ڕاپەڕینەكەی عێراق كەلێنەكانی نێوان بەرهەم ساڵح‌و عەبدولمەهدی زیاتر دەكات

ڕاپۆرت

28/11/2019‌ 1358 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
كەلێنەكانی نێوان بەرهەم ساڵح عادل عەبدولمەهدی بەرە بەرە زیاتر دەبێت، ئەمەش‌ دوای  ئەوەی سەرۆك كۆماری عێراق پشتی خۆپێشاندەرانی گرت لەو ناڕەزاییە جەماوەرییانەی وڵاتەكەی بەخۆیەوە دەبینێت.

لەو كاتەوەی لە مانگی ڕابردووەوە ناڕەزاییەكان سەریان هەڵداوە، بەرهەم ساڵح هەڵوێستی ڕوون‌و ئاشكرا بووە بەرانبەر ئەو ڕێوشوینانەی حكومەت گرتوونیەبەر، بەڕادەیەك سڵاوی ئاراستەی خۆپێشاندەران كرد و داوای خۆڕاگری لێكردن.

میدیاكان لە نووسینگەی تایبەتی سەرۆك كۆمارەوە ئەو هەواڵانەیان دزە پێكردووە، كە بەرهەم ساڵح توڕەیە لەوەی حكومەت لە كوشتنی سەدەها كەس و  دەستگیركردن و برینداركردنی هەزارەهای دیكەوە گلاوە، ئەمە جگەل لە كردەكانی ڕاوەدوونان‌و ڕفاندن و دەستگیركردن، كە چالاكوان و میدیاكارەكانیشی گرتووەتەوە.

كاتێكیش ناكۆكییەكانیان گەیشتە لوتكە،‌ كە عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیران لە سەرەتای ئەم مانگەدا پرسیارنامەیەكی نیگەرانی لەسەرۆك كۆمارەوە پێگەیشت سەبارەت بە زیادبوونی ژمارەی قوربانیان لە وادە و ساتی بڵاوەپێكردنی خۆپێشاندەرانی بەغدا و پارێزگاكانی دیكە، وەڵامی سەرۆك وەزیرانیش قورس و زبر بوو، ئەو بەوە بەرهەم ساڵحی تۆمەتبار كرد، كە بە لووتبەرزییەوە مامەڵە لەگەڵ دەسەڵاتی جێبەجێكردندا دەكات، سەرباری ئەوەی بەگوێرەی دەستوور، سەرۆك كۆمار بەشێكی ئەو دەسەڵاتەیە.

لەو پرسیارنامەیەدا بەرهەم ساڵح داوای لەعەبدولمەهدی كردووە بەر بە خوێنڕشتنی عێراقییەكان بگرێت و بەدەم داواكاری خۆپێشاندەرانەوە بچێت و پابەندی ئەو ڕیككەوتننامەیەش بێت، كە لە كۆبوونەوە دووقۆڵییەكانیان واژۆیان كردووە.

لەو بارەوە ڕاوێژكارێكی سەرۆك كۆمار دەڵێت: بەرهەم ساڵح هەر لەسەرەتای خۆپێشاندانەكانەوە لەگەڵ ئەوە بووە بەخێرایی بەدەنگییانەوە بچێت، هەتا ئەگەر هەڵوەشاندنەوەی حكومەت و پەرلەمانیشی لێ بكەوێتەوە، لەكاتی چاوپێكەوتنیشی لەگەڵ سەرجەم لایەنە سیاسییەكان لەماوەی چەند هەفتەی ڕابردوودا، بەرهەم ساڵح ئەو هەست و هەڵویستەی خۆی نەشاردووەتەوە و بە ڕوونی لەگەڵ هەموو لایەك و بە تایبەتیش عەبدولمەهدی و حەلبوسی خستویەتییەڕوو.

ڕاوێژكارەكە دەشڵێت: ئێرانییەكان توندتر لەعێراقییەكان ئەو بیرۆكەی سەرۆك كۆمارییان ڕەتكردووەتەوە، چونكە خەمی گەورەیان مانەوەی عەبدولمەهدییە لە دەسەڵات.

ناكۆكی نێوان هەردوولا گەیشتە ڕادەیەك، كە عەبدولمەهدی بیدەنگ بێت لە تۆمەتەكەی قەیس خەزعەلی، كە یەكێك لە سێ سەرۆكەكانی عێراق (مەبەستی سەرۆك كۆمارە و ناوی نەهێناوه،‌ بەڵام بە هێما ئاماژەی بۆ كردووە‌) تۆمەتبار دەكات، كە بە پشتیوانی ئەمریكا و ئیسرائیل لە هەوڵی پێكهێنانی حكومەتێكی دیكەدایە و بۆ خستنی حكومەتەكەی  عەبدولمەهدی.

ڕاوێژكارەكانی سەرۆك كۆمار ئەو تۆمەتەی حكومەتیان بەلاوە سەیرە، كە بیرۆدزەیەكی پلانگێڕی ئەمریكی لە پشت جوڵاندنی ناڕەزاییە ملیۆنییەكەی  شەقامی عێراقییەوە بێت، لە كاتێكدا ئەمریكا لە لاوازترین دۆخی خۆیدایە لەعێراق، بەوەی شاندی دبلۆماتكارەكانی زۆر كەمكردوونەوە و لە مانگەكانی ڕابردووشدا، چەند جارێك بە ڕۆكێتی كاتیۆشا هێرشی كراوەتەسەر.

بەگوێرەی زانیارییەكانی نووسینگەی سەرۆك وەزیرانی عێراق، بەرهەم ساڵح بێ سێ و دوو بەشدارە لەهەماهەنگیكردن لەگەڵ ئەمریكییەكان بۆ خستنی حكومەتەكەی عەبدولمەهدی، بەوەی لاگیر و لاداری جەماوەری ناڕازییە.

ناكۆكییەكان لە ئێوارەی سێ شەممەی ڕابردووەوە، جارێكی دیكە بە ڕوون و ئاشكرایی دەركەوتن، كاتێك سەرۆك وەزیرانی عێراق هێزێكی حەشدی شەعبی، كە فالح فەیاز سەرپەرشتی دەكات، نارد بۆ داخستنی یەكێك لەو كەناڵە ئاسمانییانەی ڕوماڵی خۆپیشاندانەكان دەكات و ڕۆژانەش میوانداری خۆپێشاندەران دەكات، هەر كە هێزەكە گەیشتنە بەردەم بارەگای كەناڵە ئاسمانییەكە، پاسەوانە تایبەتەكانی سەرۆك كۆمار دەستتێوەردانیان كرد و نەیانهێشت كەلوپەل و باڵەخانەی كەناڵە زیانی بەركەوێت، نەشیانهێشت هیچ كارمەندێكی كەناڵەكە دەستگیر بكرێت، بەڵام ڕێگەیان لە داخستنی كەناڵەكە نەگرت، چونكە فرمانێكی دادوەری هەبوو بۆ داخستنی.

دەستتێوەردانی پاسەوانە تایبەتەكانی سەرۆك كۆمار، كە زۆرینەیان كوردن و لە جادرییە كۆشكی كۆماری دەپارێزن، ئاڵێنگارییەكی گەورەیە بۆ عەبدولمەهدی و پاڵپشتە ئێرانییەكانی، كە دەوترێت لە ڕێگەی فڕۆكەی بێفڕۆكەوانەوە چاودێری كۆبوونەوەكانی سەرۆك كۆمار دەكەن لەكۆشكی سەلام.

چاودێرانیش دەڵێن: ئەو كۆتوبەندە گەورانەی پاسەوانی شۆڕشی ئێرانی خستویانەتەسەر گەورە بەرپرسانی عێراق لە بەغدا، بێ سێ و دوو لە توانستەكانی سەرۆك كۆمار كەمدەكاتەوە بۆ كارتێكردن لە دۆخی ئێستای دیمەنی گۆڕەپانی سیاسی عێراق، بەڵام ئەو بوێرییەی بەرهەم ساڵح لەوانەیە پشتیوانییەكی ڕاستەقینەی ئەمریكای لەپشتەوە بێت، چونكە هیچ لۆژیكی و ئەقڵانی نییە بەرپرسێكی عێراقی ڕووبەڕووی نیاز و ئارەزووەكانی ئێران ببێتەوه، بێ ئەوەی پشتی بە لایەنێكی بەهێز قایم بێت.
 
سەرچاوە: پێگەی ئەلەكترۆنی عەرەب
وەرگێران: لوقمان حاجی قادر