باری تاران قورس بووە.. ملیشیاكان باجی سزاكانی ئەمریكا بۆ سەر ئێران دەدەن

جیهان

27/05/2019‌ 2000 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بە هۆی سزا توندەكانی ئەمریكاوە،‌ باری سەرشانی ئێران زۆر قورس بووە، ئەمەش‌ پشكداری كردووە لە لاوازكردنی هاوپەیمان و بریكار و میلیشیاكانی لە ناوچەكە، ئەمەش بە گوێرەی بەڵگەنامە ڕازگرییە ئەمریكییەكان كە لەم دوایانەدا پەردەیان لەسەر هەڵماڵرا.

بە گوێرەی بەڵگەنامەكان، ئێران بەو میلیشیایانەی گوتووە كە بەدوای سەرچاوەی دارایی دیكەدا بگەڕێن، چونكە ئێران توانای پارەداركردنی ئەو میلیشیایانەی نەماوە، ئەمەش بە گوێرەی تۆڕی هەواڵی "فۆكس نیوز".


ئەم داوایە هاوكات لەگەڵ بانگەشەكەی حزبوڵای لوبنانی بۆ لایەنگر و هەوادارانی كە لە پێناو حزبەكەیاندا ببەخشن، نەسروڵای سەرۆكی ئەو حزبە لە مارسی ڕابردوو، داوای لێكردن پشكدار بكەن لە پشتیوانی حزب بە "جیهادی دارایی" ئینجا سندوقەكانی كۆكردنەوەی بەخششەكانی لە ناوچەكانی خۆی بڵاوكردنەوە.

بەڵگەنامەكان ئەوەشیان ئاشكرا كردووە كە جوڵانەوەی حەماسی فەڵەستینیش تووشی تەنگەتاوی دارایی بووە، بۆیە پەنای بردۆتەبەر پلانی سكهەڵگوشین‌.

سەرباری ئەوەش، داتا ڕازگرییەكانی ئەمریكا ئەوەیان دەرخستووە كە ڕژێمی سوریا بەدەست تەنگژەی سوتەمەنییەوە دەناڵێنێت، هۆكارە سەرەكیەكەشی سزا ئەمریكییەكانی سەر ئێرانن، بەوەی بەرهەمهێنانی نەوتی تا سنوری 1.3 بەرمیلی مانگانە كەمی كردووە.

لەم بارەوە، رۆژنامەی واشنتۆن پۆست لەسەر زاری گەورە بەرپرسێكی میلیشیای حزبوڵاوە ڕایگەیاندووە كە ئەو پارانەی لە ئێرانەوە دەهاتن زۆر كەمیان كردووە، ئەمەش وایلێكردوون خەرجییەكانیان كەم بكەنەوە، وتیشی "بێگومان ئەو سزایانە كاریگەری نەرێنییان هەیە".

"برایان هۆك" ی نێردەی ئەمریكا ی تایبەت بە ئێران پێشتر ڕایگەیاند بوو كە لە مانگی نۆڤەمبەری پێشووەوە، ووڵاتەكەی توانیویەتی ئێران بێبەش بكات لە 10 ملیار دۆلار ، ئەمەش توانستی ئەو ڕژێمەی بەرتەسك كردۆتەوە لە بواری خەرجییەكاندا.

لەسەر ئاستی ناوخۆش وەزارەتی دارایی ئێران بە دەست سزاكانەوە دەناڵێنێت، ئەمە سەركردایەتی ئاسمانی ئەلەكترۆنیشی گرتۆتەوە كە تووشی ئیفلیجی دارایی بووە.

سەرچاوە: سكای نیوز
 وەرگێران: لوقمان حاجی قادر