ئەگەرەكانی دواخستنی كۆنگرەی یەكێتی بەهێزتر دەبن

کوردستان

02/12/2019‌ 2262 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: هێمن مامەند
بەمەبەستی رێككەوتن و لێكتێگەیشتن ئەگەری ئەوە هەیە ماوەی یەك هەفتە، یان زیاتر كۆنگرەی چوارەمی یەكێتی نیشتمانی كوردستان دوابخرێت.

سەرچاوەیەكی بەرپرس لەیەكێتی نیشتمانی، كە خۆی نەیویست ناوی بهێندرێت بەشارپرێسی راگەیاند، بەهۆی  بیرو بۆچوونە جیاوازەكان و ناكۆكی نێوان باڵەكان، هەروەها دواكەوتنی كۆنفراسی مەڵبەندەكان زۆر زەحمەتە كۆنگرە لەكاتی خۆی ئەنجام بدرێت.

سەرچاوەكە ئاماژەی بەوەشكرد، بەمەبەستی لێتێگەیشتن و رێككەوتن‌و چارەسەركردنی  كێشەكان ئەگەری ئەوە هەیە بۆ ماوەی یەك هەفتە، یان زیاتر كۆنگرە دوابكەوێت، بەڵام دواجار دەبێت كۆنگرە ئەنجام بدرێت.

ئەمە لەكاتێكدایە پێشتر شارپرێس بڵاویكردەوە، كە لەچەند سەعاتی داهاتوو چارەنووسی بەستنی كۆنگرەی یەكێتی نیشتمانی یەكلادەبێتەوە، كە رۆژی 7/12/2019 دیاریكراوە بۆ بەستنی كۆنگرە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی لەسەرچاوەیەكی ئاگادار دراوە بەشارپرێس مشتومڕەكانی بەستنی كۆنگرەی یەكێتی، یان دواخستنی لەنێوان ئاراستە جیاوازەكانی یەكێتی بەردەوامە.

هەر بەپێی زانیارییەكان، لەمەكتەبی سیاسی لیژنەیەك پێكهێنراوە، كە پێكهاتوون لەدلێری سەید مەجید، رەفعەت عەبدوڵڵا، عیماد ئەحمەد، ئەرسەلان بایز.

زانیارییەكان باس لەوە دەكەن، لیژنەكە لە 48 سەعاتی داهاتوو سەردانی ئاراستە جیاوازەكانی یەكێتی دەكەن‌و قسە لەسەر بەستن، یان دواخستنی كۆنگرە دەكەن.

شارپرێس ئەوەشی زانیوە، كە لیژنەكە پرسی كێشەكانی بەردەم كۆنگرە دەخاتە روو، ئەگەر توانرا ئاراستە جیاوازەكان لەسەر كێشەكان یەكلاببنەوە، ئەوە كۆنگرە لەوادەی خۆی دەبەسرێت، بەپێچەوانەشەوە ئەگەر رێككەوتن نەكرێت بڕیاری دواخستن دەدرێت.

یەكێتی نیشتمانی دەبوو لە كۆتایی 2013 كۆنگرەی چوارەمی ببەستێت، بەڵام بەهۆی كێشە ناوخۆییەكان چەند ساڵێك دواكەوت‌و ئێستاش بەتەواوی یەكلانەبووەتەوە، كە كۆنگرە لەو وادەیەی دیاریكراوە دەكرێت، یان دوادەخرێت.