لەمیدیاكانەوە.. عادل عەبدولمەهدی لەنێوان قومارەكەی ئەمریكاو ئێران

عیراق

08/07/2019‌ 602 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئامادەكردن‌و وەرگێڕان: لوقمان حاجی قادر
 
ئەسۆشێتت پریس‌و مەدا پرێس بڵاویانكردەوە
تێكەڵاوكردنی حەشدی شەعبی و خستەنەپاڵی بۆ ناو  كۆسیستەمی سەربازی عێراقی،  قوماركردنێكی گەورەی عادل عەبدولمەهدییە، جوڵەی حكومەتیش بۆ تواندنەوەی هێزەكانی حەشد لە ناو هێزە چەكدارەكانی عێراقدا قومارێكی سیاسی عەبدولمەهدییە لە ناو جەرگەی كێبڕكێی مەترسیداری دەڵاڵەكانی دوو دەسەڵاتە سەرەكییەكە، كە عێرا ق و ئەمریكان.

هۆكارەكە فشارەكانی ئەمریكان بۆ سەر عەبدولمەهدی، كە هەژموونی لایەنە عێراقییەكانی پاشكۆی تاران سنوردار بكات، ئەمەش عەبدولمەهدی بەشێلگیر و بەهێز نیشان دەدات لەو سەردانەی وا بڕیارە لە چەند هەفتەی ئایندەدا بۆ واشنتۆن ئەنجامی بدات، چاوەڕێش ناكرێت جڵەوی حەشدی پێ بگیرێت، بەمەش وەك سەرۆكێكی لاوازی ناكاریگەر دەردەكەوێت، چونكە ئەو لایەنانە جگە لەوەی چەكدارن، هیزێكی سیاسی گرنگیشن و خاوەن وەزیرن و لە كۆی 329 كورسی پەرلەمانی عێراق 48 كورسییان هەیە. 

لە كۆنگرە ڕۆژنامەوانییە هەفتانەكەیدا، عەبدولمەهدی بەو هێزانەی هەڵاگوت، كە لە جەنگی دژە تیرۆری دژ بە داعش سەركەوتوو بوون و ووتیشی كاتی ئەوەیە لە چوارچێوەیەكی یاسایدا ڕێكبخرێن. سەرباری ئەوەی سەركردەی هەندێك لەو لایەنانە وەك "عەسائبی ئەهلی هەق و بەدر و سەرایای سەلام" پشتیوانی بڕیارەكەی سەرۆك وەزیری عێراق بوون، بەڵام سەركردەی لایەنێكی دیكەی چەكداری حەشد ووتی كە بارەگای نهێنییان هەن و دایانناخەن، بڕیارەكەش فرمانێكی ئەمریكایە بۆ عەبدولمەهدی. بەرپرسێكیش كە نەیەویست ناوی ئاشكرا بكرێت بۆ ئەسۆشێتت پرێس ووتی كە عەبدولمەهدی و ئەمریكا خەو دەبینن كاتێك پێیان وابێت ئەو بڕیارەیان بۆ دەچێتەسەر.

كەتیبەكانی حزبوڵای عێراقیش لە بەیاننامەیەكی ڕۆژی 5 شەممەدا ناڕاستەوخۆی ڕەخنەیان لەو بڕیارە گرتووە و وەدەرنانی هێزی داگیركاری ئەمریكایان بە یەكەم هەنگاوی گرنگ داوەتە قەڵەم، باسی ئەوەشیان نەكردووە ئاخۆ پابەندی بڕیارەكە دەبن یان نا، ئەمەش لە كاتێكدایە كە هێزەكانی حەشدی شەعبی بە 140000 چەكدار مەزەندە دەكرێن.

جۆی ماكارون – ی توێژەر لە سەنتەری لێكۆڵینەوەی عەرەبی لە واشنتۆن دەڵێت ئامانجی ئێران ئەوەیە هێزەكانی حەشد وەك هێزێكی سەربەخۆ لەناو سوپای عێراقدا جێگیر بكات، بە هەمان شێوەی پاسەوانی شۆڕشی ئێرانی، لەولاشەوە و لە دامەزراوەی شیعی عێراقییدا دیدێكی دیكە هەیە كە ئەو هەنگاوەی عەبدولمەهدی بە باش دەزانێت و پشتیوانیشی دەكات.

عەبدولمەهدی لە كۆنگرە ڕۆژنامەوانییەكەیدا ئەو میكانیزمانەی ڕوون نەكردنەوەی كە بڕیارەكەی پێ پراكتیزە دەكرێت، ڕوون و ئاشكراشە بڕیارەكە بۆ ڕازیكردنی واشنتۆنە، ئاشكراشە كە عەبدولمەهدی ئەو هەنگاوەی بە هەماهەنگی ئێران هاویشتووە، بەوەی ووتراوە كە ئەو هێزانە بە تەواوی تێكەڵی سوپا ناكرێن و هەڵناوەشێنەوە.

چاودێران دەڵێن ئەو بڕیارە پراكتیزە ناكرێت، واسق هاشمی شڕۆڤەكاری سیاسیش پێی وایە ئەو لایەنە چەكدارانە مل بۆ حكومەت نادەن، چونكە لە ڕووی ئایدۆلۆجی سەر بە ئێرانن و ڕاستەوخۆش فرمان لە تاران وەردەگرن. زافر ئەلعانیش پێوایە مەرەكەبی سەركاغەزە. ماكارون- ی توێژەریش پێی وایە عەبدولمەهدی بەو بڕیارەی سوود لە كات وەردەگرێت، تاوەكو فشارەكانی ئەمریكا كەمكاتەوە، چونكە بێ ڕەزامەندی ئێران ئەو بڕیارە ڕووناكی بەخۆوە نابینێت. 

تەڕیق ئەلشەعب بڵاویكردەوە،
 فەرماندەی پڕۆسە هاوبەشەكانی عێراق، 1 شەممە،  پڕۆسەی "ویستی سەركەوتن" ی ڕایگەیاندووە كە پەیوەستە بە پارێزگاكانی موسڵ و سەڵاحەدین و ئەنبار تا سەرسنوری عێراق - سوریا، ئەمەش بە مەبەستی پاككردنەوەی بیابانەكانە لە چەكدارانی داعش كە سەرباری ڕاگەیاندنی بەزینیان لە عێراق لە ساڵی 2017، كەچی هێشتا شانەی نووستوویان لەو ناوچانەدا ماون.

پڕۆسە سەربازییەكە بە هاوبەشی نێوان سوپای عێراق و فڕۆكەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و تەنانەت حەشدی شەعبیش، لە 1 شەممەوە دەستیپێكردووە بۆ ئازادكردنی ناوچەكانی ئەو سێ پارێزگایە، لە قۆناغی یەكەمیدا سەركەوتنی بەدەستهێناوە و ڕووبەری  10 كیلۆ مەتریان ڕووماڵ كردووە.

شەفەق نیوز بڵاویكردەوە،
هاوپەیمانییەك ئاشكرا دەبێت كە سەودا و مامەڵەی سیاسی لە پشتن و كۆششێكیش هەیە بۆ گۆڕینی محەمەد حەلبوسی، بەو پێیەی پێیان وایە هەڵبژاردنی حەلبوسی هەر لە ڕۆژی یەكەمەوە بەتاڵ بووە، بەڵگە و دیكۆمێنتی پێویستیشیان خستۆتە بەردەم دادگای ئیتحادی كە پووچی و بەتاڵی هەڵبژاردنی حەلبوسی دەسەلمێنن و چاوەڕیی بڕیارێكی بوێرانەی ئەو دادگایەش دەكەن.

لە لایەكی دیكەوە، ڕۆژی شەممەی ڕابردوو، ڕەووتی حیكمە بە سەرۆكایەتی عەمار حەكیم ئەو بزاوتە پەرلەمانییەی ئاشكرا كردوە كە بۆ لێپێچینەوە لە چەند وەزیرێك لەئارادایە.

ڕۆژنامەی حەیات بڵاویكردەوە 
ڕێككەوتننامە ئەتۆمییەكەی ئێران گیانەڵایەتی و ئەوروپییەكانیش بە پەلە كۆدەبنەوە، ئەمەش دوای ئەوەی ئەو 60 رۆژە تەواو بوو كە ئێران وەك دوا وادە بەخشیبووی بە لایەنەكانی ڕێككەوتنەكە بۆ چارەسەركردنی دۆخە و دەربازكردنی ڕێككەوتننامەكە لە هەرەسهێنان، بەوەی میكانیزمێك بدۆزنەوە و ئێرانی پێ لە سزا ئەمریكییەكان ڕزگار بكەن.

ترۆیكای ئەوروپی (بەریتانیا، ئەڵماینا، فەرەنسا) ڕێككەوتننامەكە هۆشداریان داوەتە ئێران كە پابەندی ڕێككەوتننامەكە بێت، دەنا تووشی بە تووشی ئاكامی كارەساتبار دەبێتەوە. ووتەبێژی یەكیەتی ئەوروپاش ڕایگەیاند كە بۆ چارەسەری دۆخەكە لە گفتوگۆدان و بەوەی كۆبوونەوەیەكی بە پەلە گرێ بدەن. سەرۆك وەزیرانی ئیسڕائیلیش داوای لە ترۆیكای ئەوروپی كرد سزای توند بەسەر ئێراندا بسەپێنن.

محەمەد جەواد زەریفی وەزیری دەرەوەی ئێرانیش گووتی دەكرێت پاشەكشە لە هەموو ئەو هەنگاوانە بكەین، ئەگەر دەوڵەتانی ئەوروپی ئەندامی ڕێككەوتنەكە وابەستەی بەڵێنەكانیانبن. عەباس عێراچی جێگری زەریفش ووتی ئیران 60 ڕۆژی دیكەی وەك مۆڵەت داوە بە لایەنەكانی ڕێككەوتننامەكە تاوەكو دۆخەكە چارەسەر بكەن، ئەگەرنا ، ئەوا قۆناغی سێیەكی كەمكردنەوەی پابەندییەكانیان بە ڕێككەوتننامەكەوە دەست پێدەكەن. ووتیشی تاران پڕۆژەی كورەی ئەتۆمی ئاوی قورس لە ئاراك دەست پێناكاتەوە.
 
ئاژانسی ووزی ئەتۆمیش وتی: ئەوان ڕاپۆرتێك سەبارەت بەو دۆخەی ئێران پێشكەشی ڕێكخراوەكەیان دەكەن و ئەگەر ئێران پێشێلكاری بكات، ئەوان دۆسییە ئەتۆمییەكەی ڕەوانەی ئەنجومەنی ئاسایش دەكەن تاوەكو سزای زیاتری بەسەردا بسەپێندرێت. هەوڵ و كۆششیكی پاریسیش لە ئارادایە كە تا 15 ی تەمووز ئەم پرسە چارەسەر بكەن.

مەدا پرێس بڵاویكردەوە،
ڕاپۆرتەكانی دەستپاكی و دیوانی چاودێری دارایی بەڵگەن لەسەر سپیكردنەوەی پارە، ئەو دوو دەزگایە لە ساڵی 2014 وە ڕاپۆرت دەنێرنە ئەنجومەنی نوێنەران، ئەمەش پێنوێنە لەسەر ئەوەی كردەی بەقاچاخبردنی دراوی دەگمەن و سەرپێچی دارایی گەورە هەن كە لە دەروازی فرۆشتنی دراوەكانەوە پیادە دەكرێت و هەندێك لە بانقە ئەهلی و كۆمپانیاكانی ئالوگۆڕی دراو پێی هەڵدەستن.

ڕاپۆرتەكان دەڵێن قەبارەی فرۆشەكانی بانقی مەركەزی لە دۆلار بۆ ئەو بانق و كۆمپانیا ئەهلییانە دەگاتە 45 ملیار دۆلاری ساڵانە، هەمووشی بی دانی باج دەچێتە دەرەوەی عێراق.

باجی ڕاستەقینەی ئەو كردانە 10 ترلیۆن دۆلاری ساڵانەیە، كەچی فەرمانگە داراییەكانی حكومەت تەنها یەك ترلیۆن دیناری عێراقییان وەرگرتووە. بۆیە هێشتا لیژنە بچوكەكەی لێكۆڵینەوە لە باڵەخانەی بانقی مەركەزی عێراقی سەدەها دۆسییە ووردبینی دەكات.

لە لایەكی دیكەوە پەرلەمانی عێراق دەستیكردووە بە كۆتاییهێنان بە لێكۆڵینەوەكانی سەبارەت بە دیارنەمانی 7 ملیار دیناری عێراقی لە سالی 2013 لە بانقی ڕافیدەین و خۆیان ئامادە كردووە ڕاپۆرتی كۆتاییان لەو بارەوە پێشكەش بكەن. عەبدولهادی سەعداوی ئەندامی لیژنە بچوككراوەكەش دەڵێت زۆرترین ئەو دۆسیانەی لێكۆڵینەوەیان لێدەكرێت پەیوەستن بە دۆسییەی دراوەكانەوە.

مەدا لە تشرینی دووەمی ساڵی 2015 دۆسییەكانی گەندەڵی بڵاوكردنەوە كە بە "دۆسییەكانی چەلەبی" ناسراون، چونكە خۆی كۆیكردبوونەوە، ئەوەش دەردەخەن كە دۆسییەی گەندەڵی ئیداری و دارایی و كردەی سپیكردنەوەی پارەكان و بە قاچاخبردنی دراوی دەگمەن لەخۆ دەگرێت كە لە ڕێگەی مەزادی دراوەوە لە بانقی مەركەزی ئەنجام دراون. ئەو كاتیش ئەنجومەنی دادوەری لەو پرسەیان ڕووانی بەڵام یەكلاییان نەكردنەوە.

بەپەلە