چۆن عێراق بووە سەرتۆپی لوتكەی عەرەبی لەسعودییە؟

عیراق

04/06/2019‌ 4799 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
عێراق لە 31/5 لە شانشینی سعودیە دیار و بەرچاو دەركەوت، گەمەكە لەو لوتكەیە ورژێنەر بوو، كە لە مەككە بەرێوەچوو، بەرهەم ساڵحی سەرۆك كۆماری عێراق كە كوردە، بە زمانێكی عەرەبی پاراوای قوڕەیشی قسەیكرد، تێیدا بەشێوەیەكی سەرنجڕاكێش، ڕێساكانی زمانەوانەی عەرەبی ڕەچاو كردو حاڵەتەكانی ڕەفع و نەسب و جەری بە باشی و لە شوێنی خۆی بەكاردێنا، ئەمەش بە پێچەوانەی سەركردە عەرەبەكانی دیكەوە بوو، كە دەست و پێی خۆیان لێكجیانەدەكردەوە، چونكە تەنیا بۆیە هاتبوونە لووتكەی عەرەبی مەككە تاوەكو ڕەزامەندی لەسەر بەیاننامەی كۆتایی دەربڕن، كە پێشتر ئامادەكرابوو، پوختەی بێتاوانكردنی ئیسڕائیل و ڕسواكردنی ئێران بوو، چەپڵەلێدان بوو بۆ تاوانەكانی تیرۆر كە سەرچاوەكەی بیروباوەڕەكەی ئالسعودە!

لەڕاستیدا عێراق مامەڵەی سەدەی شكستپێهێنا كە لە سێ لوتكەكەی سعودییە بازاڕی بۆ گەرم دەكرا، شاندی عێراق لەسەرووی هەموو گومانەكانەوە بوو، بەرهەم ساڵحی سەرۆك، وتاری عێراقی پیشكەش كرد كە پێچەوانەی ووتەی هەموو شاندە عەرەبییەكانی دیكە بوو، نە موجامەلە و نە داشكاندن و نە گزی و فرتوفێڵی تێدا بوو، وێنەی گۆرەپانی گەمەی ڕیازی بەرجەستە نەكرد كە دڵخوازی سعودیە بوو،  بەڵكو وێنەیەك بوو بۆ سنورە 1400 كیلۆمەترە دوورودرێژەكەی عێراق لەگەڵ ئێرانی شارستان،، بۆیە ووتەكە شانازی بە هاوسێەتی ئێرانەوە كرد، سەرۆك بەرهەم پڕ بە دەمی ووتی، ڕەتیدەكەینەوە ئێران بكرێتە ئامانج و وابەستەی هاوسێیەتییەكی باشین لەگەڵ تاراندا.

ئینجا سەرۆك كۆمار هۆڵی لوتكەكەی جێهێشت؛ محەمەد حەكیم- ی وەزیری دەرەوەی عێراق جێگەی گرتەوە؛ ئەویش هەر ووتی كە ئاسایشی ئێران ئاسایشی عێراقە، ڕێگە بە كەس نادەین دەستی بۆ بەرێت..

لە كۆتایی كۆنگرەكەدا و لە دوای خوێندنەوەی بەیاننامەی كۆتایی؛ كە 10 خاڵی لەخۆ گرتبوو، هەموو خاڵەكانیش ئێرانیان بە ئامانج گرتبوو. عێراق بەیاننامەكەی ڕەتكردەوە و ناڕازایی خۆشی تۆمار كرد، ڕاشیگەیاند كە لە داڕشتەی كۆتایی بەیاننامەكەدا بەشدار نەبووە.. ئەمەش لێدانێكی كوشندەی بە ئازار بوو بۆ پڕۆژەكەی سعودیە و پاشكۆكانی دژ بە ئێران، ئەوان شكستیان هێناو سەلماندیان كە بۆیە كۆبوونەوە تاوەكو ڕێكنەكەون، ئەوان وویستیان عێراق ڕاكێشنە نێو جوغزەكەی خۆیانەوە، بەڵام سەرۆكی عێراق بی ئومێدی كردن.

ئەوەی كاكە بەرهەم لەو لوتكەیە كردی ، سەلماندی كە لە هەموو سەركردەكانی دیكەی عەرەبی دڵسۆزترە، لە ناو دەهۆل و زوڕنای سەرۆكە بێ وویستەكانی لوتكەی مەكە، بەرگری لە سەربەخۆی عێراق كرد؛ بەرهەم ساڵح ووتی با عێراق لە بەهەشتە ساختەكەی عەرەب و باوەشە گەرمە ڕسواكەی  بێتە دەرەوە، ئیدی لەمەودواش خۆتان سەیركەن كە چۆناو چۆن زمانی میدیاییان دەگۆڕێت، هەوڵ دەدەن لە ڕووی سیاسی میدیاییەوە حكومەتەكەی عێراق شكست پێبێنن، چۆن هەڵكشانی توندوتیژی تایەفی برەو پێدەدەن. 

شێخ محمەد سومەیدەعی موفتی سونە لە عێراق، ئەو پیاوە جوامێرەی خاوەنی خۆی بوو لە كاتێكدا تیرۆری داعش بڕیاری سونەكانی عێراق قۆرغكرد بوو، لە لووتكەی ئیسلامی مەككە كشایەوە و ووتی لوتكەكەتان تایەفییە و گەلەكۆمەكێیە دژ بە ئێران، بۆیە نابینە بەشێك لەو لوتكەیە.

پوختەی قسە ئەوەیە، پێڕە سەرمەستەكەی سعودیە، ئەو خۆشیەیان لە دەستچوو كە ئومێدیان لەسەر هەچڵنی بوو، لەو یاریگایە ئاهەنگیان بۆ نەگێڕدرا كە خۆراك پێدەرانی داعشی سعودی ساز و ئامادەی ئاهەنگێرانیان كردبوو... 

ژیان و سەربەرزی بۆ تۆ ئەی عێراق، بە عەرەب و كورد و پێكهاتەكانی دیكەوە. 

سەرچاوە: ئاژانسی هەواڵی براسا 
وەرگێران: لوقمان حاجی قادر