سه‌فین دزه‌یی: هه‌ولێر و به‌غدا میکانیزمێک بۆ تەواوکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم ده‌دۆزنه‌وه‌

عیراق

30/06/2019‌ 1176 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگه‌یاند، لیژنەیەک لە نێوان هەولێر و بەغدا پێکهاتووە بۆ دۆزینەوەی میکانیزمێک بۆ تەواوکەری مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان کە ئێستا حکوومەتی عێراق بەشێک لە مووچە رەوانە دەکات.

سەفین دزەیی، وتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، به‌ ئاژانسی ئانادۆڵ-ی راگه‌یاندووه‌، "هەفتەی رابردوو نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدای کرد و لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق، عادل عەبدولمەهدی کۆبووەوە و بڕیاردرا لیژنەیەک پێک بێت بۆ بابەتەکانی مووچە و نەوت چونکە بەداخەوە هەندێک پەرلەمانتاری کورد لە بەغدا لێدوانی وا دەدەن کە دەبێتە هۆی دڵەڕاوکێی بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان".

سەفین دزەیی لەبارەی راست و دروستی بابەتی ناردنی مووچە بۆ هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی بەردەوام، وتیـ "ئەوەی لە زاری عادل عەبدولمەهدی و وەزیری دارایی بیستوومانە، ئەوەی ئێستا بۆ هەرێمی کوردستان دەنێردرێت بەشێکی مووچەیە نەوەک بوودجە، چونکە ئێمە مانگانە 880 ملیار دینار دەدەین بە مووچە، ئەوەی ئێستا لە بەغدا دەنێردرێت بڕی 450 ملیار دینارە".

دزه‌یی وتیشی، "لەبەر ئەوە 430٠ ملیارەکەی دیکە هەرێمی کوردستان لە فرۆشی نەوت دەبێت دابینی بکات و بە ئێمەیان راگەیاندووە کە ناردنی مووچە بەردەوام دەبێت".

سەفین دزەیی ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، "سەبارەت بەو 250 هەزار بەرمیلەی کە دەبێت رادەستی بەغدا بکرێت، لەڕووی مەبدەئییەوە کێشەمان لەگەڵ بەغدا نییە، بەڵام دەبێت میکانیزمێک هەبێت بۆ تەواوکردنی ئەو 430 ملیار دینارە کە کێ تەواوی دەکات، چونکە ئەگەر ئەو نەوتە بدەین بە بەغدا مانای وایە ناتوانین نەوت بفرۆشین و ئەو 430 ملیار دینارمان دێتە دەست و تەکمیلەی مووچەی پێ دەکەین، بۆیە لیژنەیەک لە نێوان هەولێر و بەغدا بۆ دۆزینەوەی ئەو میکانیزمە پێکهاتووە". 
ه.م