شارپرێس:
وه‌زیری به‌رگریی توركیا له‌باره‌ی كاره‌كانی دامه‌زراندنی ناوچه‌ی ئارام له‌سووریا له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا رایگه‌یاند، ئه‌نقه‌ره هاوكارییه‌كانی له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا ده‌وه‌ستێنێت له باره‌ی ناوچه‌ی ئارامی باكووری سووریاوه، ئه‌گه‌ر بێت و لایه‌نی ئه‌مه‌ریكی خه‌ریكی كات كوشتن بێت.
خولوسی ئاكار، وه‌زیری به‌رگریی توركیا له‌باره‌ی كاره‌كانی دامه‌زراندنی ناوچه‌ی ئارام له‌سووریا له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا رایگه‌یاند، "تا ئه‌وكاته‌ی له‌گه‌ڵ ئامانج و مه‌به‌سته‌كانمان گونجاوبن، به‌رده‌وام ده‌بین له دانوستان و كاری هاوبه‌ش. ئه‌گه‌ر دواخستن و سه‌رقاڵكردن هه‌بێت، ئه‌م كارانه كۆتاییان دێت."
ئاكار له‌گه‌ڵ سه‌رۆك ئه‌ركانی سوپا، یاشار گوله‌ر و فه‌رمانده‌كانی سوپا به‌شداریی له رێوڕه‌سمی رۆژی غازییه‌كاندا كرد و وتارێكی پێشكه‌شكرد و رایگه‌یاند، ئامانجیانه ناوچه‌یه‌كی ئارام به‌قووڵایی 30 بۆ 40 كیلۆمه‌تر له رۆژهه‌ڵاتی فورات دابمه‌زرێنن و له‌چه‌كی قورس و یه‌په‌گه پاكی بكه‌نه‌وه.
ئاكار وتیشی، "له‌سه‌ر زانیاری و فه‌رمانی به‌ڕێز سه‌ركۆمارمان، مه‌به‌ست و ئامانجه‌كانمان هه‌ر له سه‌ره‌تاوه دووباره و دووباره به به‌رانبه‌ره‌كانمان راگه‌یاندووه. روونكردنه‌وه‌كانی ئه‌مریكا له‌نزیكه‌وه چاودێری ده‌كه‌ین. ده‌زانین پێشتر له منبج و ره‌ققه چی‌یان كردووه و نامانه‌وێت ئه‌وانه دووباره ببنه‌وه. له‌وچوارچێوه‌یه‌دا له‌و ناوچانه‌ی كه هاوڕاین تێیداندا، له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا ده‌ورییه‌ی ئاسمانی و وشكانی ئه‌نجامده‌ده‌ین و كار بۆ دامه‌زراندنی ناوچه‌ی سه‌ربازی ده‌كه‌ین".
ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، "تا ئه‌وكاته‌ی له‌گه‌ڵ ئامانج و مه‌به‌سته‌كانمان گونجاوبن، به‌رده‌وام ده‌بین له دانوستان و كاری هاوبه‌ش، ئه‌گه‌ر دواخستن و سه‌رقاڵكردن هه‌بێت، ئه‌م كارانه كۆتاییان دێت. ئاماده‌كارییه‌كانمان ئه‌نجامداوه. هه‌ركاتێك پێویست بكات، وه‌ك سهركۆماریشمان گوتوویه‌تی، خۆمان ناوكی خۆمان ده‌بڕین (خۆمان كارى خۆمان ئه‌نجام ده‌ده‌ین). پلانی B و پلانی C شمان ئاماده‌یه."
ه.م