رزگاركردنی رێككەوتنی ئەتۆمی.. ئێران نەوت بە یۆرانیۆم دەگۆڕێتەوە

جیهان

07/09/2019‌ 2803 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەو ناونیشانەی سەرەوە، گۆڤاری (كۆمیرسانت) راپۆرتێكی بڵاوكردووەتەوە دەربارەی هیواكانی ئێران بۆ چارەسەرێكی مامناوەندی لەگەڵ ئەوروپا بە شێوەیەك كاریگەری سزاكان كەمبكاتەوەو مامەڵەی ئەتۆمی رزگار بكات.

بەپێی راپۆرتەكە، ئێران ئامادەیە كەمكردنەوەیەكی نوێ لە پابەندبوونەكانی خۆی بە مامەڵەی ئەتۆمییەوە رابگەیەنێت، ئەمەش لەلایەن وەزیری دەرەوە محەمەد جەواد زەریف لەمیانی سەردانەكەی بۆ مۆسكۆ ئاماژەی پێكرا.

لەسەرەتادا، تاران دووپاتیكردەوە دەكرێت سەرجەم هەنگاوەكانی پێچەوانە بكاتەوە و ئامادەیە بۆ دانوستان، ئەمەش زەریف لەمۆسكۆ هێمای بۆ كرد، بەڵام ئەوەی تا ئێستا بە دەست هاتووە بریتییە لە دەستپێكردنی میكانیزمێك لەلایەن فەرەنسا و ئەلمانیا و بەریتانیا، ئەمەش لە چاوەروانیدا بۆ كارەكانیان لەگەڵ ئێران (INSTEX) و لەچوارچێوەیەكی زۆر سنوورداردا، ئەوەش رێككەوت نەبووە، كە چەندین جار وەزیری دەرەوەی ئێران لە میانی سەردانەكەیدا بۆ مۆسكۆ گوزارشتی بەداخەوەی دەربڕی، بەوەی ئەوروپییەكان و چین بە پێچەوانەی روسیا ناتوانن رێكاری تەواو بگرنە بەرو وەفایان هەبێت بۆ پابەندبوونەكانیان بەگوێرەی رێككەوتننامەی ئەتۆمی و رزگار كردنی. 

لەهەمان كاتدا، زەریف ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، ئێران فۆكەس دەخاتەسەر بەردەوامبوونی گفتوگۆكانی لەگەڵ هاوبەشە ئەوروپیەكانی و بەتایبەتی لەگەڵ فەرەنسا، كە ئێستا بووەتە دانوستانكاری سەرەكی لە یەكێتی ئەوروپادا.

لەو بارەیەوە، راوێژكاری ناوەندی (لێكۆڵینەوەی سیاسەتی روسیا) ئەندریە باكلیتسكی دەڵێت: ئەگەر رێككەوتن لەگەڵ پاریس نەكرێت و جێبەجێنەكرێت، ئێران دەتوانێت خۆی ڕابگرێت تا كاتی هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتی ئەمریكا لە 3ی نۆڤەمبەری 2020، كە لە تاران چاوەڕوانی ئەوە دەكەن گۆڕانكارییەك لە سیاسەتی واشنتۆن بەرانبەریان بێتە دی، كە بەگوێرەی ئەو، ئەوروپا ناتوانێت لەگەڵ ئێران رێبكەوێت بەبێ رەزامەندی ئەمریكا.

هەروەها گەورە راوێژكار لە پەیمانگەی لێكۆڵینەوەی رۆژهەڵاتی سەر بە ئەكادیمیای زانستەكانی روسیا ڤلادیمیر ساجین لەو بارەیەوە وتی: لە تاران تێبینی ئەوە كراوە دۆناڵد ترامپ قسەی لەسەر پێشنیارەكانی ماكرۆن نەبووە، ئەمەش وا دەكات ئێرانییەكان ئەو بڕوایەیان لادروست بێت ئەمریكا لاری نییە لەوەی پاریس و تاران رێككەوتن ئەنجام بدەن.

بەگوێرەی قسەی زەریف و بەپێی رێككەوتنی ئەتۆمی ئەوروپا 11 پابەندبوونی لەسەرە، بەڵام ئێران فۆكەس دەكاتە سەر دوانیان لەوانە، دەست پێكردنەوەی فرۆشتنی نەوتی ئێران و وەرگرتنی پارەكەی، ئەگەر بێتوو ئەمە جێبەجێنەكرێت تاران دەست لە پابەندبوونەكانی هەڵدەگرێت.

سەرچاوە: RT.Arabic
وەرگێڕان: حلمی رەسول رەزا