پێدەچێت كوردەكان نهێنی ئەمریكییەكان ڕادەستی روسیا بكەن

کوردستان

19/10/2019‌ 5278 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەو ناونیشانەی سەرەوە، گۆڤاری (ئۆراسیا دەیلی) راپۆرتێكی بڵاوكردووەتەوە، دەربارەی ترسی پەنتاگۆن لەوەی كوردەكان ئەو نهێنییانەی لایانە لە شێوەی كارەكانیان و تەنانەت ناوی هەندێك لە كارمەندەكانیان لەناوچەكە بدەن بە روسەكان.

بەپێی راپۆرتی  (میلیتاری تایمزی)ی ئەمریكی پسپۆر لە پرسەكانی سەربازی باسی لەوە كردووە پەنتاگۆن تا رادەیەكی زۆر نیگەرانی هەیە لەوەی كوردەكان ئینتیمایان بۆ ئەمریكا نەمێنێت و بچنە پاڵ روسیا و حكومەتی سوریا. 

هەر بەپێی راپۆرتەكە، ئەنجامەكەشی بریتی دەبێت لەوەی، كە سەرجەم نهێنییەكانی تایبەت بە ئەمریكییەكان لە سوریا بكەوێتە دەستی روسەكان لە رێگەی كوردەكانەوە.

ئێستا بەهۆی فەرمانەكانی دۆناڵد ترامپ بە كشانەوەی هێزە ئەمریكییەكان لە باكووری سوریا و بەهۆی دەستێوەردانی سەربازی توركیاوە، پەیوەندی نێوان ئەمریكا و كوردەكان هەرەس دەهێنێت، هەروەها بەهۆی مەترسییە ئەمنییەكانەوە كوردەكان ناچار دەبن ئاراستەی سیاسەتەكەیان بگۆڕن پەیوەندییەكانیان لەگەڵ حكومەتی ناوەندی سوریا پەرەپێ بدەن، جا بەهەر رێگایەك بێت.

لەبەر ئەوە، وەزارەتی بەرگری ئەمریكا هەست بە نیگەرانی دەكات لەوەی سەركردایەتی هێزەكانی كورد لە بەرانبەر ئینتیمای تازەیاندا لیستێكی دورودرێژ لەنهێنی سەربازی ئەمریكای تایبەت بەتەكتیكەكان و شێوەی رێكارەكان كەلوپەل و زانیاری هەواڵگری ئەمریكا و ناوی بەكرێگیراوەكانی ئەمریكا لەرۆژهەڵاتی ناوەڕاست بدەن بە روسیا.

وەك نەریتێك هێزە تایبەتەكانی ئەمریكا نهێنی و تواناكانی خۆیان لەكاتی كاركردندا دەدەن بەهاوبەشەكانیان، لەگەڵ ئەوەشدا، دۆخی باكووری سوریا لەگەڵ كوردەكان جیاوازی هەیە بەهۆی تایبەتمەندییەكانی جەنگی ناڕاستەوخۆی ئەمریكا لە دژی داعش. 

هەروەها بەهۆی سروشتی هەڵمەتی سەربازییەوە دژی داعش و درێژی ماوەكەی، كوردەكان زانیارییان دەسكەوتووە لەسەر هەندێك لەكەسەكان یاخود رێكارەكانی كار یاخود كاتی وەڵامدانەوەی فرۆكەكانی هاوپەیمانان، بەڵام ئێستا و بەهۆی ناپاكی ئەمریكییەكانەوە لەبەرانبەر كوردەكان، رەنگە ئەو جەنگاوەرانە بەبێ دوو دڵی ئەم زانیارییە گرنگانە رادەستی ركابەرەكانی ئەمریكا بكەن.

سەرچاوە: RT.Arabic
وەرگێران: حلمی رەسول رەزا