شارپرێس:
هەفتەی رابردوو ژمارەیەك خۆپیشاندان شارەكانی عێراقی گرتەوە و لە ناو خۆپیشاندەراندا دروشمی پاڵپشتی بۆ سەرۆكی پێشووتری عێراق سەدام حسێن دەوترایەوە، چالاكوانانیش هەستان بە بڵاوكردنەوەی ژمارەیەك گرتەی ڤیدیۆیی كردووە، كە لەو گرتانەدا وێنەو لافیتەو وتنەوەی دروشم دەردەكەوتنو داوای گەڕانەوەی عێراقیان دەكرد، دوای ئەوەی جەنگ پارچە پارچەی كردو هەژاری و برسێتی تیدا بڵاوبووەوە.
بەگوێرەی گرتە ڤیدیۆیەكی ناوچەی دوەیلع لەبەغدا ئەو دروشمانەی دەوترانەوە بریتی بو لە (بەرۆح بە خۆین قوربانتین ئەی سەدام)، دوای ئەوەی دەسەڵاتە خۆجێیەكان بەشێوەیەكی هەڕەمەكی هەندێك دوكانی بازرگانییان لەو ناوچەیە لادا، هەروەها لە خۆپیشاندانی ناوچەی جەزائیر لە پارێزگای بەسرەی دەوڵەمەند بە نەوت خۆپیشاندەرەكان هەمان دروشمیان دەوتەوە.
كەركوكیش لەم دیمەنە بێ بەش نەبوو، كاتێ گرتە ڤیدۆیەك بڵاوكرایەوە لە خۆپیشاندانێكی هێزە عەرەبیەكاندا لەو شارەدا ژنێك دەیوت (ئێمە بەعسین، ئێمە سەدامین بەخوا، ئێمە عێراق نادەین)، ئەو خۆپیشاندانە دژی دانانی پارێزگایەكی نوێ بوو لەلایەن كوردەكانەوە بۆ ئەو شارە.
چاودێران وای دەبینن ئەو دیمەن و رووداوانە گوزارشتە لە بەشێكی بۆچوونی گشتی عێراق، كە نقوم بووە لە كێشەی رۆژانە و شێوەیەكە لە ئاوات خواستن بۆ سەردەمی سەدام حسێن.
دیارە ئەو بابەتە تەنیا پەیوەست نەبوو بە پێكهاتەیەك، بەوەی خەڵكی بەسرە چەند مانگێك ناڕەزایەتیان دەربری بەهۆی نەبوونی خزمەتگوزاری گشتی و دۆخی ئابوری نیمچە روخاو و رۆڵی دەوڵەت و میكانیزمی كارەكانی لە ژیانی رۆژانەدا، ئەوان بەم شێوەیە دەریانخست مەیلیان هەیە بۆ گەڕانەوەی حكومەتی ناوەندی سەردەمی سەدام.
لەو بارەوە شرۆڤەكاری سیاسی عێراق "عبد القادر نایل" دەڵێت: وتنەوەی دروشمی خوپیشاندەران و بەرزكردنەوەی ناوی سەدام حسین واقیعی خراپی حیزبە ئایینیەكان دەردەخات كە ماوەی 16 ساڵە حوكمڕانی عێراق دەكەن، لەو ماوەیەدا بودجەی زەبەلاحیان لەبەردەست بوە كە زیاتر بوە لە بودجەی ژمارەیەك دەوڵەت پێكەوە و ملیارەها دۆلاریان دزیوە بەرادەیەك بابەتە گەیشتۆتە داواكردن بۆ نان.
ناوبراو ئاماژەی بۆ ئەوەش كردوە، ئەمڕۆ باس لە هاووڵاتی عێراقی دەكەین، كە خواردنی رۆژانەی دەستناكەوێت و مناڵەكانی برسیانە، لەكاتی سەپاندنی گەمارۆی ئابوریدا و لە ماوەی 13 ساڵدا پسولەی خۆراك بونی هەبو، هاولاتی بەهۆیەوە 17 جۆر خواردنی وەردەگرت بە نرخێكی كەم، ئەو خواردنە بەشی خێزانێكی دەكردو بگرە هەندێك لە هاوڵاتیان زیادەكەیان دەفرۆشتەوە.
هەروەها دەڵێت: ئەمرۆ گەلی عێراق لە كارەساتێكی راستەقینەدا دەژی، ژمارەی ئەوانەی لە ژێر هێڵی هەژاریەوەن 40% ی تێپەڕاندوە، هەندێكیان دەچنە سەر خۆڵ و خاشاك بۆ پەیدا كردنی خواردن، كەرتی تەندروستی بە تەواوەتی هەرەسی هێناوە، ئەو نەخۆشخانانەی لەسەردەمی سەدامدا دروست كرابوون و تیمی تەواوەتی و ئامێریان تێدابوو، ئێستا بۆتە شوێنی كۆبونەوەی سەگ و پشیلە، و نەخۆش لەسەر زەوی دەخەوێ.
نایل باسی لەوەش كردووە، جەماوەری عێراق ئێستا ئاگایی تەواویان هەیە لەو دۆخە سەختەی تیایدا دەژین، خەڵكی عێراق پەشیمانن لەو وڵاتانەی دامەزراوەو سوپاكەیان وێران كرد، هەندێك دەیانەوێ دەوڵەت بگەڕێنێتەوە بەهۆی ژمارەیەك حیزبی فاشی ئاینی كە هیچ گوێ بە بەرژەوەندی گەلی عێراق نادەن، بەلام شەقام دەیەوێ دەوڵەت لەسەر بنەما و هیڵێكی روون دابمەزرێت.
خۆپیشاندانەكان لە ژمارەیەك پارێزگای عێراقدا سەریان هەڵدایەوە، وەك كەركوك و بەسرە لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا، خۆپیشاندانەكانی ئەم دواییە رەنگی جیاوازتریان لەوانەی ساڵی رابردوو هەڵگرتبوو، لەبەسرە خۆپیشاندەران داوای لابردنی پارێزگاریان دەكردو لە كەركوك دژی دانانی پارێزگارێكی نوێی كورد بوون.
سەرچاوە: Sputnik news
وەرگێڕان: حلمی رەسول رەزا
