ترامپ دەیەوێت بەپشتگیری ئیسرائیل ببێتەوە سەرۆكی ئەمریكا

جیهان

22/08/2019‌ 641 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: 
ئەگەر جولەكەیت‌و نیازت هەیە دەنگ بە دۆناڵد ترامپ بدەیت، چونكە پێت وایە پشتیوانی ئیسڕائیل دەكات، ئەوا بێ هیچ دوودڵییەك ساویلكەی، ڕاستە ترامپ وتوویەتی و زۆریشی كردووە بۆ بەرژەوەندی حكومەتەكەی ئێستای ئیسڕائیل، جێگەی سەرسامی جەماوەری ئیسڕائیلیش بووە، ڕەتكردنەوەی ئەمەش‌ ڕەتكردنەوەی ڕاستییە. 

بەڵام ڕاستییەكە ئەوەیە، كە شێوازەكەی ترامپ لە سۆزداری بۆ ئیسرائیل ملكەچی ئارەزوویەكی سیاسییە بۆ قۆزتنەوەی هەلی دووبارە هەڵبژاردنەوەی خۆی بە سەرۆكی ئەمریكا، بەوەی وای وێنا دەكات، پارتی كۆماری بە تەواوی پشتیوانی دەوڵەتی جوولەكەیە و هەموو پارتی دیموكراتیش دژ بە جولەكەن.

بۆیە ترامپ بەشێوەیەك یارمەتی نەتەنیاهۆی سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل دەدات، كە پێشتر هیچ سەرۆكێكی ئەمریكی نەیكردووە، دۆخەكە وایە هەردوو سەرۆك وەزیر پرسی پشتیوانی ئیسرائیلیان كردووەتە جێگە ناكۆكی لە گۆڕەپانی سیاسی ئەمریكادا. 

ئەمەش‌ بۆ ماوەیەكی دوورمەودا مەترسی هەیە بۆ سەر بەرژەوەندییەكانی ئیسرائیل، بەوەی پرسەكەیان ببێتە جێگەی ناكۆكی نێوان دوو پارتە دەسەڵاتدارەكەی ئەمریكا. 

هەروەها "دۆری غۆڵد" ی باڵوێزی ئیسرائیلی پێشوو لەنەتەوەیەكگرتووەكان، كە پێشتر ڕاوێژكارێكی نزیكی نەتەنیاهۆ بووە، لەگفتوگۆیەكیدا لە پەیمانگای هادسۆن لە 27 ی نۆڤەمبەری 2018 هۆشداریدا و وتی: "پێویستە لەگەڵ هەردوو پارتی دیموكراتەكان و كۆمارییەكان وەك یەك لەسەر خەتبیت، دەنا لە لاگیری بۆ لایەكیانەوە دەگلێین".

هەڵمەتەكەی ئێستای ترامپ، كە مەبەستی شێواندنی ئابڕوومەندی پارتی دیموكراتەكانە بە هۆی چەند بیرۆكەیەكیان دژ بە ئیسرائیل، بەشێكە لە كردەیەك كە لە مەودایەكی دووردا زیانێكی زۆر بە پشتیوانی ئەمریكا بۆ ئیسرائیل دەگەیەنێت.

بەڵام كەی ئیسڕائیل، كە عەرەبەكانی ناو پەرلەمانی ئیسرائیل ئازادانە هەموو شتێكی پێدەڵێن، لەوە ترساوە ئاخۆ چەند كۆنگریسمانێكی ئەمریكی چی دەڵێن و چی ناڵێن؟

دەرفەتەكە تازە لەدەستچوو، ئەمەش‌ بە هۆی ئەوەی ترامپ و نەتەنیاهۆ پرسی پشتیوانی ئیسرائیلیان كردووەتەوە خاڵی ناكۆكی لەگۆڕەپانی سیاسی ئەمریكیدا، هەر بە ڕاستیش ئەمە ڕوویدا. بۆیە نابێت هەڵخەڵەتێین، نەتەنیاهۆ  لە ڕێگەی پلانەكانی لەگەڵ پارتی كۆماری  لە ئەنجوومەنی پیران دەتوانێت هەر كات بیەوێت، وا بكات كۆنگرێس سەكۆیەكی پێ ببەخشێت بۆ دەنگهەڵبڕین، بەڵام نەتەنیاهۆ ئەمڕۆ ناتوانێت لەحەرەمی هیچ زانكۆیەكی گەورەی ئەمریكادا، بێبوونی پاسەوان قسە بكات و وتار بدات، چونكە ناڕەزایی گەورەی ڕووبەڕوو دەبنەوە.

ئینجا وەرە گوێ لە هەندێك پاڵێوراوی سەرۆكایەتی دیموكراتەكانی ئێستای وەك ئیلیزابێس وارن و بیرنی ساندرۆز بگرە، هەست بەوە دەكات چەند لە ڕەفتاری حكومەتەكەی ئیسرائیل بێزارن لە داگیركاری بەردەوامیان بۆ كەرتی خۆرئاوا، ئەوان ئێستا لەوە ناترسن ئەم ڕاستییە بڵێن. هەروەك ڕژۆنامەی "جیروز ئیلیم پۆست" لە 11 ی یۆلیۆی ڕابردوو وتی: سیناتۆر ئیلزابێس وارن، كە هەلی پاڵاوتنی لەم چەند هەفتەیەی ڕابردوو زیاتر و زیاتر بووە، ئەمەی بە ڕوونی بە دوو چالاكوانی جووی دژ بە داگیركاری ئیسرائیلی وتووە كاتێك داوای پشتیوانیان لێكردووە.

ترامپ پارتی كۆماری یەكسان كردووە بە ڕقلێبوونەوە لە ئیسرائیل، لە كاتێكدا پشتیوانی ناتانیاهۆ دەكات، كە سەرۆكایەتی توندڕەوترین حكومەت دەكات لەمێژووی ئیسرائیلدا و تۆمەتباریشە بە 3 دۆسییەی گەندەڵی.

هۆكارێكی دیكەش هەیە، بە گواستنەوەی باڵوێزخانەی ئەمریكا بۆ قودس‌و گۆرینی باڵوێزخانەكە بە سەرۆكایەتی "دیڤید فریدمان"، كە هاوڕێی ترامپە، بۆ بنكەیەكی بەرگریكردن لە بەرژوەندی نیشتەجێكراوە جووەكان نەوەك بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا.. گڵۆپی سەوزیش بۆ ئیسرائیل هەڵكرا، كە كەرتی خۆرئاوا داگیر بكات.

جارێكی دیكە دەیڵێینەوە، ئەگەر نەتەنیاهۆ وەك سەرۆك وەزیران بمێنێتەوە، ئەمەش پێویستی بە هاوپەیمانییەكە لە نێوان پارتە ڕاستڕەووە توندڕەووەكان، كە گەرەكییانە كەرتی خۆرئاوا داگیربكەن بە 2 ملیۆن و 500 هەزار دانیشتوانە فەڵەستینییەكەیەوە، ئەوا ئەوكات ئیسرائیل یان دەبێتە دەوڵەتێكی دوولایەنەی نەتەوەیی عەرەب و جولەكەكان، یان دەوڵەتێك توێژێكی گەورەی دانیشتوانەكانی بێبەش دەكات لە مافی دیموكراسییان لە دەنگدان. هیچ كام لەم دوانەش ئەو دیموكراسییە جوولەكەیە نایەنێتەدی، كە دامەزرێنەرانی ئیسرائیل خەونیان پێوە دەبینی.

پێگەی ئەلەكترۆن: موستەقبەل  
نووسین: تۆماس فریدمان 
وەرگێران: لوقمان حاجی قادر