پۆلێنكردنی ئیخوان موسلمین وەك تیرۆریست موسڵمان‌و نا موسڵمانەكانیش دەحەسێنێتەوە

جیهان

02/07/2019‌ 1280 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
رۆژنامەنووسی توركی ئۆزای بۆلوت لەپەیمانگەی گایتستون دووپاتیدەكاتەوە، رێكخراوی ئیخوان موسلمین لەساڵی 1928 لە میسر دامەزراوە، تەیارێكی ئیسلامی جیهادییەو لقەكانی لە جیهاندا بڵاوبوونەتەوەو نیازی ئەوەی هەیە شەریعەت لە ژێر سێبەری خەلافەتی جیهانیدا جێبەجێبكات. تیرۆر بەتەنیا ئەو شێوازە نییە، كە ئیخوان بەكاری دەهێنێ، بەڵكو دامەزراندنی سیستەمێكی دیموكراتی رۆژێك لەرۆژان لە بەرنامەیاندا نەبووە.

ئەم دووپاتكردنەوەیە وەلامدانەوەیەك بوو بۆ لێدوانێكی وتەبێژ بەناوی پارتی دادو گەشەپێدان لە توركیا – عومەر جلیك- كە وتبوی ئەگەر ئەمریكا ئیخوان لە لیستی تیرۆردا پۆلێن بكات ئەوا رێگری دروست دەبێت لە هەولەكانی چاندنی دیموكراتیەت لە رۆژهەلاتی ناوەڕاست و خزمەت بە كۆمەله چەكدارەكانی لە نمونەی داعش دەكات.

گەشتاندنی چەمكی كافر كردن
دامەزرێنەری ئیخوان بە روونی باسی لەوە كردوە ئامانجی گێڕانەوەی سیستەمی خەلافەتە، هەروەها ماڵپەری ئیخوان كە بەزمانی ئینگلیزی دەرچوە ئەوەی هێناوەتە یاد گەڕاندنەوەی خەلافەت یەكێكە لە كارە یەكەمینەكان بەلای رێكخراوەكەوە. رۆژنامەنوسەكە لە راپۆرتێكی پرۆژەی دژایەتی كردنی توندوتیژیەوە گواستویەتیەوە و ئاماژەی بۆ ئەوە كردوە؛‌ حەسەن بەننا مەترسی گەورەی سەر ئیسلامی بە دەركەوتنی عەلمانیەت و رۆشنبیری رۆژئاوایی لە كۆمەلگە موسڵمانەكاندا زانیوە، راپۆرتەكە باسی ئەوەشی كردوە لە پەنجاو شەستەكانی سەدەی رابردوو دیارترین تیۆرسازی ئیخوانەكان كە سەید قوتب بوە جیهادی بەوە داناوە "هێزێكی هێرشبردنە دژی حكومەتە عەرەبیە عەلمانیەكان"، هەروەها باسی ئەوەشی كردوە سەید قوتب هاوكار بوە لە دووبارە گەشتاندنەوەی چەمكی كافر كردن، بەوەی ئەو موسڵمانانەی خزمەتی حاكمێكی عەلمانی دەكەن : هەڵگەڕاوەن و لە سێدارە دانیان رەوایە.

بن لادن و بەغدادی و زەواهیری 
پرۆژەی رووبەرووبونەوەی توندوتیژی پەیوەندیە ئایدۆلۆجی و پرۆسەی نێوان بیروباوەڕی ئیخوان و كۆمەڵە تیرۆریستەكان باس دەكات، لە نمونەی قاعیدە و داعش. بەشێوەیەك ناوی  44 كۆمەلەو كەسایەتی دەهێنێت؛ ئەوانەی‌ پەیوەندییان بە ئیخوانەوە هەیه،‌ لە نێویاندا كۆمەلەی تیرۆریستی و چەكداری بیانی و بانگخوازە توندرەوەكان و سەركردە سیاسیەكانی تێدایە. 

نووسینەكانی دامەزرێنەری ئیخوان و سەید قوتب هاوكار بوە لە پێكهاتنی ئایدۆلۆجیای كۆمەڵە توندوتیژە تیرۆریستیەكانی لە نمونەی قاعیدە و داعش و حەماس، هێما بۆ ئەوەش كراوە: بەشداربووانی دامەزراندنی قاعیدە ئوسامە بن لادن و ئەیمەن زەواهیری، پاشان داڕێژەری ئاشكرای هێرشەكانی 11ی سیپتەمبەر خالید شێخ محمد، سەركردەی داعش ئەبو بەكر بەغدادی .. هەموو ئەمانە ئینتیمایان دەگەڕێتەوە بۆ ئیخوان موسلمین پێش ئەوەی رۆڵیان لە تۆڕە تیرۆریستیەكانی خۆیاندا دەربكەوێت. پرۆژەكە باسی لەوەش كردوە بزوتنەوەی حەماس  لقێكی فەلەستینی راستەوخۆی ئیخوانە.

بەرهەڵستكاری بۆ تیرۆر نییە
لە كتێبەكەیدا – ئیخوان موسلمین: رێكخراوو سیاسەتەكانی تەیاری ئیسلامی جیهانی، پرۆفیسۆر باری رۆبن تیبینی ئەوەی كردوە ژمارەیەكی زۆر لە جولانەوە ئیخوانیەكان و بەشێوەیەكی سەرەكی لە میسرو ئوردن و سوریا و زۆربەی رۆژهەلاتی ناوەڕاست و ئەوروپا بونیان هەیە و دەنوسێت: ئەوانە تەكتیك و ستراتیجی ركابەر بەكاردەهێنن بە گوێرەی دۆخی تایبەتی خۆیان و بەباشتر زانینی سەركردە لۆكاڵیەكانیان- ئیخوان دەیەوێ كۆمەلگەو حكومەت بە گشتگیری موسڵمان بن و مومارەسەی دەسەڵاتی دەولەت بكەن، هەروەها بە نیسبەت توندو تیژی و تیرۆرەوە، بەرهەلستكارێكی ئەو تۆ دەربارەی ئەو تەكتیكانە نییە.

ئەوەی مەدەنییەكی موسڵمان بكوژێت تیرۆریست نییە
رۆبن ئاماژەی بۆ ئەوە كردوە ئیخوان رەزامەندن لەسەر تێكەڵ كردنی قاعیدە لە شەڕكردن و هێرشەكانی سەر ئەمریكا و ئایدۆلۆجیاكەی، یان بەلای كەمەوە رێزی سەركردەكانیان دەگرن، بەڵام وەك ركابەر لێیان دەڕوانن، نمونە لەسەر ئەم بیركردنەوەیە، ئەندامی پەرلەمان میسری ئیخوانی رەجەب هلال حمیدە دەلێ: لە دیدگای منەوە، بن لادن و زەواهیری زەرقاوی تیرۆریست نین بەمانای ئەو وشەیە لەلای هەندێك. من پاڵپشتی سەرجەم چالاكیەكانیان دەكەم، بەوەی دڕكی چاوی ئەمەریكا و ئیسرائیلن.. لەلایەكی ترەوە، ئەوەی مەدەنیەكی موسلمان بكوژێت ئەوا شەڕكەرێكی جیهادی یاخود تیرۆریست نیە، بەڵكو تاوانبارە و بكوژە. دەبێ بابەتەكان بەناوی راستەقینەی خۆیان بناسرێن. رۆبن هۆشداری ئەوەشی داوە ئیخوان بە تەنها لە رۆژهەلاتی ناوەڕاست و ئەو ولاتانەی زۆرینەی موسڵمانن، نەبونەتە رواڵەت.

قات و قڕی و كارەسات لەگەڵ خۆیان دێنن
هەمان پرۆفیسۆر باس لەوە دەكات "روون و ئاشكرایە لەو كاتەوەی كۆمەلە ئیسلامیەكان بە شێوەیەكی درامی دەركەوتن، لەو كاتەوەش هێرشی تیرۆریستی گەورە و جەنگی ناوخۆییان دەست پێكرد. ئیخوان وەك هێزێكی مەزن و لێهاتوی خاوەن رێكخستن ی باش دەركەوتن. توانای ئیخوان بۆ مانۆرو دروست كردنی بنكەی پالپشتی زۆر ئارامە، خۆیان وەك میانڕەو نمایش دەكەن، تەكتیكاتی توندو لە هەمان كاتدا پرۆسەی هەڵبژاردن ئەنجام دەدەن، ئەمەش وای لێكردوون یاریزانی سیاسی زۆر كاریگەر بن"، ئەوەشی دووپاتكردۆتەوە دەسەڵاتدارێتیان قات و قڕی و كارەسات بۆ ئەو كۆمەلگایانە دێنێت كە قەڵەمڕەویان بەسەریاندا زاڵ دەبێت.

عومەر جلیك تاكتیكی ئیخوانی بەكاردەهێنێت
كاتێ عومەر جلیك هۆشداری دەدات لەوەی هەنگاوەكەی ئەمەریكا " بێ گومان شیكردنەوەی هەڵە دەكات لەسەر ئاستی سەقامگیری، مافەكانی مرۆڤ، ئازادی و ماقی بنەڕەتی لە وڵاتانی جیهانی ئیسلامی"، ئەوەی هێناوەتەوە یاد پۆلێن كردنی ئیخوان لە لیستی تیرۆردا ئەوەیە " گەورەترین پاڵپشتیە كە پێشكەشی دەكات بۆ بانگەشەكردنی داعش". وتەبێژ بەناوی حزبی دەسەڵاتدارەوە تەكتێكێكی ئیخوانی ئاشكرا بە كاردەهێنێت: هەوڵ دەدات خۆی وەك پشتیوانی میانڕەوی و دیموكراتی بخاتە روو، بەلام لە هەمان كاتدا هەوڵی سڕینەوەی عەلمانیەت و دەسەڵاتی یاسا لە وڵاتەكەی و فراوانكردنی جیهادی چەكداری لە هەرێمێكی فراواندا دەدات. هەروەك سەرۆكی توركیا رەجەب تەیب ئەردۆغان وتبوی : دیموكراتی وەك شەمەندەفەرە، دادەبەزی كاتێ گەیشتیتە شوێنی خۆت.

خۆیان لە ئەمەریكای باكور چاندوە
ئیخوان لە دەیەی سەدەی رابردوودا سەركەوتو بوو لە چاندنی رێكخستنەكانی لە ئەمریكا لە میانی كۆمەڵەی خوێندكارە موسلمانەكان؛ كە لە 1963 دا دامەزرا، كۆمەڵەی ئیسلامی ئەمریكای باكور 1981، پەیمانگەی جیهانی فیكری ئیسلامی 1990، كۆمەڵەی ئیسلامی ئەمریكی 1992، كۆمەڵەی لاوانی عەرەبی موسڵمان، ئەنجومەنی پەیوەندییەكانی ئیسلامی ئەمریكی 1994، ..تد. دیارە زۆربەی رێكخراوە ئیسلامیەكان دیارەكان لە ئەمریكا رەگەكەی بۆ ئیخوان دەگەڕێتەوە، ئەمە سەرەرای ژمارەیەكی زۆری رێكخراوی ئیخوانی لە كەنەدا هەیەو ناوەكانی خۆیان گۆڕیوە.

زیانێكی زۆر گەورە
بۆلوت لە كۆتایی وتارەكەیدا دووپاتی دەكاتەوە، رێكخراوی ئیخوانی تیرۆریستی زیانێكی گەورەی گەیاندوە بە مافەكانی مرۆڤ و ئازادی و ئاشتی بە جیهاندا و بەتایبەتی لە وڵاتە موسڵمانەكان. پۆلێن كردنی ئەردۆغان بۆ سەر ئیخوان لە لیستی تیرۆردا گورزێكی جەرگبڕ دەبێت بۆ كۆمەڵە جیهادیەكان لە جیهان و هاوكار دەبێت لە كەمكردنەوەی كاری توندو تیژی و زیاد بوونی سەقامگیری بۆ موسڵمانەكان و نا موسلمانەكان وەك یەكتری.

سەرچاوە: Arab24
وەرگێڕان: حلمی رەسول رەزا