ناكۆكییەكانی نێوان ڕوسیا و توركیا بە هێمنی تەشەنە دەكات

مەلەفی تایبەت

26/11/2019‌ 3136 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ساڵانێكی زۆرە ئەنقەرە و مۆسكۆ لە پەیوەندییەكی ئاڵۆزدان، سەرباری ئەوەش ‌‌ پۆتین و ئەردۆغان ماوەی 3 ساڵە وای نیشاندەدەن، كە دۆستن، كەچی هەفتەی پێشوو دەركەوت ناكۆكییەكانیان بەردەوامن. 

مەولود چاوش ئۆغڵۆی وەزیری دەرەوەی‌ توركیا لە بەردەم لیژنەیەكی پەرلەمانی وڵاتەكەیدا، سكاڵای ئەوەی كردووە واشنتۆن و مۆسكۆ پابەندی ڕێككەوتننامەكانیان نین سەبارەت بە ڕۆژئاوای كوردستان.

پۆتین و ئەردۆغان لە كۆتایی ئۆكتۆبەری ڕابردوودا، شێلگیربوون شەڕڤانە كوردەكان لە ناوچەكانی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای ناوچەی ئارام دووربخەنەوە، كە توركیا بە هاوكاری لایەنە ئۆپۆزسیۆنە پاشكۆكانی كار بۆ دروستكردنی دەكات. 

لە سەرەتای نۆڤەمبەریشدا، بە درێژایی سنوری توركیا - سوریا، هەردوو سوپای توركی و ڕوسی، تیمی هاوبەشی سەربازی گەڕۆكیان پێكهێنان، سەیر و سەرمەرەكەش ئەوەیە ئێستا ئەنقەرە هاوبەشەكانی تۆمەتبار دەكات بەوەی پابەندی وابەستەبوونەكانیان نین. بۆیە چاوش ئۆغڵۆ هەڕەشەی دووبارە چالاككردنەوەی هێرشە سەربازییەكانی ووڵاتەكەی كرد لە باكوری سوریا.

چاوش ئۆغڵۆ وتی ئەگەر لە باكوری سوریا ئەنجاممان دەستگیر نەبێت، ئەوەی‌ پێویستە دەیكەین، بەڵێنیشیدا شەرڤانە كوردەكان لەناو بەرێت.

ئەم قسانەی چاوش ئۆغڵۆ جێگەی ڕەزامەندی مۆسكۆ نەبوون، بۆیە وەزارەتی بەرگری ڕوسیا ڕایگەیاند، لێدوانەكانی توركیایان پێ سەیرە. 

قسەكەرێكیش بە ناوی وەزارەتەكەوە ڕایگەیاند، هەڵكشانی ڕووداوەكان لە باكووری سوریا لەسەر دەستی توركیا، تەنیا و تەنیا دۆخە ئاڵۆزتر دەكات و خزمەت بەو یاداشتنانەی لێكتیگەیشتن ناكات، كە هەردوو سەرۆك واژوویان كردووە.

ڕۆژیك دواتر سیرجی لاڤرۆڤی وەزیری دەرەوەی ڕوسیا وتی: دەسەڵاتدارانی توركیا ئەوەیان بۆ باڵوێزەكەی‌ مۆسكۆ لە ئەنقەرە دووپاتكردووەتەوە، كە نیازی ئەنجامدانی هیچ  كردەیەكی سەربازییان نییە لە سوریادا.

ئایا ئەم لێداوانانە‌ قەواین بەتاڵن‌؟ پرسكە ڕوون و ئاشكرا نییە.
یەكەم ئەوەیە، كە توركیا دڵەڕاوكێیەتی سەبارەت بەو دەستكەوتانەی ڕوسیا و حكومەتی سوریا لە باكووری ڕۆژهەڵاتی سوریا بەدەستییان هێناون. 

پیادەكردنی سیاسەتی هەڵدیرانیش، كە ئەردۆغان گرتییەبەر، ئەو دبلۆماسییەتەش مامەڵەی پێ لەگەڵ ترامپدا كرد، وای لە ئەمریكا كرد لە باكوری ڕۆژهەڵاتی سوریا بچێتە دەرەوە،  بەڵام ڕوسیا بەرهەمەكەی چنییەوە. بێ تەقاندنی یەك فیشەك حكومەتەكەی سوریا دەستیگرتەوە بەسەر ڕووبەرێكی فراوانی خاكی سوریا، توركیاش تەنیا ڕووبەری 120 كیلۆمەتر درێژی و 32 كیلۆمەتر قوڵایی ‌سەرسنوری پێبڕا، هێشتاش چەند شوێنێكی ستراتیژی وەك منبج و قامیشلی دوورن لە دەسەڵاتی توركیاوە.

دووەمیش ئەوەیە، كە چەند ناوچەیەكی خۆڵەمێشی لە نێوان توركیا لە لایەك و ڕوسیاو سوریا لە لایەكی دیكەوە هەن، هێزە پاشكۆكانی توركیا لە "تەلتەمر" یش نزیك بوونەوە، كە گرنگییەكی ستراتیژی هەیە، چونكە دەكەوێتەسەر ڕێگەی "ئێم فۆڕ" . 

توركیا ئارەزوویەتی ئەو ناوچەیە داگیر بكات، تاوەكو پەیوەندی نێوان ڕێگە بەستەرەكانی نێوان ئەو ناوچانە بپچڕێنێت كە لەبندەستی شەڕڤانان و هێزەكانی حكومەتی سوریا دایە.

توركیا چەند هۆكارێكی هەن بۆ ترسان و دڵەڕاوكێ سەبارەت بە شەڕڤانە كوردەكان، تەقینەوەكانی 16 ی نۆڤەمبەری شاری "باب" ی بندەستی توركیای خستە ئەستۆی كوردەكان، كە شیمانەی ئەوەش هەیە هێزە كوردییەكان و هێزەكانی حكومەتی دیمەشق بەیەكەوە جموجۆڵیان دەست پێكردبێت. 

مادام دۆخەكە وایە، كەواتە ئەو جۆرە هێرشانە لەو سێ ناوچەیەی بندەستی توركیا لە سوریا، دەكرێت بە قەبارەیەكی گەورەتر دووبارە ببێتەوە. لەوانەشە ئەسەد سوود لە كوردەكان وەربگرێت بە مەبەستی باوەڕپێهێنانی توركیا بۆ دووبارە گێڕانەوەی پەیوەندییەكانی لەگەڵ دیمەشق، مۆسكۆ زۆر بەلای ئەو سیناریۆیەدا دەشكێتەوە بەوەی پەیوەندییه فەرمییە‌كانی ئەنقەرە و دیمەشق بگەڕێتەوە دۆخی جارانی.

سێیەمی ئەوەیە، كە بڕیارسازانی توركیا هەست بە نائارامی دەكەن لە پەلهاویشتنی هەژمونی سەربازی ڕوسیا بە درێژایی سنورەكان. هەفتەی پێشوو هەواڵی ئەوە بڵاوبۆوە كە ڕوسیا بنكەیەی تازەی سەربازی لە قامیشلی دادەمەزرێنێت، كە بە تەنیشت هەردوو بنكەی حەمیم و تەڕتوس، سێیەم بنكەیەتی لە سوریا.

ڕوسیا ئەو دەنگۆیەی ڕەتكردووەتەوە، بە بیردۆزەیەكی پلانگێڕی ڕۆژئاواشی داوەتە قەڵەم؛ بەڵام فڕۆكەی بارهەڵگر و هی دیكەی شەڕكەر لە جۆری "ئێم ئەی 35"  لە حەمیمەوە بەرەو بنكەی ئاسمانی قامیشلی فڕیون. گۆمانیش لەوە نییە كە هەواڵگری سەربازی توركیا بە ووردی چاودێری ئەو پەرەسەندنانە دەكات. بوونی سێیەم بنكەی سەربازی ڕوسیاش لە سوریا تای تەرازووەكە بەلای مۆسكۆدا لار دەكاتەوە. ئەمانە هەموویان – بە تەنیشتن زیادبوونی هەژموونی سەربازی ڕوسیا  لە قرم،  هەروەها بنكە سەربازییە ڕوسییەكەی ئەرمینیا، بڵاوپێكردنی هێزەكانی ئەنقەرە لە سوریا – جێگەی دڵەڕاوكێی توركیان.

ئەمەش‌ واتای ئەوە نییە توركیا هیچ كارتێكی نییە یاری پێ بكات. ئەوانەی گومانیان لە جوڵەكانی مۆسكۆ  هەیە لە باكوری سوریا، پێیان وایە ئەو هەنگاوەی مۆسكۆ دەستی درێژتر دەكات لە سوریا.

لە ساڵی 2015 وە ڕوسیا لە سوریا دەستكەوتەكانی لە زیادبووندان. بەو پێیەش توركیا یاریزانێكی هەرێمییە، توانستی مانەوەی هەیە لەسەر زەوی، بەرژەەندییە ستراتیژییەكانیشی لە سوریا لەوەی مۆسكۆ گەورەتر و قوڵترن. 

ئەمڕۆ ڕوسەكان ئەمری واقع بەسەر توركەكاندا دەسەپێنن، بەڵام لەوانەیە سبەینێ دۆخەمە بگۆڕێت.

سەرچاوە: ئەحوال توركیا
وەرگێران: لوقمان حاجی قادر