ناكۆكییەكانی نێوان بەغداو هەولێر ئابووری هەرێمی كوردستان لاواز دەكات

عیراق

30/07/2019‌ 1210 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لەم دواییەدا حكومەتی عێراق و هەرێمی كوردستان دانوستانەكانیان دەربارەی نەوت و بودجە دەستپێكردەوە، كە دوو كێشەی كۆنن و گەیشتن بەرێككەوتنێك دەربارەی ئەو پرسانە بەلای هەندێك شارەزاوە بە دوور دەزانرێت.

ماوەی چەند ساڵێكە پەیوەندی نێوان بەغداو هەولێر ئالۆزی تێكەوتووەو لە پاش ساڵی 2014ەوە زیاتر رووەو خراپ بوون رۆیشتووە، كاتێك هەرێمی كوردستان ئەو فەوزایەی قۆستەوە، كە بەهۆی هێرش‌و داگیركارییەكانی رێكخراوی تیرۆریستی داعشەوە وڵاتی گرتبووەوە، بەوەی دەستی بە هەناردەی راستەوخۆی نەوت كرد بۆ توركیا.

لەئێستادا حكومەتی كوردستان رۆژانە 400 بۆ 500 هەزار بەرمیل نەوت هەناردە دەكات، بەڵام بە شێوەیەكی فەرمی پێویستە 250 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە لەرێگای كۆمپانیای سۆمۆوە بنێرێت، ئەمە جگە لەوەی پێویستە ئەو داهاتەی دەمێنێتەوە بیخاتە سەر بودجەی فیدراڵی. 

لەبەرانبەردا لەسەر بەغدا پێویستە 12% ی بودجەی فیدراڵی بنێرێت بۆ هەولێر كە دەكاتە نزیكەی (8,2) ملیار دۆلار.

لە بودجەی ساڵی 2019 دا بەبێ هیچ مەرجێك بەغدا مووچەی فەرمانبەركانی هەرێمی دابین كردووە، واتە بەبێ ئەوەی هەولێر داهاتەكانی نەوت ڕادەست بكاتەوە بۆ حكومەتی ناوەند.

بەڵام لە راستیدا، ئەگەر بێت و بەغدا موچەی مانگانەی فەرمانبەرانی هەرێم دابین بكات، ئەوا بودجەی تەرخانكراو نانێرێت بۆ هەولێر، بەهۆی ئەوەی هەناردەی نەوتی كوردستان بۆ توركیا بە رێگەی عێراقدا ناڕوات.

لەگەڵ دروستبوونی كابینەی نوێی حكومەتی كوردستان، مەسرور بارزانی بەرەو بەغدا كەوتە رێ‌و داوای ئەوەی كرد ململانێكانی رابردوو لەبیربكرێت .

سەرچاوەیەك لە حكومەتی عێراق باسی لەوە كردووە راستی پەلەكردنی سەرۆكی حكومەت‌و دەركەوتنی لەبەغدا ئاماژەیەكی  زۆر باشەو پێویستە لیژنەی هونەری هاوبەش دروست بكرێت بۆ رێككەوتن لەسەر بودجەی ساڵی 2020.

پێدەچێت حكومەتی هەرێمی كوردستان مكوڕبێت لەسەر ئەنجامدانی دانوستان بەوەی لە رووی داراییەوە خنكاوە، ئەمەش بەهۆی قەرزەكانی سەر حكومەت، كە دەگاتە نزیكەی 14 ملیار دۆلار، بەڵام لە راستیدا ژمارەكە چەندین جار زیاترە بەگوێرەی ژمارەیەك شارەزا لەو بوارەدا.

هەرچی دەربارەی موچەی فەرمانبەرانە لە ساڵی 2019 دا گەیشتۆتە ئاستێكی پێوانەیی (8.9) ملیار دۆلاری ساڵانە بە گوێرەی زانیارییەكانی هەولێر. 

كەچی بەغدا تەنیا (4.6) ملیار دۆلار دەنێرێت و ئاماژە بۆ ئەوە دەكات ناوی (وەهمی) لە لیستی فەرمانبەركاندا زۆرە كە ژمارەیان دەگاتە (1.2) ملیۆن فەرمانبەر.

لەو بارەیەوە، شارەزای بواری ئابووری ئەحمەد تەبقچلی ئاماژە بۆ ئەوە دەكات تەنیا 3.5 ملیار دۆلار بوونی هەیە لە داهاتەكانی نەوت لەدوای شكاندنی تێچووەكان – بەگوێرەی شارەزایان- و حكومەتی هەرێم بۆ ماوەی چەند مانگیش مووچەی فەرمانبەرانی نەداوە.

ناكۆكی نێوان بەغدا و هەولێر ئابوری كوردستان بێ هێز دەكات، خەڵكی هەرێم نازانێت لە كۆتایی مانگدا موچەیان پێ دەدرێت، یان نا، ئەمەش كاریگەری كردۆتە سەر ئابوری و وەبەرهێنان، هەروەك سەركەوت شەمسەدینی ئەندام پەرلەمانی عێراق هێمای بۆ كردوە.

هەولێر وای دەبینێ عادل عەبدولمەهدی هاوبەشێكی زۆر باشە، هاوسۆزە لەگەڵ هەرێم و بە شێوەیەكی پراكتیكی رێككەوتنی لەگەڵ هەرێمدا ئەنجامداوە. 

لای خۆیشییەوە سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، كە سەربەخۆیەو بەكۆدەنگی گەیشتووەتە سەر دەسەڵات دژی ئەندام پەرلەمانە پەرتەوازەكان لە رێسایی زۆرینەی توندەكان.

لەم چوارچێوەیەدا، تەبەقچلی بڕوای وایە عادل عەبدولمەهدی بەهۆی ئەو ئەندام پەرلەمانە ناكۆكانەی نێو پەرلەمانەوە وای كردوە كوردەكان ببنە هاوپەیمانێكی ئاسایی بۆ حكومەتەكەی.

لای خۆیەوە ژنە شارەزای بواری نەوت رەبا حیسەری پێیوایە هەولێر و بەغدا گەیشتوونەتە رێگایەكی داخراو، چونكە هەولێر هەر دەسەلاتێكی ئیتحادی لەسەر سنوورو نەوت‌و داهاتەكانی رەتدەكاتەوە، لە هەمان كاتدا بەغدا بەیەك دەنگ لەگەڵ كوردەكاندا گفتوگۆ ناكەن. هەر رێككەوتنێكی نوێش واژوو بكرێت، كاتی دەبێت و هەمان كەم و كوریەكانی پێشوو سەر هەلدەداتەوە.

بۆ بەدەستهێنانی پەسەند كردنی لەلایەن پەرلەمانەوە، لەسەر عبد المهدی پێویستە ژمارەیەكی زۆر لە ئەندام پەرلەمانەكان ڕازی بكات؛ ئەوانەی تۆمەتباری دەكەن بەوەی سازشی گەورە بۆ هەرێمی كوردستان دەكات.

سەرچاوە: الجزیرە
وەرگێڕان: حلمی رەسول رەزا