بەرهەم ساڵح: سیاسەتەكانی ترامپ دۆخەكەی سەخت كردووە

عیراق

28/10/2019‌ 1914 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەرهەم ساڵحی سەرۆك كۆماری عێراق، نیگەرانی خۆی لەوە دەربڕی، كە لەوانەیە جەنگێك لە نێوان ئەمریكا و ئێراندا هەڵگیرسێت، هۆشداری ئەوەشیدا، كە جەنگەكە كارەساتێك دەبێت بۆ هەمووان.

بەرهەم ساڵح لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ تۆری هەواڵی (HBO)  ئەوەی دووپات كردەوە، ئەمریكا هاوپەیمان و هاوبەشێكی عێراقە... دەیانەوێت لەگەڵی بەردەوامبن، بە دڵنیاییشەوە نایانەوێت واشنتۆن خاكی ئەوان بەكاربێنێت.

هەر لەو چاوپێكەوتنەدا بەرهەم ساڵح ئاماژەی بەوەدا، كە چی دیكە لەوە دڵنیا نییە دەتوانن وەك هاوپەیمانێك پشت بە ئەمریكا ببەستن، بۆیە عێراق ئامادەسازی دەكات بۆ دووبارە بیركردنەوە لە پەیوەندییەكانی لەگەڵ دەوڵەتانی دیكەدا، لەوانەش پەیوەندی لەگەڵ ڕوسیا و ئێراندا.

سەرۆك كۆماری عێراق ئەوەشی وت: ئەوان پەیوەندی 16 ساڵەی عێراق بە ئەمریكاوە بەرزدەنرخێنن، بەڵام سیاسەتەكانی دۆناڵد ترامپی سەرۆكی ئەمریكا وای كردووە لەمەودوا دۆخەكە سەخت بێت.

پێگە ئەلەكترۆنییەكە، كە ئەو چاوپێكەوتنەی لەگەڵ بەرهەم ساڵح ئەنجامداوە بڵاویكردووەتەوە، كە سەرۆكی عێراق چەندەها جار وشەكانی "دووبارە ڕێكخستنەوە" و "دووبارە بیركردنەوە"ی بەكارهێناوە كاتێك باسی لە پەیوەندییەكانی عێراق - ئەمریكا كردووە، ئەوەشی بەدوور نەزانیوە، كشانەوەی ئەمریكا لە ناوچەكە پاڵ بە عێراقەوە بنێت دووبارە پەیوەندییەكانی خۆی بە جۆرێكی دیكە لەگەڵ دەوڵەتانی دیكەی وەك ئێران و ڕوسیا ڕێكبخاتەوە.

 ساڵح هەروەها وتی: ئەوان لەو جۆرە كەسانە نین بچنە لای ئەمریكی و ڕوسەكان و بڵێن، كە ئەوەمان بۆ نەكەیت دەچینە پاڵ ئاراستەیەكی دیكە، بەڵام پێویستیان بەوە هەیە دووبارە بیر لە كارە لەپێشینەكانیان بكەنەوە.

بەرهەم ساڵح ترسی خۆشی لەوە نەشاردەوە كە لە باكوری سوریا ڕوویدا و ئەمریكییەكان كشانەوە و كوردەكانیان جێهێشتن، كە بە تەنیا ڕووبەڕووی چارەنووسی خۆیان ببنەوە، ئەمە جگە لە مەترسی دووبارە سەرهەڵدانەوەی داعش، 

ساڵح وتیشی: ئێمە لە جیهانێكی بەیەكەوەگریدراودا دەژین، ئەوەی لە عێراقدا دەگوزەرێت كاریگەی بۆسەر ئاسایشی ئەوانی دیكە هەیە و بە پێچەوانەشەوە، ئەوەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش دەگوزەرێت كاریگەری بۆ سەر عێراق هەیە.

هەروەها باسی لەوەش كردووە، كە بەزینی سەربازی داعش سەركەوتنێكی گەورەیە، بەڵام هێشتا سەركەوتنەكە كامڵ نییە و مەترسی دیكەی بەدوادا دێن‌و هۆشداریشیدا لەو پاكتاوكردنە نەژادیەی بەڕێوەدەچێت كە بە زۆری كورد باجە قورسەكەی داوه.

بەقسەی ئەو لە ئێستادا عێراق تەنگژەیەكی ناوخۆیی هەیە، كە هاووڵاتییانی خۆپێشاندەر لەسەر شەقامن و داوای لێپێچینەوە لە سیاسییەكان و حزبەكان و گەندەلكاران دەكەن. عێراق ڕووبەرووی چەندەها دۆسییەی هەستیاری هەرێمیش دەبێتەوە وەك بارگرژییەكانی كەنداو و پەیوەندییەكانی نێوان واشنتۆن و تاران. ئەمە جگە لە بارگرژییە سەربازییەكانی باكوری سوریا و جەنگان دژ بە تیرۆر و پاشماوەكانی داعش.

وەرگێران: لوقمان حاجی قادر