میدیاكانی تووشی شۆك كرد.. ترامپ لەلیكۆڵین باشترە

لە میدیاکانەوە

02/12/2019‌ 1626 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەپێی راپرسییەك كە هەریەك لە (The Economist) و(YouGov)  ئەنجامیانداوە، زۆربەی كۆمارییەكان، كە بەشداری راپرسییەكەیان كردووە، تێدا دۆناڵد ترامپ – 45یەمین سەرۆكی ئەمریكا-یان لەئەبراهەم لینكۆلین- 16یەمین سەرۆك پێباشترە.

ماوەی دوو رۆژە میدیاكانی ئەمریكا شیكاری ئەم راپرسییە دەكەن و لێكدانەوە بۆ تێفكرینی نوێی دنیای ئەمریكییەكان دەكەن و بەسەرسوڕمانەوە لە راپرسییەكە دەڕوانن، تەنانەت كۆرت ئایكنوۆلد لەرۆژنامەی زە نیویۆرك تایمز لەچاوپێكەوتنێكی ئەی بی سی نیوز-دا، وتی: ئەوەی میدیاكان لەماوەی رابردوودا لەسەر سەرۆك وتیان درۆ دەرچوو، سەرۆك سەركەوت بەسەر هەموو بۆچوونەكانماندا، ببورە سەرۆك ئێمە هەڵەبووین.

راپرسییەكە سێ رۆژ بەردەوام بووە، رۆژی یەكشەممە 27ی نۆڤێمبەر تا 29 ی نۆڤێمبەری خایاندووە، یەك ملیۆن و 500 هەزار كەس بەسمپڵ وەرگیراوە لەتەمەنی جودادا، كە ژمارەیەكی زۆر پرسیاری تێدابووە دەربارەی ترامپ.

لەپرسیارێكدا، كە ئایا ترامپ و لینكۆلین كامیان باشترن؟ لەوەڵامدا 53% ترامپ-یان بەباشتر داناوە و 47% لینكۆلین-یان پێ باشترە.

لەشوێنێكی تری راپرسییەكەدا، كە ژمارەیەكی زۆر لە سەرۆكە كۆمارییەكان تێیدا ناویان هاتووە و داواكراوە ریزبەندی سەرۆكەكان لە ژمارە 1 تا 8 رێكبخرێت. 

32% پێیانوایە ترامپ باشترینە. 29% لینكۆلین و 27% رێگان-ی 40 هەمین سەرۆكیان پێ باشترە، بەڵام لە بڕگەیەكی تری راپرسییەكەدا هاتووە لەم قوناغەدا بۆ سەرۆكایەتی سیاسیەتی كام سەرۆك باشترە سەۆك دۆناڵد ترامپ یان رۆناڵد رێگان؟ لەوەڵامدا 59% ی كۆمارییەكان پێانوایە سیاسەتێكی وەك رۆناڵد رێگان باشترە.

راپرسییەكە لەكاتێكدایە، كە بابەتی ئیمپیچمێنت-ی ترامپ لەلایەن ئەنجوومەنی نوێنەرانەوە و لێسەندنەوەی متمانە لێی چۆتە هەفتەی سێیەمەوە. لەهەمانكاتدا لەسەرەتای ئەم مانگە سەرۆك ترەمپ لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ فۆكس نیوز وتی: "ئەگەر راپرسییەك بكرێت ئەوا جەماوەرێتیم لە جەماوەرێتی هەموو سەرۆكە كۆمارییەكانی پێشتر لە مێژووی ئەمریكا باشتر دەبێت".

لەلایەكی دیكەوە سەرەتای مانگی نۆڤێمبەر-ی رابردوو سەنتەری گالوب راپرسییەكی كرد لە نێو خەڵكدا، كە تایبەت بوو بە رای كۆمارییەكان 90%ی كۆمارییەكان لە كار و كردەوە و ئیدارەدانی سەرۆك ترەمپ رازین لە كۆشكی سپی-دا. هەروەها لە راپرسییەكە كەمتر لەنیوەی ئەمریكییەكان 48% سەرۆك ترەمپ-یان پێ باشە لەرووی ئیدارییەوە.

ئەبراهەم لینكۆلین، شانزەمین سەرۆكی ئەمریكا (1861-1865) یەكێكە لەو سەرۆكانەی، كە ئەمریكییەكان شانازییەكی گەورەی پێوە دەكەن، كە سەرۆكێك بووە لە پێناوی بنبڕكردنی كۆیلایەتی جەنگیوەو لەسەردەستی ئەو لە ئەمریكا كۆیلایەتی كۆتایی هات، كاتێكیش 15ی ئەپرلی 1865 تیرۆركرا، ئەمریكا رۆژی رەش و ماتەمی گشتی گێڕا. 

بەدرێژایی مێژووی رابردوو لینكۆلین یەكێك بووە لە باشترین سەرۆكەكانی ئەمریكا شانبەشانی جۆرج واشنگتن و فرانكلین رۆزفێڵت. بەڵام بەپێی توێژینەوە زانستییەكان لەگەڵ ئەم سێ ناوەدا رۆناڵد رێگان-یش بە یەكێك لەباشترین سەرۆكەكانی ئەمریكا دادەنرێت.

رۆناڵد رێگان، 40 مین سەرۆكی ئەمریكا (1981-1989)، توانی لە ماوەی گەڕی یەكەمی سەرۆكایەتییەكەیدا ئابوری ئەمریكا بەتەواوی بگۆڕێت بەشێوەیەك هەڵاوسانی ئابوری 12%ەوە كەمكردەوە بۆ 4% و بە تێكشكێنەری یەكێتی سۆڤیەتی پێشووش دادەنرێت. لەساڵی 2004 كۆچی دوایی كرد.

ئامادەكردن: لوقمان غەفور