یەکێتی: لە هەولێرەوە دژایەتی خەڵکی کەرکوک دەکرێت

کوردستان

20/05/2019‌ 728 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
مەڵبەندی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە کەرکوک رایدەگەیەنێت، هیچ پەیوەندیەکیان لەگەڵ پارێزگاری بە وەکالەتی کەرکوک نییەو دەشڵێت، لە هەولێرەوە دژایەتی کەرکوک و خەڵکەکەی دەکرێت.

رەوەند مەلا مەحمود جێگری بەرپرسی مەڵبەندی یەکێتی لە کەرکوک لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند" ئێمە وەک یەکێتی هیچ پەیوەندیەکمان لەگەڵ پارێزگاری بەوەکالەتی کەرکوک نییە،بەڵام ئێمە ناچارین بۆ رایکردنی کارەکانی هاوڵاتیان پەیوەندیمان لەگەڵی هەبێت، چونکە ئێمە لە کەرکوکین نەک لە دەرەوەی کەرکوک".

ئاماژەی بەوەشکرد، ژمارەیەک بەرپرسی پارتی لە هەولێرەوە دژایەتی کەرکوک و خەڵکی کەرکوک دەکەن، داواشی لە پارتی کرد چی تر لێدوان لەدژی خەڵکی کەرکوک نەدەن و لەجیاتی ئەوە بگەڕێنەوە شارەکە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و ئەنجامدانی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگا.

رەوەند مەلا مەحمود وتیشی" بەرپرسێکی پارتی دەلێت لە کەرکوک نەوت بە تانکەر دەفرۆشرێت ئەوان با فەرموون بچن لە بەغدا شکات بکەن بزانن ئەو نەوت دەفرۆشرێت بە تانکەر و هی کێین ئەوانە، ئەی بۆچی پێش ریفراندۆم کە زۆر ئامۆژگاریمان کردن نەیکەن رێگەیان نەدەدا پۆلیسێکی یەکێتی لە پردی بایحەسەن ببپەڕێتەوە و نەوتیان دەبرد".

ئەو بەرپرسەی یەکێتی داواش لە پارتی دەکات بەرپرسانە لەسەر کەرکوک قسە بکەن و دۆخەکە ئاڵۆز نەکەن، جەختیش دەکاتەوە ئەگەر پارتی لە خەمی خەڵکی کەرکوکە با بگەرێتەوەو کۆبوونەوەی ئەنجومەن بکرێت.

هاوکات جێگری بەرپرسی مەڵبەندی یەکێتی لە کەرکوک باس لەوە دەکات،  پێویستە موسڵ و کەرکوک بەیەک چاوسەیر بکرێت کە بەوتەی خۆی ناکرێت عێراق لە موسڵ بەشەریک بزانیت، بەڵام لە کەرکوک بە داگیرکەر.
س.هـ


 

بەپەلە