باجەكەی قورس دەبێت.. بردنەوەكەی ئەردۆغان لەسوریا زۆر ناخایەنێت

کوردستان

23/10/2019‌ 9196 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەرپرسێكی وەزارەتی دەرەوەی توركیا، كە نەیەویست ناوەكەی ئاشكرابكرێت، لە لێدوانێكی بۆ ڕۆژنامەی "واشنتۆن پۆست" وتی: ئاگربەستەكەی نێوان واشنتۆن و ئەنقەرە، یەكێكە لە سوك و ئاسانترین ڕێككەوتنەكان لە مێژووی توركیادا، بەڕادەیەك بۆ توریكاش شتێكی لەناكاو بوو.

دیدو بۆچوونێك هەیە، كە ئەردۆغان براوە بووە، ئەو سەركێشییەكی سیاسی كرد چەندەها ساڵە پیشەی خۆیەتی و دەیان كات، زلهێزەكانیش چاویان لێ پۆشی. 

ئەردۆغان خێرا لە ناوخۆی توركیا دەستی بە هەراو زەنا كرد و بە شان و باڵی سەركەوتنەكەیدا هەڵاوت، تا بیسەلمێنێت سەركردە خاوەن ویستە پۆڵاینەكەیە و بەو هۆیەشەوە وێنە شێواوەكەی خۆی لەناو توركیادا چاك بكاتەوە، كە بە هۆی دۆڕان لە هەڵبژاردنەكاندا تووشی هاتبوو، ئەرۆدغان لەو پرسەدا كات و ڕووبەڕێكی بۆ قۆرتوقولاپ دەستەبەر كرد.

ئەگەر ئەمە سەركەوتنیش بێت، باجەكەی قورس دەبێت؟
ئەم سەرەتاییە، هەندێك ڕەوایی بە دەستێوەردانەكەی توركیا بەخشی، بەڵام لە وانەیە شتێكی لەناكاو لە بێتە ئاراوەو خۆی مەڵاس دابێت، كە ئەردۆغان فڕێ دەداتە ناو زەلكاوەكەی سوریاوە.

ڕێككەوتننامە 13 خاڵەكەی ئاگربەست، پڕ پڕە لەگوزارەی لێڵاوی و نادیار و مەترسیداری دبلۆماسی شاراوە، بۆشاییەكی گەوەری تێدایە سەبارەت بەو بكەرە سەرەكییانەی لە سوریادا باڵادەست دەبن، لە لایەك كوردەكان و ڕژێمی سوریا و ڕوسیا، لە لایەكی دیكەشەوە ئێران، نەك هەر ئەوەندە، بگرە ڕێككەوتنەكە لەوانەیە زریانێك لە واشنتۆن بەرپاكات، پێدەچێت ترامپ قاچی خزابێتە ناو بازنەی گێرمەوكێشەكانەوە.

زۆرینەی‌ ئەو گۆڕاوانە پەیوەستن بەو‌ ڕاستییانەی ڕێككەوتنەكە پەیان پێنابات، لە پێش هەمووشیانەوە ڕێككەوتنەكە مەرجی بەهێزی تێدا نین بای ئەوە‌بن توركیا لەو ناوچانەی داگیری كردوون بكشێتەوە، كە ئەنقەرە پێوایە بۆ ماوەیەكی دوورمەودا لەو ناوچانە دەمێنێتەوە.

ئەردۆغان سەركێشییەكی دیكەشی كرد، كە وتی: ئەگەر ئەمریكییەكان هێزەكانی سوریای دیموكرات دەرنەكەن، ئەوان دەستێوەردانی سەربازی دەكەن، بێگومان ئەنقەرە هەوڵی ئەوە دەدات بە هۆی ئەو ڕێككەوتنەوە لەو ناوچە داگیركراوانە بمێنێتەوە.

بە تەماشاكردنی ڕەوتی ڕووداوەكان و خەمساری ئەمریكا، پێناچێت ترامپ بەلایەوە گرنگ بێت، كە توركیا لە سوریا دەمێنێتەوە یاخود نا، ئەو گەرەكییەتی خۆی لەو ململانی هەرێمییە دەرباز بكات و گوێشی لەوە نییە ئەردۆغان چی دەكات. 

هاوكات ئەو دەستبەرداری كوردەكان بوو، خستنییە بەردەم تیر و شمشیری ئەنقەرە و دیمەشق هەروەك لە ڕێككەوتننامەكەدا هاتووە، ئەمەش‌ بۆ بەشار ئەسەد و ئەردۆغان چێژبەخش بوو.

لەلایەكی تر ئۆپۆزسیۆنە عەلمانییە نەتەوەییەكانی توركیاش پشتیوانی لە ئەردۆغان دەكەن  و هانی دەدەن لەگەڵ ئەسەد بكەوێتە گفتوگۆ، تا ئاسانتر خەونەكانی كورد بە گەیشتن بە ئۆتۆنۆمی لەباربەرن كاتێك هەردوولا ڕێكدەكەون.

ڕێككەوتنەكەش ئەو ڕاستییە ناشارێتەوە، كە توركیا گۆشەگیر كراوە، چونكە نیازی هەیە بێ ڕەزامەندی هیچ كەس و لایەنێكی دیكە، ئاوارە سورییەكان لەو ناوچەیە نیشتەجێ بكات كە خاكی خەڵكی دیكەیە.

ئەگەر سوریاش ئامانجی دەستگرتنەوە بێت بەسەر بەشەكانی باكوور، كە زۆرینەی كوردن، توركیا ناچار بە كشانەوە بكات لە خاكەكەی، ئەو كات ڕوسیا براوەی یەكەمە و كلیلی چارەسەریش دەكەوێتە دەستی مۆسكۆ و هەر خۆشی ئەو گەمەیە بەڕێوەدەبات.

ئەسەد و پۆتین دەزانن ئەو ڕێككەوتنە ناڕوون و كورت مەودایە، چونكە هەر بە ڕازیبوونی هێزەكانی سوریای دیموكرات بەهاتنەوەپاڵ هێزەكانی حكومەتی سوریا، ئەو كات ڕێككەوتننامەی ئەدەنە، كە ئەردۆغان گرەوی لەسەر دەكات، هیچ قورساییەكی نابێت لە بەرانبەر ئەو ڕێككەوتنەی ئێستا.

كاتێك مایك بێنز و مایك پۆمپیۆ ئەو ڕێككەوتنەیان لەگەڵ ئەنقەرە واژوو كرد، ئەلكسەندەر لافرینییفی نێردەی تایبەتی سەرۆك پۆتین بۆ سوریا، كە ئەو كات لە ئەنقەرە بوو، بە دڵێكی خۆشەوە گەرایەوە مۆسكۆ.

كاتێكیش ئەردۆغان پۆتین دەبینێت، سەرۆكە ڕوسییەكە پرسی ئیدلب و جیهادییەكانی ئەو شارەی بەڕوودا دەدات، ئەردۆغانیش تووشی ڕوگیرییەكی گەورە و دژوار دەكات بەوەی ناچار بە گفتوگۆی دەكات لەگەڵ ئەسەد. پۆتین بەهێواشی و وردە وردە و لێبڕاوانه،‌ بەرەو ئەو ئامانجە هەنگاو هەڵدەگرێت.

ناوەندەكانی دژ بە ئەمریكاش، كە پاڵیان بە ئەردۆغانەوە نا جگە لە ترامپ دژ بە بەرپرسانی دیكەی واشنتۆن بێت، وەك هەنگاوی یەكەم ئەو ڕێككەوتنەیان پێخۆشە بۆ دوورخستنەوەی توركیا لە ڕۆژئاوا، بەڵام دوو پرسی سەرەكی بەردەوام دەبن وەك ئاڵێنگاری لە بەردەم ئەنقەرە:

یەكەم - پرسی كورد لە ناو توركیادا خامۆش نابێت و هەستی نەتەوەییان دژ بە توركەكان توندتر دەبێت. 

دووەم - لەناوبردنی ئیسلامییە جیهادییەكانی سوریاش كە كۆلكەی هاوبەشی نێوان ئەمریكا و ڕوسیا و یەكیەتی ئەوروپا و بەشێك لە كۆمكاری دەوڵەتانی عەرەبه،‌ كۆتایی نایەت و بەردەوام دەبێت.

ئەو دوو بەرەیە بۆ ئەردۆغان وا دەكات سەركەوتنەكەی كورت مەودا بێت و باج و تێچوونەكەشی قورس و گران بێت. دوو دەستە لەرزۆك و ئەقڵە داخراوەكەی لاواز دەكات كە گەرەكیەتی لەسەر زەوییە داگیركراوە تازەكەی سوریا بمێنێتەوە. لە دیدی ڕۆژئاواوە، ئەردۆغان بەربەست و ئاستەنگە، بۆ ڕوسیاش ئەردۆغان بە سودە، بە سوودە تا ئەو كاتەی مەرامەكانی خۆی پێ دێنێتەدی.

سەرچاوە: ئەحوال توركیا
وەرگێران: لوقمان حاجی قادر