بێگەرد تاڵەبانى:دەمانەوێت لە پاڵ نەوت كشتوكاڵ بكەینە كۆڵەكەی زێڕینی ژێرخانی ئابووری

کوردستان

08/08/2019‌ 468 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی ھەرێمی كوردستان رایگەیاند، دەیانەوێت لە پاڵ نەوت، كشتوكاڵ بكەنە كۆڵەكەی زێڕینی ژێرخانی ئابووری ھەرێمی كوردستان.

بێگەرد تاڵەبانی وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی ھەرێم لەمیانی بەشداریكردنی لە كۆنفرانسێكی تایبەت بە كشتوكاڵ رایگەیاند "دەمانەوێت لە پاڵ نەوت، كشتوكاڵ بكەینە كۆڵەكەی زێڕینی ژێرخانی ئابووری وڵاتەكەمان و زەمینەیەكی لەبار ھەیە بۆ كشتوكاڵ كە بە نەوتی ھەمیشەیی ناودەبرێت، ئەوەش وایكردووە كابینەی نۆیەمی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان لە كارنامەی خۆیدا ئاماژەیەكی گرنگ و روون بدات بە سەرچاوەی جێگرەوەی نەوت، كە كشتوكاڵ یەكێكە لەو سەرچاوە گرنگانە حكوومەت دەیەوێت بۆ ژێرخانی ئابووری ھەرێمی كوردستان پشتی پێ ببەستێ".

ئاماژەى بەوەشکرد، لە ماوەی دەستبەكاربوونی لە پۆستی وەزیری كشتوكاڵ زۆر بە روونی ھەستیان بە تێڕوانینی ئەرێنی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی ھەرێم كردووە، بۆ پەرەپێدانی كەرتی كشتوكاڵ، دڵنیان كە بە ھەموو تواناوە ھاوكار دەبن، بۆ پێشخستنی ھەوڵەكان لەپێناو بوژاندنەوەی كەرتی كشتوكاڵ".

وەزیری كشتوكاڵ روونیکردوە بەھۆی شەڕی دراوسێكان لە ناوچە سنوورییەكان زیانی زۆر بە رەزوباخ و كشتوكاڵی ھەرێمی كوردستان كەوتووە، جگە لەوەش لەكاتی پێگەیشتنی بەروبوومی جوتیارانی ھەرێمی كوردستان نرخی بەرھەمە ناوخۆییەكان ھەرزان دەبێت.

س.هـ