لەمیدیاكانەوە.. رێككەوتنی پارتی‌و یەكێتی لەسەر پۆستی پارێزگاری كەركوك

عیراق

07/07/2019‌ 2674 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئامادەكردن‌و وەرگێڕان: لوقمان حاجی قادر


كەناڵی ئێن ئاڕتی بڵاویكردەوە:
یەكێتی نیشتمانی كوردستان ڕایگەیاندووە، لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان گەیشتوونە ڕێككەوتنێك بۆ دانانی پارێزگاری كەركوك.  

زانیارە دزە پێكراوەكانیش ئاشكرایان كردووە، كە پۆستی پارێزگاری كەركوك بە تەیب جەباری ئەندازیار دەسپێردرێت.

ئەندازیاری ناوبراو، پێشتر پۆستی بریكاری وەزیری ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردنی  هەبووە لە حكومەتی هەرێمی كوردستان و كادریكی سەر بە یەكێتییە، سەرباری ئەوەش شاعیر و ڕۆماننووس و كەسێكی دیاری گۆڕەپانی ڕۆشنبیری كوردییە.

هاوكات ئەندامێكی بەرەی توركومانیش رایگەیاند، گرتنەبەری ڕێبازی بەزۆر سەپاندنی ویستەكان سەبارەت بە پۆستی پاریزگاری كەركوك دەبێتە هۆی لێكهەڵوەشانی كۆمەڵگا، بۆیە دەبێت هەموو لایەنەكان لەسەر مێزی گفتوگۆ دانیشن و نوێنەری هیچ پێكهاتەیەكی شارەكەش فەرامۆش و پەراوێز نەخرێت. داواشیان كردووە پۆستی پارێزگار بۆ پێكهاتەی توركمان بێت و تایبەتریش بۆ بەری توركومانی بێت.

هەروەها ئەندامێكی دیكەی بەرەی توركومانی وتی: كوردەكان لە بەڕێوەبردنی پۆستی پارێزگار لە ماوەی 15 ساڵدا شكستیان هێناوە، ئێستاش پۆستەكە بەدەست عەرەبەكانەوەیە و جۆرێك لە سەقامگیری هەیە، ئێمەش وەك دوو پێكهاتەكەی دیكە (عەرەب و كورد) مافی ئەوەمان هەیە ئەو پۆستە بگرینەدەست. ووتیشی ناكرێت لە هیچ پارێزگایەك پارێزگاریكی توركمان نەبێت. ئەوەشی گووت كە ئەوان دژ بە ڕێككەوتنی هەردوو پارتە كوردیەكە یان ڕێككەوتنی دوو پیكهاتە بۆ دانانی پارێزگاری كەركوك.

شەرقلئەوسەت بڵاویكردەوە:
ئێران دەست دەكات بە قۆناغی دووەمی كەمكردنەوەی پابەندییە ئەتۆمییەكانی، ئاژانسی نێودەوڵەتی ووزەی ئەتۆمیش ڕۆژی 4 شەممە، یەكەم كۆبونەوەی خۆی گرێدەدات بۆ تاوتوێكردنی پێشێلكارییەكانی ئێران، ئەمەش لەسەر داواكاری شاندی ئەمریكی  بووە لە ئاژانسەكە.
 
عەلی ئەكبەر ویلایەتی ڕاوێژكار نیودەوڵەتی موڕشیدی باڵای ئێرانی ڕایگەیاند، لە وانەیە ئێران ئاستی پیتاندنی یۆڕانیۆم بۆ 5% بەرزكاتەوە، بەمەش ئەو ڕێژەیە تێدەپەڕێنێت كە (3.67%)  و ڕێككەوتننامە ئەتۆمییەكە بۆی دیاریكردووە. هەردوو ئاژانسی فارس و ڕۆیتەرز- یش دووپاتیان كردووە كە عەباس عێراقچی گەورە دانوستانكاری ئیرانی و بەرپرسانی دیكەش، رۆژی 1 شەممە كاتژمێر 10:30 ی بەیانی ئەو هەواڵە ڕادەگەیەنن.

پێش تەواو بوونی وادە 60 رۆژییەكەی تاران كە بۆ لایەنەكانی ڕێككەوتننامە ئەتۆمییەكەی داناوە، لایەنەكانی ڕێككەوتننامەكە چۆنیەتی دەربازكردنی ئێرانیان لەو سزا ئەمریكییە تازانە تاوتوێ كرد، بەڵام تاران پێی وایە هێشتا كۆششەكان وەك پێویست نین.

ئاژانسەكانی هەواڵی ئێرانیش ئەوەیان ڕاگەیاند، ئیمانوێڵ ماكڕۆنی سەرۆكی فەرەنسا پەیوەندییەكی تەلەفۆنی 1 كاتژمیری بە حەسەن رۆحانی هاوتا ئێرانییەكەیەوە كردووە سەبارەت بە هەنگاوە چاوەڕوانكراوەكەی ئێران.  

ماكڕۆنیش وتویەتی كە هەنگاوەكانی ئەوروپییەكان سەركەوتوو كارا نەبوون وو هەموو هەوڵێكیش دەخەینەگەڕ كەموكورتییەكانی چارەسەر بكەین. 

هەروەها ڕۆحانیش رایگەیاندووە، سەرباری فشارەكانی ئەمریكا، ئێران ماوەی 14 مانگە لە هەوڵە پاراستنی ڕێككەوتننامە ئەتۆمییەكەدایە و داواشی لە یەكیەتی ئەوروپا كرد بەرپرسیارییەتییەكانی خۆی لەوبارەوە هەڵگرێت و ڕێككەوتننامەكەش بپارێزێت.

ڕۆژنامەكە ئەوەشی بڵاویكردەوە، كە ماكڕۆن ڕۆژی شەممە ووتوویەتی: لەگەل حەسەن ڕۆحانی سەرۆكی ئێران ڕێككەوتوون تا 15 ی تەمموز، باسی ئەو مەرجانە بكەن كە پێویستن بۆ دەستپێكردنەوەی گفتوگۆ سەبارەت بە ڕێككەوتننامە ئەتۆمییەكە.

مەدا پرێس ڵاویكردەوە:
ڕێكخراوی هیومان ڕایت وچ رایگەیاندووە، بنكەكانی ڕاگیركردن لە شاری موسڵ ئەوەندە قەرەباڵغن كە هەزارەها ڕاگیراو لەخۆ دەگرن و جێگەی ڕاگیراوی دیكەیان تیدا نابێتەوە، لە دۆخێكی زۆر خراپیشان و مامەڵەی توندیش لەگەڵ ڕاگیراوەكان دەكرێت.

زۆرینەی ڕاگیراوەكان تۆمەتی تیرۆریان دراوتەپاڵ، دەسەڵاتدارانیش پێویستە خەمێكی ئەو بنكانە بخۆن و پارێزگاری لە بنەما یاساییەكانی مافی ڕاگیراوان بكەن. لما فقیەی بەڕێوەبەری بەشی ڕۆژهەڵاتی ڕێكخراوەكە ئەوەی دووپات كردەوە كە حكومەتی عێراقی زۆر پێویستی بە بنكەكانی ڕاگیركردن و دووبارە بنیاتنانەوە هەیە، دەبێت ڕاگیراوان لە شوێنی شایستەدا ڕابگیرێن كە لەگەڵ پێودانگە نێودەوڵەتییەكاندا بێنەوە.

بە گوێرەی قسەی گەورە بەرپرسێكی عیراق، توانستی لە خۆگرتنی هەر سێ بنكەكەی باكوری عێراق (تلكیف، فیسەڵییە، تەسفیرات)  2500 ڕاگیراوە. كەچی تا ساڵی 2019 ژمارەی ڕاگیراوان گەیشتۆتە 4500 كەس كە 1300 ڕاگیراویان فرمانی دادگایان بەسەردا دراوە و دەبێت بگوازرینەوە بۆ بەندیخانەكانی بەغدا.

مەدا پرێس بڵاویكردەوە:
نوێنەری جوڵانەوەی ناڕەزایانی عێراق، كردەی ڕفاندنی چالاكوانانی بەسڕەیان ڕسوا كردووە و داواش لە دەسەڵاتداران دەكەن سەلامەتی ئەو چالاكوانانە بپارێزن.

جوڵانەوەكە رایگەیاند، ئەم دۆخەی چالاكوانان لە بەسرە نیشانەی فشەڵی و لەرزوكی دەزگا ئەمنییەكان و مەترسیداری دۆخەكەیە كە لایەنە چەكدارەكان تیایدا باڵادەستن. ووتیشی كار و ڕەفتاری زۆر لە دەرەوەی یاسا دژ بە خۆپیشاندەرانی بەسرە ئەنجام دەدرێت و دواتریش دەستگیر و ئازار و ئەشكەنجە دەدرێن.

جوڵانەوەكە چەند داواكارییەكی خستۆتە بەردەم دەسەڵاتدارانی لۆكاڵی شارەكە،  پاراستنی كازم سەهلانی و خێزانەكەی كە چالاكوانێكی مەدەنییە و ئۆباڵەكەشی خستۆتە ئەستۆی دەسەڵاتداران، ئاشكراكردنی چارەنووسی چالاكوانە مەدەنییە دەستگیركراوەكان، ئازادكردنی ڕاگیراوان".  جوڵانەوەكە ڕاشیگەیاندووە كە داواكراییەكانیان كۆك و تەبان لەگەڵ دەستوری عێراقیدا، ووتووشیانە ئەگەر دەسەڵاتدارانی شارەكە بەدەنگیانەوە نەیەن هەڵوێستی هەڵكشاری دیكەیان دەبێت.


خەلیج ئۆنلاین بڵاویكردەوە 
هێزە سیاسییەكانی سەر بە ئێران داوای ئەوەیان كردووە جەنەڕاڵێكی عێراقی بە تۆمەتی ناپاكی مەزنی نیشتمانی بدرێتە دادگا ، ئەمەش لە دەرئەنجامی تۆمارێكی دەنگی ئابڕووبەر كە یەكێك لە كەناڵە ئاسمانییە شیعەكان پەخشی كردووە و تیایدا لیوا ڕوكن محەمەد فەلاحی لەگەڵ كارمەندێكی دەزگای هەواڵگری ئەمریكا قسە دەكات سەبارەت بە بوونی هێزەكانی حزبوڵای لاگیری ئێران بە مەبەستی بەئامانجگرتنیان لە لایەن ئەمریكاوە، لەمەشەوە ناجح شمری وەزیری بەرگری عیراق، فرمانی كردووە دۆسییەی لێكۆڵینەوە بۆ  لیوا ڕوكن مەحمود فەلاحی فەرماندەی پڕۆسەكانی ئەنبار بكرێتەوە. هاوپەیمانی فەتح- یش كە ئێران و عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیر پشتیوانی دەكەن، داوای چاوخشانەوەی كردووە بە پۆستە ئەمنییەكانی ئەو شارەدا لەوەی ئاخۆ فەرماندە ئەمنییەكان لاگیرییان بۆ كێیە. سەرچاوەیەكی ئەمنی لە ئەنجومەنی پارێزگای ئەنباریش گووتی كە هێزە ئەمریكییەكان گەیشتونەتە بنكەی عەینوئەسەد لە ناحیەی بەغدادی سەر بە پارێزگای ئەنبار.

قودسی عەرەبی بڵاویكردەوە: 
دوای ئەوەی وەزارەتی دەرەوەی عێراق گوێبیستی لێدوانەكانی "فەرید یاسین" باڵوێزەكەی بوو لە واشنتۆن سەبارەت بە ئیسڕائیل، ڕایگەیاند كە لێدانەكەی نەگونجاوە، میدیا عێراقییەكانیش ئەو پرسەیان هێنا و برد و ئەو گرتە ڤیدیۆییەیان بڵاوكردەوە كە تیایدا باڵوێزی ناوبراو دەڵێت هۆكاری بابەتی هەن كە لەوانەیە وا لە بەغدا بكات پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئیسڕائیل پەرەپێ بدات، بەو پێیەی ڕەوەندێكی گەورەی عێراقی لە ئیسڕائیل دەژین، هەروەها بە مەبەستی سوود وەرگرتن لە شارەزاییەكانی ئیسڕائیل لە بوارەكانی تەكنەلۆجیا و كشتوكاڵ.  

لە بەیاننامەكەی وەزارەتی دەرەوەشدا هاتووە كە هەڵوێستی عێراق بەرامبەر پرسی فەڵەستین جێگیرە، دووپاتیشیكردەوە كە هەڵوێستی مێژووییان لە بەرامبەر كێشەی فەڵەستین و داگیركاری ئیسڕائیلدا نەگۆڕە و هیچ پەیەندیەكیش لەگەڵ دەوڵەتی داگیركەری ئیسڕائیل گرێنادەن.

سەرچاوە: میدیا عێراق‌و جیهانییەكان