چوار ڕێگای ئاسان بۆ گەیشتن بە بەختەوەری مرۆڤەكان

تەندروستی

12/06/2019‌ 2269 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
چۆن دەتوانین بەختەوەر بین ؟ پێدەچێت پرسیارەكە روون بێت ، بەڵام مرۆڤ لەژیانیدا بەردەوام ئەو پرسیارە دووبارە دەكاتەوە.

گەلێك گریمانە بۆ دەستكەوتنی خۆشبەختی هەیە كە رەنگە ئەوەی لەهەموویان زیاتر جێی مشتومر بێت ئەوەیانە كە دەڵێت پارە سەرچاوەی خۆشبەختییە ، بەڵام پرۆفیسۆر سانجیف چوبرا پرۆفیسۆر لە زانكۆی هارڤارد لەگەڵ ئەو گریمانەیە هاوڕا نییە .

چوبرا لەچوارچێوەی وانەیەكی بەرنامەی تید تۆك دەڵێت ئەگەر لە بلیتێكی بەخت ٢٠ ملیۆن دۆلارت بۆ دەربچێت ئەوە بەختەوەرت ناكات ، لێكۆڵینەوەكان دەڵێن ئەوەیان بلیتی بەختیان بۆ دەرچووە دوای ساڵێك لەرووی هەستكردن بە خۆشبەختی هاتوونەتەوە سەر هەمان بارودۆخی پێشوویان یان كەمێك خراپتر بوون .

لەچوارچێوەی بەرنامەی تێد تۆك پرۆفیسۆر چوبرا چوار بابەتی دیاریكردووە كەبەرای ئەوە پەیوەندییان بە خۆشبەختییەوە هەیە .

1 – خێزان و هاوڕێ 
بەهێزی پەیوەندی بەو كەسانەی متمانەمان پێیان هەیە هۆكاری سەرەكییە بۆ دڵخۆشیمان ، چوبرا دەڵێت " بەوریایی هاوڕیكەت هەڵبژیرە و هەرشتێكی باش ئەگەر بچووكیش بیت پیرۆزبایی لێبكە".

2 – لێبووردەیی 
توانات لەلێبووردەیی قورسایی ڕق و قینە لەسەر لادەبات و كاریگەری باشی دەبێت لەسەر ئاستی دڵخۆشی و بەختەوەریت 

3 -بەخشین
یەكێك لەڕێگا هەرە گونجاوەكانی خەرجكردنی پارە بریتییە لەوەی لەكاری خێرخوازی و بەخشین و یارمەتیدانی خەڵكیدا بێت ، توێژینەوەكان دەڵێن ئەوانەی خەریكی بەخشین و كاری خێرخوازین بەردەوام لە خۆشبەختترین كەسەكانن ، زۆر متمانەیان بەخۆیانە و تێكرای تەمەنیشیان لە خەڵكی تر درێژترە .

4 - سوپاسگوزاری
چوبرا لە بەرنامەكەیدا دەڵێت قسەیەك هەیە نازانرێت كی كردوویەتی دەڵێت " ئەگەر زمانی سواسگوزاری نەزانی ، ئەوە هیچ پەیوەندییەكت بەبەختەوەرییەوە نییە".

سوپاسگوزاری لەوپەڕی سادەییەكەیدا ئەوەیە كە بڵێی " من سوپاسگوزارم" ، لانیكەم رۆژی جارێك وابڵێ . لێكۆڵینەوەیەكی كۆمەڵەی دەروونناسی ئەمەریكی دەڵێت داننان بە سوپاسگوزاری یارمەتی خەڵك دەدات چێژ لە ئەزموونە ئەرێنییەكانیان وەربگرن و بەسەر نارەحەتییەكانیاندا زاڵ ببن و پەیوەندییەكانیان بەهێز بكەن .

وەرگێران: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی