شارپرێس:
رۆژنامەی "دەیلی بیست "ی ئەمریكی بڵاوكردەوە، كە جۆن بۆڵتۆنی راوێژكاری پێشووی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریكا بەتەمایە كتێبێك بنووسێت و تێیدا نهێنییەكانی ماوەی كاركردنی لەئیدارەی دۆناڵد ترامپ ئاشكرابكات .
رۆژنامەكە بڵاویشیكردەوە، بۆڵتۆن لەئێستادا لەگەڵ بریكارە ئەدەبییەكانی لە پەیوەندیدایە ئەوانەی دەیانەوێت لەنووسینی كتێبەكەیدا یارمەتی بدەن، كە بەپێی قسەی دوو لەو كەسانەی ئاگاداری دۆخەكەن دەڵێن: ئەو هەنگاوە دەبێتە هۆی تووڕەبوونی دۆناڵد ترامپی سەرۆكی ئەمریكا.
هەفتەی رابردوو دۆناڵد ترامپی سەرۆكی ئەمەریكا رایگەیاند، بەهۆی هاوڕانەبوونی لەگەڵ زۆرینەی پێشنیازەكانی جۆن بۆڵتۆنی لەپۆستەكەی دوورخستووەتەوە.
ترامپ لەتویتێكدا نووسی: جۆن بۆڵتۆنم ئاگاداركردەوە، كە چیتر لەكۆشكی سپی پێویستمان بە خزمەتەكانی نەماوە.
هەروەها نووسی: لەگەڵ زۆرینەی پێشنیازەكانی هاوڕا نەبووم.
لەلایەكی تر بەگوێرەی راپۆرتێكی تۆڕی رادیۆی نیشتمانی گشتی ئەمەریكی، ناكۆكییەكانی نێوان ترامپ و بۆڵتۆن ( كە لە ٧ مانگ زیاتر لە پۆستەكەیدا نەمایەوە) ، بۆسەرەتای ئەمساڵ دەگەرێتەوە ئەوكاتەی ترامپ لەگەڵ زۆرینەی بۆچوونەكانی بۆڵتۆن نەبوو سەبارەت بەبابەتەكانی ئاسایشی نەتەوەیی.
وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی
