توركیا و سیستەمی مووشەكی روسی.. سیناریۆكان‌و لێكەوتەكانی

جیهان

07/07/2019‌ 1226 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆكی توركیا چەندین جار ئەوەی دووپاتكردووەتەوە، كە ئەوان كۆتاییان بە مامەڵەی كڕینی سیستەمی بەرگری ئاسمانی "ئێس-٤٠٠" هێناوە و  هەرگیز لێی پاشگەز نابنەوە ،بەڵام چاودێران دەڵێن ئەردۆغان لەو بابەتەدا یاریی دەكات تاوەكو تووشی رووبەرووبوونەوە نەبێتەوە لەگەڵ وڵاتە یەكگرتووەكان ،چونكە ئەوە  وەك "خۆكوژی سیاسی "وایە بۆی .

رۆژی هەینی راپۆرتە هەواڵییە توركییەكان باسیان لەوە كرد، كە رۆژی یەك شەممە یەكەم بەشی سیستەمی بەرگری ئاسمانی "ئێس-٤٠٠"ی روسی لە فرۆكەبارهەڵگرەكان باردەكرێت و لەم هەفتەیەشدا دەگاتە توركیا ، بەڵام ئیبراهیم كاڵن رەتیكردەوە كاتێكی دەستنیشانكراو هەبێت بۆ گەیشتنی ئەو سیستەمە روسییە و تەنیا وتی: "لەكاتێكی نزیك"دا دەگات .

هاوكات بەرەكات قادر شیكەرەوەی سیاسی بە كەناڵی "سكای نیوز عەرەبییە"ی وتووە: گرێبەستەكە نیمچە تەواو بووە ، بەڵام كارەكە لەسەر ئەوە وەستاوە چی بكرێت تا سیستەمەكە بكرێتە سیستەمێكی بێكاریگەر.

قادر دەشڵێت: ئێستا قسە لەسەر ئەوە دەكرێت، كە ئەو سیستەمە لە دەوروبەری ئەنقەرە جێگیر بكرێت ، ئەوەش مانای وای ئەو سیستەمە هیچ مانایەكی نامێنیت و بێكاریگەری دەبێت.

ئەو شیكەرەوە سیاسییە هەروەها دەڵێت: كارەكە لەچوارچێوەی رازیكردنی واشنتۆن و خۆبەدوورگرتنە لە سزادانی ئەمەریكا ، كە رەنگە ئەگەر واشنتۆن توركیا سزا بدات بەهۆیەوە ئەنقەرەش هەڵوێستێكی نوێ لەسەر گەمارۆكانی سەر ئێران و دۆسیەی سوریا بنوێنیت .

قادر پێیوایە هەر گەمارۆیەك لەلایەن واشنتۆنەوە بۆسەر ئەنقەرە كاریگەری نەرێنی دەبێت و ئابوورییە روولەداكشاوەكەشی زیانی بەردەكەوێت .

بەڵام ئوسامە عەبدول عەزیز توێژەری پسپۆڕی كاروباری توركیا لەلێدوانێكی تایبەتیدا بۆ "سكای نیوز عەرەبییە" پێشبینی دەكات ئەردۆغان لەپێناو پاراستنی بەرژەوەندییەكانی لە تەواوكردنی گرێبەستەكەی لەگەڵ روسیا پاشەكشە دەكات ، بەتایبەت لەگەڵ سووربوونی پنتاگۆن و كۆنگرێسی ئەمەریكی لەسەر سەپاندنی سزا بەسەر توركیادا ئەگەر بێت و مووشەكە رووسییەكان گەیشتنە توركیا .

پێشتر ئەردۆغان لە لوتكەی ٢٠ كە لەم دواییە لە وڵاتی یابان بەڕێوەچوو ، دوای دداری لەگەڵ دۆناڵد ترامپی سەرۆكی وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا گوتی كە بەهۆی سیستەمی "ئێس-٤٠٠"-ی رووسییەوە وڵاتەكەمان لەلایەن ئەمەریكاوە سزا نادرێت .

بەڵام بەخێرایی بەرپرسە ئەمەریكییەكان وەڵامی ئەردۆغانیان دایەوە و گوتیان ئەگەر توركیا سیستەمی "ئیس-٤٠٠"-ی رووسی بەدەستهێنا ، ئەوە ئیدارەی ترامپ سزا بەسەر ئەو وڵاتەدا دەسەپێنێت .

عەبدول عەزیز پێیوایە ئەگەر ئەردۆغان لەئێستادا بچێتە ناو ململانێوە لەگەڵ واشنتۆن ، ئەوە بۆ ئەو مانای "خۆكوشتنی سیاسیی" دەگەیەنێت ، نەخاسمە ئەگەر  لەژێر سایەی ئەو پاشەكشەی لە ئابووری توركیادا روویداوە لێكەوتە سیاسیی و سەربازییەكانی ئەو ڕووبەڕووبوونەوەیە لەبەرچاوبگیرێت .

ئەو شرۆڤەكارەی كاروباری توركیا بەڵگە بەو داڕمانەی بەهای لیرەی توركی دەهێنێتەوە كە هاوینی رابردوو بەهۆی دەستگیركردنی قەشە ئەندرۆ برانسۆنەوە تووشی هات .

عەبدول عەزیز دەڵێت ئەگەر ئەردۆغان ئەو سەركەشییەی كرد و مامەڵەكەی لەگەڵ رووسیا تەواو كرد ، ئەوە واشنتۆن سزایبەسەردا دەسەپێنێت، وەك دەركردنی لە بەرنامەی درووستكردنی فرۆكەی "ئێف-٣٥" و بێبەشكردنی ئەو وڵاتە لە كڕینی ئەو جۆرە فرۆكە پێشكەوتووە .

هەروەها دەشڵێت: دوای ئەو هەنگاوە رەنگە واشنتۆن و وڵاتانی رۆژئاوایی پێ بەپێ سزا بەسەر توركیادا بسەپێنن ، وەك راگرتنی هەموو جۆرە مامەڵەیەكی سەربازی لەگەڵ توركیا.

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی