عەلی قەرەداغی پێشنیاز دەكات ئەستەنبوڵ بكرێتە پایتەختی ئابووری ئیسلامی

جیهان

09/11/2019‌ 3061 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
عەلی قەرەداغی ئەمینداری گشتی یەكێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی جیهانی پێشنیازی كرد شاری ئەستەنبوڵێ‌ توركیا بكرێتە پایتەختی ئابووری ئیسلامی، ئەویش بەهۆی ئەو "تایبەتمەندییە مێژوویی و جوگرافییەی" هەیەتی .

قەرەداغی لەكاتی پێشكەشكردنی وتارێك لەدووەم كۆنگرەی نێودەوڵەتی ئەكادیمیای كۆمەڵەی "مۆسیاد " لەشاری ئەستەنبوڵ، كە لەژێر ناوی "بازاڕە داراییە ئیسلامییەكان لەنێوان راستی و ئەركدا" ئەو پێشنیازەی كرد .

عەلی قەرەداغی لە كۆنگرەكەدا داوای كردووە بانكێكی نەختینەیی ئیسلامی هاوشێوەی سندووقی نەختی نێودەوڵەتی دروست بكرێت و بانكی ئیسلامی هاوشێوەی بانكە سەرمایەدارییەكان بكرێنەوە و دواتر لیژنەیەك لەكەسانی یاسایی و ئابووریناسان پێكبهێنرێن بۆگەیشتن بەجێگرەوەیەك بۆ ئابووری كۆن و سوودەوەرگرتن لەزیانمەندبوونی خەڵك لە دۆلار و سیاسەتی ئەمەریكی .

ئەمینداری گشتی یەكێتی زانایانی ئیسلامی جیهانی جەختیكردەوە، كە لەدوای رووخانی ئابووری سۆشیالیستی و تووشبوونی ئابووری سەرمایەداری بەچەندین قەیران و هەڵبەز و دابەز، پێویستە پرۆژەیەكی گەشەپێدانی تەواوكار بۆ ئابووری ئیسلامی هەبێت .

لای خۆیشییەوە، عەبدولرەحمان كان سەرۆكی كۆمەڵەی پیاوانی خاوەنكار و پیشەسازە سەربەخۆكان (مۆسیاد) وتی: سەرمایەی ئیسلامی رۆژبەرۆژ زیاد دەكات، بۆیە دەبێت میكانیزمی نوێ بدۆزینەوە بۆ خستنە بازاڕی و بوونی پارەداركردن و پشتیوانیكردنی بێبوونی هیچ جۆرە سوودێك.

كان بەڵێنی ئەوەشیدا، كە لە ساڵی ٢٠٢١ دا بۆرسەی ئیسلامی لە ئەستەنبوڵ دەكرێتەوە.

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی