرپرسێكی ئەمریكی ئیدارەكەی تڕەمپ بەوەی ووڵاتەكەی چاوەڕێی ئەوەیە پەیامی دانووستانی لە لایەن ئێرانەوە پێ بگات.

سەرباری فشارەكانی سەر تڕەمپ لە لایەن هەندێك لە بەرپرسانی ئیدارەكەیی و هاوپەیمانەكانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەڵام واچاوەڕوان دەكرێت بژاردەی لەپێشینە و یەكەم دانوستانی نێوان هەردوولا بێت، بە تایبەتیش كە دۆخی نێودەوڵەتی دژ بەو هەڵكشانەیە  كە لەوانەیە گڕ بەرداتە بازاڕەكانی نەوت و سەقامگیری نێودەوڵەتیش تێكبدات. بۆیه ئامانجی ئەو شەڕە قسەیە بەدەستهێنامی گەورەترین دەستكەوتە لەسەر مێزی دانوستاندا.

سەرچاوە: ن پۆست
وەرگێران: لوقمان حاجی قادر