گۆڕباتچۆڤ هۆشداری لەبەرپابوونی جەنگێكی ماڵوێرانكەر لەنێوان روسیا و ئەمەریكا دەدات

جیهان

03/12/2019‌ 1516 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: 
میخائیل گۆڕباتچۆڤی دواین سەرۆكی یەكێتی سۆڤێتی هەڵوەشاوە هۆشداری دەداتە هەریەك لە ئەمەریكا و روسیا لە هەڵگیرسانی جەنگێكی ماڵوێرانكەر، كە ئەگەری هەیە زیان بە هەموو مرۆڤایەتی بگەیەنێت .

گۆرباتچۆڤی ٨٨ ساڵ لەچاوپێكەوتنێكی لەگەڵ تۆری "سی ئێن ئێن "ی ئەمەریكی دەڵێت: نابێت جارێكی تر جەنگی سارد دەستپێبكاتەوە، كە بۆی هەیە ببێتە جەنگێكی گەرمی ئەوتۆ، كە هەموو مرۆڤایەتی وێران بكات، ئەوەش شتێكە نابێت ڕێگەی پێبدرێت.

ئەو سەرۆكەی پێشووی سۆڤێت هیوای خواست ئەو ڕێكەوتنانەی بۆ سنوورداركردنی چەكە ستراتیژییەكان كرابوون جارێكی تر بەگەڕبخرێنەوە بەتایبەت دوای ئەوەی لەمساڵدا مۆسكۆ و واشنتۆن لە ڕێكەوتننامەی قەدەغەكردنی چەكی ناوەكی مەودا مامناوەند و دوورمەودا كشانەوە، كە كاتی خۆی و لەساڵی ١٩٨٧ لەنێوان گۆرباتچۆڤ و رۆناڵد ریگنی سەرۆكی ئەوكاتی ئەمەریكا واژوو كرابوو.

گۆرباتچۆڤ ئومێدی خواستووە روسیا و ئەمەریكا ڕێگایەك بدۆزنەوە بۆ پێشگرتن لەروودانی هەر جەنگێكی ماڵوێرانكەر لەداهاتوودا، بەتایبەت هیچ جۆرە متمانەیەك لەنێوان ئەو دوو هێزەدا نییە و رەنگە پەیوەندییەكانیان لەخراپترین دۆخ دابێت .

لەبەشێكی تری چاوپێكەوتنەكەیدا گۆرباتچۆڤ باسی لەوە كردووە، كە دەبێت ئەمەریكا ئەزموون لەدەرچوونی یەكێتی سۆڤێت لەئەڤغانستان وەربگرێت دوای سێ دەیە مانەوە لەو وڵاتە، هەروەها دەڵێت: وانەی گەورەتر ئەوەیە، كە بەردەوامی هێزێكی گەورە لە پشتیوانیكردنی لایەنێك دژ بە لایەنەكەی تر بەواتای بەردەوامی ناكۆكییەكان و بوونی مەترسی گەورەیە لەسەر هەمووان .

وابڕیارە رۆژی پێنجشەممە فیلمێكی بەڵگەنامەیی لەسەر گۆرباتچۆڤ نمایش بكرێت، كە لەلایەن فێرنەر هێرزوگەوە دەرهێنراوە و تێیدا باس لەو جیاوازی تێروانینە دەكات كە لەسەر گۆرباتچۆڤ هەیە، بەشێوەیەك لە رۆژئاوا ئەو كەسە وەك رێبەرێكی سۆڤێتی دەبینرێت كە بووە هۆی كۆتاییهینان بە شەڕی ساردی چەند ساڵە و رووخانی دیواری بەرلین و لەبەریەكهەڵوەشاندنەوەی یەكیتی سۆڤێت   ، بەڵام لەناو رووسیادا ئەو ڕێزەی لیناگیرێت و وەك كەسێك سەیر دەكرێت كە هۆكار بووە بۆ لەبەریەكهەڵوەشاندنی یەكیتی سۆڤێت.

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی