وەزیری کار پڕۆژەیەکی بۆ کەمکردنەوەی ئاستى بێکاریی راگەیاند

کوردستان

04/08/2019‌ 880 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی لەگەڵ ئەنجومەن و پارێزگاری سلێمانی کۆبوەوە و پڕۆژەیەکی چوارساڵی بۆ کەمکردنەوەی ئاستی بێکاریی راگەیاند.

کوێستان محەمەد، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی لەمیانى سەردانێکى بۆ سلێمانى و کۆبوونەوەى لەگەڵ بەرپرسانى شارەکە رایگەیاند: چەند پڕۆژەیەکمان لەگەڵ دەستەکانی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵاتی تاوتوێ کردوە و هاوکات لەگەڵ پارێزگار و ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی کۆبوینەتەوە بۆ دەستپێکردنی چەند پڕۆژەیەکی تایبەت بە دروستکردنی هەلی کار و هاوکاریی خاوەن پێداویستییە تایبەتییەکان و نەخۆشانی ئۆتیزم.

ئاماژەى بەوەشکردوە، وەزارەتەکەیان و بەڕێوەبەرایەتییەکانی سەر بە وەزارەتەکەیان بەرنامەیەکیان ئامادەکردوە بۆ کەمکردنەوە و نەهێشتنی بێکاری و لە چوارساڵی ئایندەدا هەمو سەرنجی خۆیان لەسەر نەهێشتنی بێکاری چڕ دەکەنەوە و بۆ تاوتوێکردنی ئەو پڕۆژەیەش لەگەڵ دامەزراوە خۆجێییەکان و حکومەت کۆدەبنەوە.

لاى خۆشیەوە هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگای سلێمانی رایگەیاندوە، ئێمە وەک یەک تیم لەگەڵ حکومەت و وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی کار دەکەین و کۆبوینەتەوە بۆ دابەشکردنی ئەرکەکان و ئەنجامدانی کاری هاوبەش و بەڵێنمان داوە لەسەر پشتیوانییەکان و ئەرک و خزمەتگوزارییەکان بەردەوام بین و گرنگە حکومەت بیر لە دۆزینەوەی هەلی کار بکاتەوە، چونکە لە راستیدا ئەمە دەبێتە هۆی ئاشتی و تەبایی کۆمەڵایەتی.

پارێزگارى سلێمانى وتیشی: لە ماوەی رابردودا هیچ پارەیەک نەهاتوەتە پارێزگای سلێمانی، تەنها ئەو پارانەی لە رابردودا هەبوە هەوڵ دەدەین بیانخەینە گەڕ و بەکاریان بهێنین بۆ خزمەتی هاوڵاتیان لە بواری خزمەتگوزارییەکانی وەک تۆڕی ئاو و کارەبا و رێگەوبان و نۆژەنکردنەوەی قوتابخانەکان و هاوکاریی ناوەندە تەندروستییەکان.

س.هـ