دی میستورا بۆ ئەوەی تەوقە لەگەڵ بەشار ئەسەد نەكات دەستبەرداری پۆستەكەی بووە

جیهان

07/11/2019‌ 1824 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەكگرتوەكان بۆ سوریا ستیڤان دی میستورا دەڵێت: ساڵی رابردوو دەستلەكاركێشانەوەم لە پۆستەكەم پێشكەش كرد بۆ ئەوەی تەوقە لەگەڵ سەرۆكی سوریا بەشار ئەسەد نەكەم.

ناوبراو باسی لەوە كردووە لە ساڵانی نێوان 2014 و 2018 پۆستی نوێنەرایەتی تایبەتی نەتەوە یەكگرتووەكانم بۆ سوریا وەرگرت، لە میانی وتارێكیدا رۆژی دووشەممەی رابردوو لە ناوەندی ئاغاجان لە لەندەن و بە گوێرەی رۆژنامەی گاردیان لە وەڵامی پرسیارێكدا سەبارەت بە دەستلەكاركێشانەوەكەی لەساڵی رابردوودا وتی: بەهۆی كێشەی تایبەتییەوە بووە و بە شێوەیەكی فەرمی دەستلەكاركێشانەوەم پێشكەش كرد، كە هەستم بەوە كرد جەنگ لەكۆتایی هاتندایە، بەوەشی یەكێك بووم لە بەرهەڵستكارانی ئەوەی لەسەر زەمین رووی دەدا لە حەلەب و ئیدلب و داریا، نەمدەتوانی ببمە ئەو كەسەی تەوقە لەگەڵ ئەسەد بكەم و پێی بڵێم: ببورە.. باسی لەوەش كردووە هەوڵەكان و دەستێوەردانەكانی خۆی لە ناو نەتەوە یەكگرتووەكان زیاتر لە 70 هەزار كەسی لە حەلەب رزگار كردووە.

دی مستورا ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە، تا ئێستاش روسیا دەیەوێت رێككەوتنی ئاشتی واژوو بكات لە سوریا بۆ ئەوەی دەستی نەسوتێ، دەستپێكردنی كاری لیژنەی دەستوری سوریا لە جنێف پێنوێنێكە بۆ ئەو مەسەلەیە. 

پێشبینی ئەوەشی كردووە روسیا فشار بخاتە سەر حكومەتی دیمەشق بۆ ئەوەی جۆرێك لە دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبردن بداتە كوردەكان لە باكوری رۆژهەڵاتی سوریا، دۆخی ئێستای ئەو ولاتەشی بە لەرزۆك داوتەوە قەڵەم. 

هەروەها ئەوەی هێناوەتەوە یاد، مۆسكۆ دەیەوێت وڵاتانی ئەوروپا هان بدات تا بەشداربن لە دووبارە بنیادنانەوەی سوریا، هەرچەندە ئەم كارەی بە دوور زانیوە تا دوای ئەوەی سەقامگیری تەواوەتی لەو وڵاتەدا بێتە دی.

جێگای ئاماژەیە، لەگەڵ ئەوەی دی مستورا چەندین جار چاوی بەسەرۆكی سوریا كەوتووە لە بارەی دۆسییەی ئەو وڵاتە، جگە لەوەش چەندین جاری تر لە لێدوانە رۆژنامەوانیەكانیدا لەكاتی بەجێهێنانی كارەكەی وەك نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكان 

هەروەها وتویەتی: ئەسەد بەشێكە لە چارەسەرو گفتوگۆكانی بەردەوام دەبێت لەگەڵیدا.

سەرچاوە: گاردیان
وەرگێڕان: حلمی رەسول رەزا