كۆنگرەی یەكێتی تێپەڕاندنی پرۆژە یاسای چاكسازی دوادەخات

کوردستان

03/12/2019‌ 963 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: هێمن مامەند
پرۆژە یاسایی چاكسازی  لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە ئامادەیە و تا  كۆنگرەی یەكێتی نیشتمانی تەواو نەبێت نانێردرێتەوە پەرلەمان.

سەرچاوەیەكی ئاگادار، كە خۆی نەیویست ناوی بهێندرێت تایبەت بەشارپرێسی راگەیاند، ئەو لیژنەیەی، كە پێكهێنرابوو بۆ نووسینەوەی پڕۆژە یاسایی چاكسازی لەئێستادا سەرجەم كارەكانیان تەواو كردووە و پڕۆژەكە ئامادەیە بۆ ئەوەی لەئەنجوومەنی وەزیران بنێردرێتە پەرلەمانی كوردستان.

سەرچاوەكە ئاماژەی بەوەشكرد، لەسەر داوای "برادەرانی یەكێتی" و تاتەواوبوونی كۆنگرەی چوارەمی یەكێتی نیشتمانی كوردستان پڕۆژەكە راگیراوەو دوای تەواوبوونی كۆنگرە دەینێرینە پەرلەمان.

ئەمە لەكاتێكدایە رۆژی 7ی ئەم مانگە كۆنگرەی چوارەمی یەكێتی ببەسرێت، بەڵام دەنگۆ هەیە، بۆ چەند رۆژێك، یان بۆ كاتێكی دیارینەكراو دوابخرێت، كە ئەوەش كێشەیەكی تر دەبێت بۆ پەسەندكردنی پرۆژەیاسای چاكسازی.

دوو ساڵە باس لەوە دەكرێت پرۆژە یاسای چاكسازی لای حكومەتی هەرێمەو بەهۆی هەڵوێستی حیزبەكان چەند جارێك پرۆژەكە دواخراوەو نەنێراوەتە پەرلەمانی كوردستان.