چی لەبەغدا روویدا.. بۆچی عەبدولمەهدی دەستلەكاركێشانەوەكەی پێشكەش نەكرد؟

عیراق

30/10/2019‌ 18691 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
شەوی رابردوو ترافیكێكی گەرمی كۆبوونەوە لەنێوان بەرپرسانی عێراقی لەشاری بەغدا هەبوو، كە گفتوگۆكان پەیوەندی بەپرسی دەستلەكاركێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانەوە هەبوو.

بەپێی ئەو زانیارییانەی لەسەرچاوەیەكی ئاگادار دەست شارپرێس كەوتووە، ئاراستەی یەكەمی كۆبوونەوەكان گفتوگۆكردن بووە لەگەڵ عادل عەبدولمەهدی بۆ ئەوەی دەستلەكاركێشانەوە لەپۆستی سەرۆك وەزیرانی رابگەیەنێت.

هەر بەپێی زانیارییەكانی سەرچاوەكە، لەئەنجامی گفتوگۆكان عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیران رازی بووە بە دەستلەكاركێشانەوەو راستەوخۆش دەستلەكاركێشانەوەكەی نووسیوە، بەڵام بۆ ئەوە مەرجێكی هەبووە.

بەگوێرەی قسەی سەرچاوەكە مەرجەكەی عەبدولمەهدی ئەوە بووە، كە دوای دەستلەكاركێشانەوەكەی راستەوخۆ دەروازەكانی ناوچەی سەوزی بەغدا بەڕووی خۆپیشاندەران دەكاتەوە، (ناوچەی سەوز دەكەوێتە ناوەڕاستی بەغداو زۆرترین دامەزراوەكانی عێراق لەو ناوچەیەن، كە ئێستا لەژێر گەمارۆی خۆپیشاندەراندایە).

هەر بەگوێرەی قسەی سەرچاوەكە، دوای گەیاندنی ئەو پەیامە بەلایەنەكان، دەیان هەزار خۆپیشاندەر لەپردی كۆمارییەوە رووەو ناوچەی سەوز چوون‌و چەند بەربەستێكی هێزە ئەمنییەكانیشیان بڕیوە، بەڵام دواتر راگیراون.

سەرچاوەكە باسی لەوەش كرد، دوای ئەوەی عەبدولمەهدی ئەو پەیامەی گەیاندووە، راستەوخۆ لایەنەكان هاتوونەتە سەر هێڵ‌و داوایان لێكردووە، كە پرسی دەستلەكاركێشانەوەكەی رابگرێت، بۆ ئەوەی چارەسەرێك بۆ ئەو پرسە بدۆزنەوە.

هەروەها سەرچاوەكە ئاشكرایكرد، كە ئەو لیوایەی رێگری لە چوونی خۆپیشاندەران بۆ ناوچەی سەوز دەكەن، سەر بەئەنجوومەنی وەزیرانەو كەسێكی نزیكی سەرۆك وەزیران سەرپەرشتی دەكات، بۆیە ئەوە ترسێكی زۆری خستووەتە دڵی لایەنەكان‌و پرسی دەستلەكاركێشانەوەی عەبدولمەهدیان راگرتووە.

ترسی لایەنەكان لەوەیە، كە ئەگەر ناوچەی سەوز بەڕووی خۆپیشاندەران بكرێتەوە، ئەوە دۆخەكە لەدەست دەردەچێت‌و دواتر پێیان كۆنتڕۆڵ ناكرێت، وەك ئەوەی لەكابینەی رابردوو روویداو هێرشیان كردە سەر پەرلەمان.

سەرچاوەكە ئاشكراشیكرد، لەسەروبەندی ئەو رووداوانە، لەهەرێمی كوردستانەوە پەیام بۆ بەرپرسانی كورد لەبەغدا نێدراوە، كە راستەوخۆ لەناوچەی سەوز بكشێنەوەو بگەڕێنەوە هەولێر، بۆ ئەوەش فڕۆكەیەكی تایبەتیان بۆ ئامادەكراوە لەفڕۆكەخانە.

سەرچاوەكە ئاماژەی بەوەش كرد، هەر شەوی رابردوو زۆرینەی بەرپرسانی كورد لەپەرلەمانتاران‌و وەزیرەكان گەڕاونەتەوە هەولێرو تەنیا بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆمارو چەند پەرلەمانتارێك ماونەتەوە، كە بڕیار نییە بگەڕێنەوە، تا دۆخەكە ئاسایی دەبێتەوە.

لەبارەی هەڵوێستی موقتەدا سەدر سەرۆكی رەوتی سەدر، كە داوای دەستلەكاركێشانەوەی سەرۆك وەزیرانی كردووە، سەرچاوەكە وتی: سەدر هەرچەندە داوای دەستلەكاركێشانەوەی سەرۆك وەزیرانی كردووە، بەڵام ئامادەیی نەبووە هاوپەیمانی لەگەڵ لایەنەكانی تر بكات، بۆ ئەوەی دوای دەستلەكاركێشانەوەی سەرۆك وەزیران كەسێكی تر لەشوێنی دابنرێت.

سەرچاوەكە وتیشی: ئەوەش بەشێكی تری كێشەی لایەنە شیعەكان بووە، لەكاتێكدا لیستەكەی سەدر زۆرترین كورسی لەپەرلەمان هەیەو جەختیشیكردووەتەوە، كە هاوپەیمانی دروست ناكات.

هەروەها سەرچاوەكە وتی: سەدر بەهۆی ئەوەی لەشەقام بەهێزەو خۆپیشاندەران پشتگیری دەكەن، داوای زۆری خستووەتەڕوو، دەیەوێت حكومەت خۆی كۆنتڕۆڵی بكات، لایەنەكانیش ئەوەیان رەتكردووەتەوە.

ئێستا ئەوەی هەیە لەبەغدا، گفتوگۆی لایەنەكان بەچەند ئاراستەیەك بەردەوامە، بۆ ئەوەی لایەنەكان هەم بگەن بەرێككەوتن لەگەڵ عادل عەبدولمەهدی ‌و بەبێ‌ مەرج دەستلەكاربكێشێتەوە، هەم بتوان لەپەرلەمان دوای دەستلەكاركێشانەوەكە، كەسێك بەسەرۆك وەزیران هەڵبژێرن، بۆ ئەوەی بۆشایی یاسایی دروست نەبێت، بۆ ئەوەش گفتوگۆ لەگەڵ سەدریش دەكەن.

هـ ـ ح