داعش سوودی لەهێرشەكانی توركیا بۆ ڕێكخستنەوەی ریزەكانی وەرگرتووە

جیهان

20/11/2019‌ 550 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: 
بەپێی ناوەرۆكی راپۆرتێك، كە رۆژی سێشەممە لە وەزارەتی بەرگری ئەمەریكا ( پنتاگۆن) دەرچووە ، داعش بۆ دووبارە ڕێكخستنەوەی ڕیزەكانی سوودی لەكشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا و دەستدرێژییەكانی توركیا بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان وەرگرتووە، ئەگەری زۆریشە لەمەودوا ئەو رێكخراوە توانای ئەوەی هەبێت هێرشی نوێ بكاتە سەر وڵاتانی رۆژئاوا .

نووسینگەی پشكنەری گشتی لەوەزارەتی بەرگری ئەمەریكا، كە دەزگایەكی سەربەخۆی بەدوداچوونە، لەو راپۆرتەی دەریكردووە رایگەیاندووە، كە ڕێكخراوی داعش دەستدرێژی سوپای توركیا بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان و كەمبوونەوەی هێزەكانی ئەمەریكای قۆستووەتەوە بۆ دووبارە بنیاتنانەوەی توانا و سەرچاوەكانی لەناوخۆی سوریاو بەهێزكردنی توانای لەسەر پلاندانان بۆ هێرشی نوێ لەدەرەوە.

بەپێی راپۆرتەكە، بەپشتبەستن بەو زانیارییانەی ئاژانسی هەواڵگری وەزارەتی بەرگری ئەمەریكی كۆیكردووەتەوە، ئەگەری زۆرە داعش كات و شوێنی پێویستی هەبێت بۆ بەئامانجگرتنی وڵاتانی رۆژئاوا و پێشكەشكردنی یارمەتی بە ١٩ لق و تۆڕە جیهانییەكەی.

پشكنەری گشتی وەزارەتی بەرگری ئەمەریكا لەراپۆرتەكەیدا ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە، كە داعش لە دوورمەودادا هەوڵ دەدات دەست بەسەر هەندێك ناوەندی دانیشتوواندا بگرێت و بوونە جیهانییەكەی فراوانتر بكات.

راپۆرتەكە لە ئاژانسی هەواڵگری وەزارەتی بەرگرییەوە گواستوویەتییەوە، كە كوشتنی ئەبوبەكر بەغدادی لە ٢٦ی ئۆكتۆبەر رەنگە كاریگەرییەكی كەمی هەبێت لەسەر توانای داعش بۆ دووبارە خۆرێكخستنەوەی ریزەكانی.

رۆژی ٦ی ئۆكتۆبەر دۆناڵد ترامپی سەرۆكی ئەمەریكا رایگەیاند، كە نزیكەی دوو هەزار سەربازی ئەمەریكی لە باكووری سوریا و رۆژئاوای كوردستان دەكێشنەوە، كە پێشتر ببوونە دیوارێك لەبەردەم سوپای توركیا بۆئەوەی هێرش نەكات رۆژئاوای كوردستان .

بۆیە كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا لەسەر سنووری توركیا و سوریا ڕێگای ئەوەی بۆ سوپای توركیا كردەوە بەهاوبەشی لەگەڵ میلیشیا ئیسلامییە توندڕەوەكانی هاوپەیمانی ئەنقەرە ئۆپەراسیۆنێكی سەربازی بكاتە سەر ناوچەكە .

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی