لەرێگەی فڕۆكەی بێفڕۆكەوان
هۆشداری لە بەئامانجگرتن‌و كوشتنی چەند كەسایەتییەكی عێراق دەدرێت

عیراق

22/08/2019‌ 1193 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
سیاسی و پەرلەمانتاری پێشووی عێراق عیززەت شابەندەر، هۆشداری دەدات لەوەی ئیسرائیل لەرێگای فرۆكەی بێفرۆكەوانەوە دەست بكات بەزنجیرەیەك كردەی كوشتنی ئەو كەسایەتییە عێراقییانەی نەیاری پرۆژەی ئەمەریكی- ئیسرائیلین.

شابەندەر لەتویتێكیدا لە پێگەی كۆمەڵایەتی تویتەر نووسیویەتی: زۆری تری پێناچێت تا دەبینین فرۆكە بێفرۆكەوانە ئیسرائیلییەكان لەئاسمانی عێراق دەست دەكەن بەزنجیرەیەك پرۆسەی تیرۆركردنی ئەو كەسایەتییە عێراقییانەی لەناوچەكە نەیاری پرۆژەی ئەمەریكی –ئیسرائیلین، هەروەك چۆن بەرانبەر بەسەركردە فەلەستینییەكان لە كەرتی غەززە دەیكات .

ئەمە لەكاتێكدایە، ماوەیەكە چەند كۆگایەكی چەك‌و تەقەمەنی لەعێراق، كە تایبەتن بە هێزەكانی حەشدی شەعبی، دەتەقنەوەو هۆكارەكەشی بۆ ئەوە دەگەڕێنرێتەوە، كە سوپای ئیسرائیل بەفڕۆكە بۆردومانیان دەكات.

هەر لەو چوارچێوەیەدا، مشعان جبووری پەرلەمانتاری پێشووی عێراق باسی لەوە كردووە، فرۆكەیەكی بێفرۆكەوانی ئەمەریكی سەربازگەیەكی سەر بەحەشدی شەعبی لە پارێزگای سەڵاحەددین لەنزیك بنكەی ئاسمانی بەلەد بەئامانج گرتووە.

ئەو پرسیاری ئەوەشی كردووە، كە چارەنووسی بڕیاری سەرۆك وەزیران بۆ  كورتكردنەوەی پێدانی مۆڵەتی فڕینی فرۆكەی سەربازی تەنیا لەدەستی عادل عەبدول مەهدی چی لێهاتووە؟

هەفتەی رابردوو دوای چەند تەقینەوەیەك لەكۆگاكانی چەك‌و تەقەمەنی، ئەنجوومەنی ئایاشی عێراق بڕیاریدا، كە مۆڵەتی فڕینی فڕۆكەی سەربازی لەئاسمانی عێراق بخرێتە دەست عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیران.

دوای رووداوی بۆردومانكردنی سەربازگەی سەقەر لە باشووری بەغدا ئەو بڕیارە درا، بەڵام دوای ئەوەش دوو كۆگای چەك‌و تەقەمەنی تەقێنراونەتەوەو بەو هۆیەشەوە كێشە دروست بووەو كاردانەوەی گەورەش دروست بووە.

هـ ـ ح

بەپەلە