نێچیرڤان نیگەران‌و تووڕەیە
بارزانی لەنێوان كوڕو برازا مەسروری هەڵبژارد

کوردستان

05/06/2019‌ 13452 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لەكوردەواریدا پەندێك هەیە دەڵێت: باوك حەزناكات كەس لەخۆی پیاوتربێت كوڕەكەی نەبێت.. كە ئەم پەندە دەقاودەق لەهەڵوێستەكانی مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكرات بەم دوایانە رەنگی داوەتەوە.

پارتی دیموكرات، دوای ئەوەی نێچیرڤان بارزانی كاندید كرد بۆ سەرۆكی هەرێم‌و مەسرور بارزانیش بۆ سەرۆكی حكومەت، مەسعود بارزانی كەوتە نێوان دوو بەرداش، كە دەبوو لەنێوان ئەم دوانە یەكێكیان هەڵبژێرێت، كە ئەوەی یەكەم برازایەتی‌و ئەوەی دووەمیش كوڕییەتی.

بارزانی هەرچەندە وای نیشاندەدات، كە لەململانێكان نێوان كوڕەكەی‌و برازاكەی بێ‌ لایەنەو هەوڵی راگرتنی هاوسەنگی نێوانیان لەناو پارتی ‌و حكومداری هەرێم دەدات، بەڵام بەم دوایانە بەروونی دەردەكەوێت پشتگیری مەسروری كوڕی دەكات، نەك نێچیری برازای.

ئەو پشتگیرییەی مەسعود بارزانی بۆ كوڕەكەی بووەتە هۆی تووڕەبوونی برازاكەی‌و بەو هۆیەشەوە نێچیرڤان بارزانی ماوەیەكە هەرێمی كوردستانی بەنیگەرانی بەجێهێشتووە، ئەوەش لەدوای ئەوەی وەك سەرۆكی هەرێم هەڵبژێرا.

نیگەرانی‌و تووڕەبوونی نێچیرڤان بارزانی
مانگی رابردوو پەرلەمانی كوردستان نێچیرڤان بارزانی وەك كاندیدی پارتی دیموكرات بۆ سەرۆكی هەرێم هەڵبژارد، كە لەو كۆبوونەوەیە، فراكسیۆنی یەكێتی نیشتمانی بەهۆی نیگەرانییەكانی لەپارتی بەشداری نەكردو دەنگیان بەسەرۆكی نوێی هەرێم نەدا، كە ئەوە سەرەتای تووڕەبوون‌و نیگەرانی نێچیرڤان بوو، چ لەمەسعود بارزانی، چ لەپارتی دیموكرات.

یەكێتی نیشتمانی بەهۆی ئەوەی پارتی دیموكرات ئامادەنەبوو پۆستی پارێزگاری كەركوكی بۆ یەكلابكاتەوە، پرۆسەی دەنگدانی بەسەرۆكی هەرێم بایكۆت‌و كرد، كە دەنگۆ هەیە، پارتی‌و خودی مەسعود بارزانی بە مەبەست لەوكاتەوە ئامادەنەبوون لەگەڵ یەكێتی ئەو پۆستە یەكلابكەنەوە، بۆ ئەوەی ئەو حیزبە دەنگ بە نێچیرڤان بارزانی لەناو پەرلەمان نەدەن.

بەپێی سەرچاوەكان، پارتی‌و بارزانی لەو هەنگاوە دوو ئامانجیان هەبووە، یەكێك لەئامانجەكان ئەوە بووە، كە نێچیرڤان بارزانی بەكۆی دەنگی پەرلەمان نەبێتە سەرۆكی هەرێم، هەروەها پەیوەندی ئەو لەگەڵ یەكێتی تێكبدەن.

هەر بەپێی سەرچاوەكان، كە شارپرێس تایبەت دەستیكەوتووە، پێش بەرێوەچوونی پرۆسەی دەنگدان نێچیرڤان بارزانی چەند پێشنیازێكی داوەتە مەسعود بارزانی، بەڵام پێشنیازەكانی رەتكراوەتەوە، ئەوەش وای كردووە زیاتر تووڕەو نیگەران بێت لەدوای هەڵبژاردنی وەك سەرۆكی هەرێم.

پێنیازی یەكەمی نێچیرڤان بارزانی ئەوە بووە، كە دەنگدان لەسەر پۆستی سەرۆكی هەرێم دوابخرێت، تا یەكێتی بڕیاری یەكلاكەرەوە بۆ بەشداریكردن لەپرۆسەكە دەدات، پێشنیازی دووەمیشی ئەوە بووە سەردانێكی بەغدا بكات‌و لەدوای كۆبوونەوەی لەگەڵ لایەنە عەرەبییەكان لەگەڵ بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراقیش كۆببێتەوە، كە ئەوە هەنگاوێك دەبێت بۆ ئاسایكردنەوەی پەیوەندی لەگەڵ یەكێتی، بەڵام بارزانی سووربووە لەوەی دەبێت پرۆسەكە وەك خۆی بەرێوەبچێت.

لەئێستادا نێچیرڤان بارزانی ترسی لەوەش هەیە، كە پارتی بگاتە رێككەوتن لەگەڵ یەكێتی‌و لەكاتی دەنگدان بەمەسرور بارزانی وەك سەرۆكی حكومەت لەپەرلەمان، ئەو دەنگی زیاتر بهێنێت، بەوەش پێگەی دەكەوێتە ژێر پرسیارەوە، لەكاتێكدا باڵاترین دەسەڵاتی جێبەجێكردنی هەیە.

ئەگەری دروستبوونی كێشە لەگەڵ یەكێتی
لەبەرانبەر هەوڵەكانی بارزانی، نێچیرڤان بارزانی ئێستا بەئاراستەیەك كاردەكات، بۆ ئەوەی پارتی لەپێدانی جێگری سەرۆكی هەرێم بەیەكێتی وەك ئەوەی لەرێككەوتنی نێوانیان هاتووە پاشگەزبێتەوە، بەهۆی ئەوەی دەنگیان بەسەرۆكی هەرێم نەداوە.

سەرچاوەكان باس لەوە دەكەن، ئەگەر ئەو خواستەی نێچیر سەربگرێت‌و پارتی هەنگاوێكی لەو شێوەیە بنێت، ئەوە كێشەی نێوان هەردوولایان زیاتر دەبێت‌و دەنگە ببێتە هۆی هەڵوەشانەوەی ئەو رێككەوتنەی بۆ پێكهێنانی حكومەت واژوویان كردووە.

بارزانی دەیەوێت كێشەكان چارەسەر بكات
پێچەوانەی ئەو هەوڵەی نێچیرڤان بارزانی ، مەسعود بارزانی ئێستا بەو ئاراستەیە كاردەكات، كە تەواوی كێشەكان لەگەڵ یەكێتی چارەسەر بكات، بۆ ئەوەی لەگەڵ پارتی بۆ پێكهێنانی حكومەت‌و راسپاردنی مەسرور بارزانی بۆ دروستكردنی كابینەكەی بچنە پێشەوە.

بۆ ئەو مەبەستە بارزانی بەبڕیارێك لەرۆژی دوو شەممەی رابردوو هەڵمەتی میدیایی لەسەر یەكێتی راگرت، هەروەها خەڵكی راسپاردووە، بۆ ئەوەی لەگەڵ بەرپرسانی یەكێتی گفتوگۆ بكەن، بەمەبەستی گەشتنە چارەسەرو هەڵبژاردنی كەسێك بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك.

مەرجی یەكێتی بۆ رێككەوتن لەگەڵ پارتی، ئەوە بوو، كە دەبێت پۆستی پارێزگاری كەركوكی بۆ یەكلابكاتەوەو لەبەغداش هەماهەنگی‌و رێككەوتنیان هەبێت، كە سەرچاوەكان باس لەوە دەكەن، بارزانی ئامادەیی نیشانداوە ئەو خواستانەی یەكێتی جێبەجێبكات.

هەروەها سەرچاوەكان باس لەوەش دەكەن، كە بارزانی ئێستا دەستبەرداری ئەو بیرۆكەیە بووە، كە فەرەیدوون عەبدولقادر بكرێتە پارێزگاری كەركوك، كە پێشتر پێشنیازی بۆ یەكێتی كردبوو، یەكێتیش ئەو پێشنیازەی رەتكردبووەوە.

بەریەككەوتنی زیاتر.
هەوڵەكانی بارزانی بۆ چارەسەری كێشەكان‌و تووڕەیی‌و نیگەرانی نێچیرڤان بارزانی ئێستا ترسی ئەوەی دروستكردووە، كێشەكانی ناوخۆی پارتی زیاتر ببن‌و ئاراستە جیاوازەكانی ناو ئەو حیزبە زیاتر بەركەوتنیان هەبێت، ئەوەش ببێتە كێشە لەبەردەم پێكهێنانی كابینەی نوێ‌.

هاوكات نێچیرڤان بارزانی لەو ناوەندە ترسی ئەوەشی بۆ دروست بووە، كە خانەوادەی بارزانی‌و تاڵەبانی رێككەوتنی ژێر بەژێرو نهێنیان هەبێت بۆ شكاندنی‌و لەداهاتووش هاوكاری نەكەن وەك ئەوەی سەرۆكی هەموو هەرێمی كوردستان بێت.