هەولێر پابەندی رێككەوتنەكە نەبووە
جوڵەیەكی حكومی-پەرلەمانی لەبەغداوە بۆ سزادانی هەرێم

عیراق

03/07/2019‌ 2853 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
رۆژنامەیەكی سعودی ئاشكرایكرد، لەماوەی چەند رۆژی داهاتوودا لەناو ئەنجوومەنی نوێنەران دەست دەكرێت بە گرتنەبەری كۆمەڵێك ڕێوشوێن بۆ سزادانی هەرێمی كوردستان ، ئەوەش دوای ئەوەی گفتوگۆكانی نێوان هەولێرو بەغدا لەسەر بابەتی نەوت بە بنبەست گەیشتووە و هەرێمی كوردستان رەتكردووەتەوە پابەندی یاسای بودجە بێت .

رۆژنامەی "عوكاز"ی سعودی لەزاری چەند سەرچاوەیەكی ناو پەرلەمانی عێراقەوە گواستوویەتییەوە، پابەندنەبوونی هەرێمی كوردستان بەرادەستكردنی ئەو بڕە نەوتەی لە یاسای بودجە بۆی دیاریكراوەو دەستگرتن بەسەر داهاتەكانی نەوتدا مەترسیدارە و پاڵ بە بەغداوە دەنێت بیر لە سزادانی هەرێم بكاتەوە ، لەبەر ئەوەی ئەوەی ئێستا روودەدات جۆرێكە لە "چەتەگەرێتی و تەحەدداكردنی بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی و یاسای بودجەی گشتی وڵات".

بەپێی سەرچاوەكان حكومەت ئەو دۆسیەیە رادەستی پەرلەمان دەكات تا ڕێوشوێنی پێویست لەدژی هەرێمی كوردستان بگرێتەبەر  بەتایبەت دوای دەرچوونی راپۆرتی لیژنەی نەوت و وزە، كە جەختیكردووەتەوە پابەند نەبوونی هەرێمی كوردستان بە رادەستكردنی ئەو برە نەوتەی بەپێی یاسای بودجە بۆی دیاریكراوە  كاریگەری لەسەر پشكی نەوتی بڕیاردراوی عێراق لە ئۆپیك هەبووە ، كە ئەوەش پێشێلكردنی ئاشكرای یاسایە.

لای خۆشییەوە سادق سەلیتی ئەندامی لیژنەی وزە و نەوت بەرۆژنامەی عوكازی وتووە: بەپێی یاسای بودجە بڕیاردراوە هەرێمی كوردستان رۆژانە ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوت لەرێگای كۆمپانیای سۆمۆوە هەناردە بكات و داهاتەكەرشی بۆ حكوومەتی ناوەندی بگەڕێتەوە ، بەڵام لەراستیدا هەرێم ٥٠٠ هەزار بەرمیل نەوت بەشێوەی نافەرمی هەناردە دەكات.

هەروەها وتیشی: پابەند نەبوونی هەرێم كاریگەری لەسەر پشكی بڕیاردراوی عێراق لەئۆپیك هەبوو، كە بە ٤ ملیۆن بەرمیل رۆژانە دیاریكراوە ، بەڵام بەهۆی پابەند نەبوونی هەرێم ئێستا عێراق رۆژانە ٣،٥ ملیۆن بەرمیل هەناردە دەكات .

سەلیتی ئەوەشی وت: ئۆپیك هەر نەوتێك لە بەسرەوە هەناردە بكرێت یان لە هەرێمی كوردستانەوە بە نەوتی عێراقی هەژمار دەكات.

 باسی لەوەش كردووە، وەزارەتی دارایی شایستە داراییەكانی هەرێمی خەرج كردووە بێئەوەی هەرێم ئەو نەوتەی بۆی دیاریكراوە لەڕێگای كۆمپانیای سۆمۆوە هەناردەی بكات ، جەختیش دەكات ئەو كارەی هەرێم دەیكات پێشێلكردنی یاسایە ، لەبەر ئەوەی شتێكی ناداداپەروەرانەیە نەوتی بەسرە بۆ هەموو عێراق بێت ، بەڵام هەرێم داهاتی نەوتی فرۆشراوی خۆی بخاتە سەر هەژماری تایبەتی خۆی .

عادل عەبدول مەهدی لە ٢ی حوزەیرانی ٢٠١٩ لەكاتی كۆنگرە رۆژنامەوانییە هەفتانەییەكەیدا ئاماژەی  بۆ ئەوە كرد كە ئەمساڵ هەرێمی كوردستان بەپێی بەندەكانی یاسای بودجە یەك بەرمیل نەوتیشی رادەستی بەغدا نەكردووە، بەڵام حكوومەتی فیدراڵی بەهیچ جۆرێك مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردساتان نابڕێت.

وەرگێران: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی