لەمیدیاكانەوە.. پەرلەمانی عێراق یاسای هەڵبژاردنی پارێزگاكان بەبێ‌ سازان تێدەپەڕێنێت

عیراق

11/07/2019‌ 1110 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئامادەكردن‌و وەرگێڕان: لوقمان حاجی قادر

مەدا پرێس بڵاویكردەوە
دەستەی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی نوینەرانی عێراق لە كۆبوونەوەی رابردوو لەگەڵ سەرۆكی فراكسیۆنەس سیاسییەكان كە سێ سەعاتی خایاند ، نەگەیشتنە هیچ سازانێك بۆ سفركردنەوەی ئەو ناكۆكیانەی كۆسپ بوون لەبەردەم هەمواركردنەوەی یاسایی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگا و قەزاكان. 

پارێزگای كەركوك و تۆمارەی دەنگدەرانی گرفتێكی دیكەی فراكسیۆنەكانە، بڕیارە 4 شەممە كۆبوونەوەیەك ساز بدەن بۆ گەیشتن بە سازانێك پێش دەنگدان لەسەر یاسای ناوبراو.

شێروان جەمالی پەرلەمانتاری هەرێمی كوردستان وتی: ناكۆكییەكان پەیوەست بوون بە پرسی پشتبەست یان پشتنەبەستن بە سیستەمی بایۆمتری یان ئەلەكترۆنی لە هەڵبژاردنە ناوخۆییەكانی داهاتوودا. هێزە سیاسییەكانی پارێزگا ناوەڕاست و باشوور پێیان باشە پشت بە كارتی بایۆمەتری ببەسترێت، هیزە سیاسییەكانی پارێزگانی ڕۆژئاواش پێیان باشە پشت بە كارتی بایۆمتری و ئەلەكترۆنیش ببەسترێت.

هەروەها وتیشی خاڵەكانی ناكۆكی لەسەرەكانی ئەو یاسایە  سیستەمی هەڵبژاردنی سانت لیگۆ –یە كە چوار پێشنیاری لەبارەوە پێشكەشكراون؛ یەكەم پشت بەست بە ڕێژەی 1.7 كە پێشنیاری هەردوو لیژنەی یاسایی و هەرێمییە، دووەم پشتبەستن بە رێژەی 1.9 كە پێشنیاری حكومەتە، سێیەم پێشنیاری چەند فراكسیۆنێكە بە دابەشكردنی 50% ی كورسییەكان لە بازنەیەكی هەڵبژاردندا بە گوێرەی میكانیزمی زنجیربەندی پاڵێوراوەكان لە لیستە براوە و دۆڕاوەكاندا بە گوێرەی ژمارەی ئەو دەنگانەی هەر پاڵێوراوێك بەدەستی هێناوە و كێ زیاتری هێنا ئەو براوەیە،  (50%)  ەكەی دیكە بە گوێرەی سیستەمی سانت لیگۆ دابەش بكرێت بەسەر 1.4، چوارەم پێشنیاری سەرۆكی پەرلەمان و فراكسیۆنە گەورەكانە بە دابەشكردنی دەنگە ڕاستەكانی هەر لیستێك بەسەر ژمارە زنجیربەندەكان (3،5،1.9....) بەسەر ژمارەی كورسییەكانی هەر بازنەیەكی هەڵبژاردن.

دۆخی ناڕەزاییەكانی بەسڕە بەرەو هەڵكشانە 
ئەمڕۆ (سێشەممە، 10 ی تەمموز) وادەی ئەو ماوەیە تەواو دەبێت كە ئەسعەد عیدانی پارێزگاری بەسڕە دیاری كردبوو بۆ جێبەجێكردنی داواكاری خۆپێشاندەران كە تایبەتن بە خراپی خزمەتگوزارییەكان و بێكاری. چاوەڕوانیش دەكرێت دۆخی شارەكە خراپتر بێت بەو پێیەی هیچ پێنوێنێك (مۆشر) نیە بۆ جێبەجێكردنی داواكارییەكان.
 
چالاكوانیكیش دەڵێت پارێزگار لە ماوەی  2 ساڵ هیچی پێنەكراوەكە بۆ شارەكە، چۆن لە چەند ڕۆژێكدا شتی پێدەكرێت. پارێزگار بۆ ووڵامدانەوەی داواكارییەكان هیچی نەكردووە، تەنانەت سەردانی بەغدا و هیچ شوێنی دیكەشی نەكردووە.

تەڕیق ئەلشەعب بڵاویكردەوە 
سەرچاوەیەكی سیاسی ئاشكرای كردووە كە ڕێككەوتنێك لە نێوان عەبدولمەهدی و عەبادیدا هەیە بۆ گۆڕینی نەعیم ڕوبەیعی وەزیری گەیاندن و پەیوەندییەكان بە وەزیرێك لە هاوبەندی نەسڕ، پەرلەمانتارێكی فراكسیۆنی حیكمە – ش ئەو هەواڵەی پشتڕاست كردۆتەوە، چونكە وەزیری ناوبراو ڕێوشوێنی لێپرسینەوە و دادپەروەری دەیگرێتەوە. 

وا بڕیارە لە چەند ڕۆژی ئایندە دەنگ لە پەرلەمانی عێراق لەسەر ئەو پرسە بدرێت، ڕوبەیعی بەوە تۆمەتبارە كە كەمتەرخەمی هەبوو لە لاوازی خزمەتگوزاری ئەنتەرنێت، عەلا ڕوبەیعی ئەندامی لیژنەی خزمەتگوزارەیەكان لە پەرلەمانی عێراق ووتی ئەو پاساوانەی نەعیم ڕوبەیعی دەیانهێنێتەوە هیچ ڕاستییەكی تێدا نییە، چونكە خزمەتگوزاری ئەنتەرنێت و مۆبایل لاوازن و كرێیان بەرزە و وەزارەتی گەیاندن و پەیوەندییەكانیش ئەوە دەزانێت.

شەڕقلئەوسەت بڵاویكردەوە
ئەنجومەنی ناوخۆی قەزای زوبێر لە ڕۆژئاوای بەسڕە، بە كۆی دەنگ بڕیاریاندا قەزاكە بكەنە پارێزگا. ئەنجومەنەكە دەڵێت ئامانجی ئەم هەنگاوەیان بەرزكردنەوەی ئاستی خزمەتگوزارییەكانە و برەودانە بە ژێرخانی ئابووری قەزاكەیان و زیادكردنی دەسەڵاتەكانیەتی، ئەندامێكی ئەنجومەنی پارێزگای بەسڕەش سەركەوتنی ئەو هەنگاوە بەدوور دەزانێت، پێی وایە هەنگاوەكە لە دەرئەنجامی پشێوی و ئاڵۆزییەكانی شاری بەسڕەوە سەریهەڵداوە و هەندێك هێزیش گەرەكیانە زێدەمافی تایبەتیان لێوە دەست بكەوێت.

خراپی خزمەتگوزارییەكان و بێكاری  و لاوازی ژێرخانی ئابووری پارێزگای بەسڕە، هاووڵاتییانی شارەكەی بێزار كردووە، بۆتە هۆی سەرهەڵدانی ناڕەزاییەكانی شەقام، كەڵكەڵەی جیابوونەوە و پێكهێنانی هەرێمی تایبەتیشیان لەلا شیرن بووە. هەنگاوەكەی قەزای زوبیر – یش هەر لەو چوارچێوەدایە كە لە كۆنگرەیەكدا و لە بەیاننامەیەكی فەرمیدا ئاراستەی هەردوو حكومەتی لۆكاڵی و فیدڕاڵیان كردووە، بەیاننامەكە باس لەوەش دەكات كە دانیشتوانی قەزاكە ژمارەیان لە یەك ملیۆن تێپەڕیووە و پێویستیان بە خزمەتگوزاری زیاتر هەیە.

ڕۆژنامەی عەرەب بڵاویكردەوە
سەردانەكەی شێخ تەمیمی میری قەترە بۆ وویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا دەكرێت وا پێناسە بكرێت كە سەردانێكی مایەپوچ بوو، یان قسە بەرامبەر پارەوپول، میری قەتەر تەنها چەند قسەیەكی خۆشی پێداهەڵگوتنی پڕۆتۆكۆلی لە دۆناڵد تڕەمپ و ئیدارەكەیەوە دەستكەوت، لە بەرامبەریشدا واشنتۆن پارەوپولێكی زۆری قەتەری و سەوداو مامەڵەی زەبەلاحی دەستكەوتن، دەوحە بەڵێنی ئەوەشی داوە بەردەوام بێت لە میوانداریكردنی زەبەلاحترین بنكەی سەربازی ئەمریكا لە دەرەوە، بەڵێنیشیداوە خەرجی ئەو بنكەیە بكێشێت و فراوانتریشی بكات. قەتەر بەڵێنی داوە چەند فڕۆكەیەكی بۆینگ لە ئەمریكا بكڕێت و بڕی وەبەرهێنانەكانیشی لە ئەمریكا بۆ 185 ملیار دۆلار بەرز بكاتەوە.

تڕامپ ئەو دەرفەتەی قۆزتەوە و لە قسەكانیدا زیاتر ڕووی لە دەنگدەرانی بوو لەوەی قسە بۆ میوانەكەی بكات، ووتی قەتەر بڕی 8 ملیار دۆلاری بۆ بنیاتنان و برەودان بە بنكەی سەربازی "عودەید" تەرخان كردووە، ئەو بنەكەیەش خزمەتێكی زۆر بە واشنتۆن دەكات لە سەرپەرشتی هێزەكانی لە سوریا و یەمەن و عێراق و ئەفغانستان.  تڕەمپ ووتیشی كە وەبەرهێنانەكانی قەتەریش لە ئەمریكا هەلی كاری زۆر بۆ ئەمریكییەكان دەستەبەر دەكات. 

سەردانەكە پەیامێكیش بوو بۆ ئیران لەوەی هاوپەیمانە قەتەرییەكەی هیچ دەسەڵاتێكی نییە و بڕیار بەدەستی دەوحەش خودی واشنتۆنە، بۆیە ناكرێت پشتی پێ ببەستێت.  لە ئەگەری هەڵكشانی بارگرژییەكانی نێوان تاران و واشنتۆنیشدا، بنكەی "عودەید" ی سەرەنێزەی هیزەكانی ئەمركیایە دژ بە تاران.

سەرچاوە: میدیا عێراقی‌و جیهانییەكان