هیندییەكان ئەمریكا بەرێوەدەبەن‌و سەركردایەتی جیهانیش دەكەن

جیهان

22/05/2019‌ 2531 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
پێشبینی دەكەم هیندییەكی كۆچبەر، پێش ساڵی 2050  ، پۆستی سەرۆكایەتی ئەمریكا  بەرێتەوە، واتە لە ئێستاوە بۆ نەوەیەكی دیكە. لەگەڵ دانانی "سۆندار بیشای" بە سەرۆكی جێبەجێكاری كۆمپانیای گۆگڵ، ئیدی هەموو ڕیگەكان بەرەو لوتكەن لە بەردەم منداڵانی گەورەترین دەوڵەتی دیموكراسی جیهانیدا.

سۆندار 11 ساڵە لە كۆمپانیای گۆگل كار دەكات، پێشتر بەڕێوەبەر بوو لە بەشی "ئەندرۆید" كە 80% مۆبایلەكانی جیهان كارپێدەكات. كاتێكیش هەردوو كۆمپانیای "مایكرۆسۆفت" و "تویتەر" لە ساڵی 2014  وویستیان لەبن دەستی كۆمپانیای گۆگلی دەرێنن و بیهێنە كۆمپانیاكانی خۆیان، گۆگڵ موچەكەی  بۆ 50 ملیۆن دۆلار بەرز كردەوه، چاوەڕوانی ئەوەش دەكرێت لە دوای وەرگرتنی پۆستە تازەكەی، داهاتی ساڵانەی بگاتە 100 ملیۆن یۆرۆ، بەمەش موچەكەی لە موچەی ئەندازیاری هیندی "ساتیا نادیلا" ی سەرۆكی "مایكرۆسۆفت" زیاتر دەبێت كە 85 ملیۆن یۆرۆ وەردەگرێت.

مەزندەكان ئاماژە بەوە دەدەن كە موچەی 50  لەو‌ بەڕێوەبەرە جێبەجێكارە‌ هندییانەی سەركردایەتی كۆمپانیا ئەمریكییەكان دەكەن، ملیارێك دۆلاری ساڵانە تێدەپەڕێنێت. خۆ ئەگەر تەنها موچەی ئەندازیار و شارەزا تەكنیكییەكانی بخەینەسەر، ئەوا داهاتی ساڵانەیان زیاتر دەبێت لە هەموو ئەو حەواڵانەی ساڵانە میسرییەكانی دەرەوە دەینێرنەوە بۆ ناو میسر كە لە 20 ملیار تێپەڕ ناكات، یان دەكاتە 5 ئەوەندەی حەواڵەی ئو‌ردو‌نییەكان كە 4 ملیار دۆلار.

سەرباری ئەوەی "سۆندار" لە سەرووی هەڕەمی گۆگڵ جێگەی سەرسامییە، بەڵام ئەو هەر تەنها خۆی نییە، بەڵكو وەك ئاماژەمان پێكرد "نادیلا" سەرۆكی "مایكرۆسۆفت" ە، خاتوو "ئەندیرا نوی" یش سەرۆكی كۆمپانیای"بیبسی" یە كە لەو ماوەیە خانەنشینكرا، وە "شانتاو نارایین" سەرۆكی "ئەدوبیی" یە، وە "ئاجای بانجا" سەرۆكی "ماستەركارد" ە ، وە "فیكرام باندیت" سەرۆكی "سیتی گروپ" ە، وە "ئەنشۆ جین" سەرۆكی "دویتش بەنك" ە ، دەیەهای دیكەشمان هەن.

پرسیارەكە ئەوەیە: چ شتێك توانای دایە ئەو گەنجە هیندییانە كە تەمەنیان لە نێوان 40 بۆ 50 ساڵیدایە، سەركردایەتی جیهان بكەن؟
  
لە پەرتووكی "جیهانی دوای ئەمریكا"  فەرید زەكەریا هیندی  خاوەن پرۆگرامی بەناوبانگی "سی ئێن ئێن" و سەرنووسەری  گۆڤاری "تایم" دەڵێت: "ئەمریكا كاری بۆ بەجیهانگیریكردنی جیهان كرد، بەڵام ئەوەی بیرچوو خۆشی جیهانگیر بكات"، ئەمریكا كە جیهانی فێركرد، ئێستا لە جاران زیاتر خاكەڕایە و لە جیهانەوە فێردەبێت. ئەمەش سەرهەڵدانی دیاردەی "هیندو- ئەمریكی" مان بۆ شیكار دەكات. 

لە وتارێكمدا لە ساڵی 2009 بە ناونیشانی "هیندییەكان بەڕێوەن" ، ئاماژەم بۆ لیستێك ناو كرد كە لە كاریگەرترین بیرمەندانی كارگێری جیهانین، لەو لیستەدا 6 كەسیان هیندین. هەر لەو ساڵەشدا هندستان پلەی دووەمی گرت لە دوای ئەمریكا لە ژمارەی فەیلەسوفە مەزنەكانی كارگێری، كەچی بەریتانیا كە بۆ چەند سەدەیەك دەستی بەسەر هندستاندا گرتبوو، لە پلەی سێیەمدا هات. بۆ ئەوەی بیریشمان نەچێت، دەبێت ئەوە بڵێین كە سەرتۆپی لیستەكە ناوی كۆچكردووی هیندی "براهالاد" بوو كە نووسەری پەرتووكی "كێبڕكێ لەسەر ئایندە" یە ، بە دوای ئەویشدا "ڕامان تشاران" ناوی هاتووە كە نووسەری پەرتووكی "جیبەجێكردن" ە، بۆیە دەبێت بپرسین كە نهێنی درەوشانەی كارگێری هندوستانی لە چی دایە؟

لە پەرتووكی "میتۆدی هندستان" دا 4 نووسەرەكەی كە مامۆستای كۆلێژی "وارتۆن بۆ بزنس" ی بەناوبانگن، 4 هۆكار دیاری دەكەن بۆ سەركەوتن و باڵادەستی كارگێڕی هیندییەكان: "كاری تاقەتپڕوكێن و تەواو ڕۆژۆن لە كاردا، خێرایی خۆگونجاندن لەگەڵ گۆڕاوەكاندا، بەدەستهێنانی دەستكەوتی گەورە بە دەرامەتی سنوردار، چڕكردنەوەی بایەخدان بە كۆمەڵگا و خێزان و فەرمانبەران زیاتر لە گرنگیدان بە ئەوانی خاوەنی پشكەكانن". 

لە ڕێگەی بەریەككەوتنم لەگەڵ بەڕێوەبەرە هیندییەكانی ئیماڕات، وە لە ڕێگەی یانەی ووتاربێژی  كە لە گەڵیاندا بەشدارم، وایدەبینم كە نهێنی سەركەوتنیان لەم خاڵانەی خوارەوه ‌دایە: كەلتۆری بەشداریكردن و خاكەڕایی و قبوڵكردنی ئەوی دیكە، لێبڕاوی و كۆڵنەدان و پابەندییان بە بەهای وابەستەبوون و ئاكارناسی كار، سیستەمی فێركاری كێبڕكێكاری كە بایەخ بە بیركاری و ئەندازیاری و زانستەكان دەدات، كێبڕكێی سەرسەختانە لە كاردا. 

لە كاتێكدا دەبینین كە لە ئەوروپا و ئەمریكا پاڵپشتی دارایی بۆ بێكاران هەیە، لە سعودیەش موچە دەدرێتە دەرچووە بێكارەكان، لە ئیماڕاتیش ئامێری فێركردنی زیرەك هەیە بۆ قوتابییەكانیان، لە میسریش كوڕ و كچی بەرپرسان دادەمەزرێن، لە ئوردونیش تەشەبوس (واستە) و كەسكەسێنە و لە دامەزراندن و پلەبەرز كردنەوەكان بوونی هەیە، كەچی هیچكام لەوانەی سەرەوە لە بیروكراسیەتی هیندی تازەدا بوونیان نییە كە دڕی بە جیهان داوە .

لە هندستان دەبێت بە كۆششی خۆت خۆت بدۆزییەوە، بە ئەوپەڕی متمانەداری و خاكەڕاییەوە مەزنترین دەستكەوتەكان بەدەست بێنیت. كاتك لە"جۆباڵ" ی كچە هەرزە هیندییەكەیان پرسی كە نهێنی سەركەوتنی لە چی دایە، ووتی: "هەتا هەوڵدانەكانم زیاتر دەبن، هەلەكانی خۆشبەختیم زیاتر دەبن". "ساكشام كاڕۆڵ" یی 15 ساڵانیش ووتی: "پێویستە بچمە پەیمانگای تەكنەلۆجی هندوستان، ئینجا خوێندنی باڵا تەواو بكەم، ئینجا لە كۆمپانیایەكی جیهانی باڵادا كاربكەم". جێی باسە ئەو پەیمانگایەی كاڕۆڵ ئاواتی بۆ دەخوازێت، هەمان ئەو پەیمانگایەیە كە 20 ساڵ پێش ئێستا، "سوندار بێشای" ی سەرۆكی تازەی كۆمپانیای گۆگڵی لێ دەرچووە.

كەواتە: ئەوەی كۆشش بكات دەدۆزێتەوە، ئەوەی بچێنێت، دەدروێتەوە.

پێگەی ئەلەكترۆنی: EDARA
وەرگێران: لوقمان حاجی قادر