گۆڕان ترسی ئەنجامدانی هێرش هەبووە
زانیاری لەسەر تەقەكردن لەمەكۆی سەرەكی گۆڕان لەسلێمانی

کوردستان

11/06/2019‌ 9491 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بزووتنەوەی گۆڕان ترسی لەوە هەبووە، هێرش بكرێتە سەر مەكۆی سەرەكی لەگردی زەرگەتەوەو بەو هۆیەشەوە ئامادەكاری ئەمنی كردووەو ئەوەش رووداوی تەقەكردنی لێكەوتووەتەوە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی لەدوو سەرچاوەی ئاگادار دراوە بەشارپرێس، شەوی رابردوو لەناو یەكێتی نیشتمانییەوە، ئاگاداری بەرپرسانی گۆڕان كراوە، كە ئەگەر هەیە هێرشیان بكرێتە سەر.

هەر بەپێی زانیارییەكان، بەهۆی ئەو ئاگادارییەوە، بزووتنەوەی گۆڕان، تەواوی یەكە پاسەوانییەكانی خستووەتە ئامادەباشییەوەو هێزی خۆبەشخیشی لەنزیك گردی زەرگەتە لەشاری سلێمانی، كە مەكۆی سەرەكی بزووتنەوەكەی لێیە كۆكردووەتەوە.

سەرچاوەكان باس لەوە دەكەن، لەئەنجامی كۆبوونەوەی ئەو هێزانەو دەمەقاڵەیان لەگەڵ بەشی پاسەوانی بینایەكی نزیك گردی زەرگەتەوە، تەقەكردن دروست بووەو بەو هۆیەوە كەسێك كوژراوەو چەند كەسێكی تریش بریندار بووە.

لەبارەی هۆكاری هەڕەشەكان بۆ سەر گۆڕان، سەرچاوەكان ئاشكرایانكرد، كە پەیوەندی بەهەڵوێستەكانی ئەم دوایەی بزووتنەوەكە بۆ بەشداری لەحكومەت هەیەو سەرچاوەی هەڕەشەكانیش چەند بەرپرسێكی سەربازی دەسترۆیشتوو بوون.

ئەمە لەكاتێكدایە، مانگی پێنجی ساڵی رابردووش، لەدوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەرپرسێكی یەكێتی تەقەی لەمەكۆی سەرەكی گۆڕان كردو بەو هۆیەوە پەیوەندی هەردوو حیزب كەوتە خراپترین دۆخییەوەو تائێستاش پەیوەندییەكانیان ئاسایی نەبووەتەوە.

هـ ـ ح